کۆریای باشور و ئەمریکا ڕێککەوتنێکی نهێنی دەربارەی ئۆکرانیا ساز دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەدان هەزار تۆپخانەی کۆریای باشور لە رێگەی ئەمریکاوە بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن، ئەوەش دوای ئەوەی سیئۆل لە سەرەتادا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر پڕچەککردنی کیێڤ.
جون هاکیو، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەگەڵ پنتاگۆن گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە هەناردەکردنی تەقەمەنی، بەڵام ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بە "نادروست" ناوبرد و رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.
سیئۆل، هاوپەیمانی واشنتن و بەرهەمهێنەری گەورەی تەقەمەنی تۆپخانەیە، تا ئێستا ڕەتیکردوەتەوە هاوکاری سەربازی کوشندە بۆ ئۆکرانیا بنێرێت، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و کاریگەریی مۆسکۆ بەسەر کۆریای باکوردا، سەرەڕای زیادبونی فشارەکانی واشنتن و ئەوروپا لەسەری بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا.
دوای ئەوەی سەرۆکی باشور مانگی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆبونەوەیەکی لوتکەی ئەنجامدا، پێشکەوتنێک لە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە ئۆکرانیا هاتۆتە کایەوە.