مالیزیا نەوتی ئێران لە چین ساخ دەکاتەوە
چین کڕینی نەوت لە مالیزیا بۆ 11 هێندە بەرز دەکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
لە ئامارەکانی وڵاتی چین بڵاو کراوەتەوە کە چوار مانگە ئەو وڵاتە هیچ بڕە نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و لە بەرامبەردا هاوردەی نەوتی لە مالیزیا زۆر بەرز کردوەتەوە.
گومگری چین بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوار مانگی ئەمساڵدا هاوردەکردنی نەوت لە مالیزیا گەیشتوەتە 14 ملیۆن تەن کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو 11 هێندە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ ئێران و ڤەنزوێلا بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی دەڵڵاڵەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا نەوتەکەیان رەوانەی مالیزیا دەکەن و لەو وڵاتەوە بۆ چین هەناردە دەکرێت.
ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە؛ جگە لە پێدانی پارەی دەڵڵاڵەکان، ئێران هەر بەرمیلێک نەوت بە 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی و بازاڕەکان بە چین دەفرۆشێت.
پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی و گەڕانەوە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، چین تەنها بڕی 27 هەزار تۆن نەوتی لە مالیزیاوە هاوردە کردوە کە ئەو بڕە ئێستا گەیشتووتە زیاتر لە 14 ملیۆن تۆن.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکان؛ ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە نزیکەی 960 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین کردوە کە دەکاتە 15 ملیۆن و 700 هەزار تۆن.
چین بۆ ئەوەی تۆمەتەبار نەکرێت بە جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئامارەکانی کڕینی نەوت بڵاو ناکاتەوە و زیاتر لە سێ ساڵیشە هیچ ئامارێکی فەرمیی گومرگی ئێران فرۆشی نەوتی نەخستوەتەڕو و تەنها لە رێگەی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بڕی فرۆش و ساخکردنەوەی نەوتی وڵاتەکە ئاشکرا دەبێت.