ئیسرائیل کۆگای چەک و تەقەمەنی حزبوڵڵای کردە ئامانج

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوە بۆ بە دز کردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ باکووری ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆگای چەک و چۆڵی حزبوڵڵای لوبنانییان کردووەتە ئامانج.

دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ١٩ی شوبات لە وتوێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " ئێمە زانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حزبوڵڵا دزەی کردووەتە خاکی ئیسرائیل و لە نزیک شاری تەبەرییە بینراو و توانیمان بیخەینە خوارەوە. لە وەڵامی ئەم کارەی حزبوڵڵادا، ئێمە کۆگای چەک و چۆڵ و تەقەمەنی حزبوڵڵامان لە ناوچەی سیدا لە لوبنان کردە ئامانج".

رۆیتەرز لە زاری دانیشتوانی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی کراوەتە ناوچەکانی دەورووبەری شاری ئەلغازییە لە ٦٠ کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل و لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست.

میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە کە ئەم هێرشانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووەو لە یەکێک لەم هێرشانەدا ترۆمبێلێک کراوەتە ئامانج.

رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وەڵامی هەواڵنێری رۆیتەرزدا دەربارەی بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلەکەوە وتویەتی لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە.

لە کاتی دەستپێکی جەنگی غەزەوە ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانەوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر یەکتر.

فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام زۆر کەم روویداوە لە سنوورەکان دوور بکەونەوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی حزبوڵڵا بڵاویان کردووەتەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێردەست حیزبوڵڵای لوبنان، تائێستا ١٧٠ چەکداری حزبوڵڵا و ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری لوبنان ١٠ هاوڵاتی مەدەنی و ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان، لەوانە فەرماندەی یەکەی کۆماندۆی "رضوان" کوژران.

حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە وەڵامی ئەم هێرشانەی ئیسرائیلدا وتی، ئیسرائیل بە خوین باجی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لوبنانی ئەداتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش هەڕەشەیکرد ئەگەر هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان بە ئەنجام نەگات، لوبنان باجێکی قورس ئەدات و ئەوان ناچار ئەبن بە زۆر حزبوڵڵا لە سنوورەکان دوور بخەنەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار