بەلەمێکى کۆچبەران ژێرئاوکەوت و پێنج کۆچبەر خنکان
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەلەمێکی کۆچبەران بە ژمارەیەک سەرنشینەوە لە دەریای ناوەڕاست نقومبوو، دەگوترێت کۆچبەری ئەفریقی بوون و وەک ئاماری سەرەتایی، نزیکەی 14یان بوونەتە قوربانی.
ئەمڕۆ هەینی، کۆلۆنێل ئێدریک زەهرا، جێگری فەرماندەی سوپای ماڵتا رایگەیاند، "لە رووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەراندا لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک ماڵتا، پێنج کۆچبەر خنکان کە یەکێکیان ژنە".
وتیشی، بەلەمەکە ٣٠ کۆچبەری تێدابووەو "هەشت کۆچبەریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
هێزە دەریاییەکانی ماڵتا پێشتر لە بوونی بەلەمێک کە پڕ بووە لە کۆچبەر لە نزیک دەریای زونگوڕ لە کەناراوەکانی باشووری ماڵتا ئاگادارکرابوونەوە، پێدەچێت بەلەمەکە لە لیبیاوە هاتبێت و کۆچبەرەکانی ناوی خەڵکی میسر، ئەریتریا، غانا و سووریا بن.
ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو بەلەمە لە کاتی ھەڵمەتی رزگارکردنیدا لەناکاو ژێرئاوکەوتووە، رەنگە ھۆکارەکەی بەھۆی لەدەستدانی ھاوسەنگییەوە بوبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ساڵی رابردوو دوو هەزار و ٤٩٨کەس گیانیانلەدەستداوە، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٧٥% زیادیکردووە.
کۆماری ماڵتا وڵاتێکی ئەوروپییە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بچوکترین وڵاتە و خاوەنی بەرزترین رێژەی چڕیی دانیشتووانە .