هاوڵاتی بەریتانیا و ئەمریکا ئەو هاوڵاتییانەیان ئاگادار کردەوە کە گەشت دەکەن بۆ سوید لە ئەگەری  بوونی هێرشی تیرۆریستی لەو وڵاتە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕێنماییەکی نوێیدا بۆ گەشتکردن ڕایگەیاند ،هێزە ئەمنییەکانی سوید توانیویانە چەندین هەوڵی تیرۆرستی پوچەڵبکەنەوە و چەندین کەسیش دەستگیربکەن، هەربۆیە بەریتانیا داوای لە هاوڵاتییانی کرد ئاگادار بن لە کاتی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.  لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە لەم کاتەدا وریابن، تیرۆریستان ئەگەری زۆریان هەیە هەوڵ بدەن هێرشی تیرۆرستی لە سوید ئەنجام بدەن" بە تایبەت لەو شوێنانەی کە بیانییەکان و گەشتیاران سەردانیان دەکەن." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوید هێنریک لاندهۆڵم لە بەیاننامەیەکدا دانی بە بە گۆڕانکارییەکانی ڕێنماییەکانی گەشتکردنی بەڕیتانیادا نا، دووپاتی کردەوە کە هەڕەشەکان بۆ سەر سوید زیادیان کردووە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو چەند جارێک لەو وڵاتە قورئان سوتێنرا. وتیشی، هێرشەکەی باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق لە 19 ی مانگی حەوتدا و هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان لە 9 ی مانگی هەشتدا و هەروەها تەقەکردن لە کارمەندێکی کونسوڵخانەی سوید لە تورکیا بۆتە جێی نیگەرانیمان و هۆی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان. هاوکات  حکومەتی ئەمەریکاش هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی کە گەشت بۆ ئەو وڵآتە دەکەن ئاگاداربن لە ئەگەری ڕودانی هێرشی تیرۆریستی لە سوید. هەموو ئەمانە دوای ئەوەهات کەپەنابەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید  قورئانی سوتاند کە ئەمەش کاردانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە و موسوڵمانان بێزاری خۆیان لەو کارە دەربڕی، بەڵام ئەو کارەی پەنابەرە بە رەگەز عێراقییەکە کێشەیەکی گەورەی بۆ سوید دروست کردووە هەر لە  بە ئەندام بوونی  لە رێکخراوی ناتۆ بۆ" زیادبونی کردەوەی تیرۆرستی"بە گوێرەی تۆڕە هەواڵییەکانی ئەو وڵاتە .  

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی بە رەگەز کورد رایگەیاند، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە تورکیا دەستگیرکراوە و دەشڵێت، دووبارە سەردانی تورکیا دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە قسەکانی دژی حکومەتی تورکیا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گۆکەی ئاکبوڵوت، پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە، لەسەر دەستگیرکردنەی رایگەیاندووە، لە رۆژی 3ی ئابی 2023 لە فرۆکەخانەی ئەنتاڵیا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە تۆمەتی دروستکردنی "پروپاگەندەی تیرۆر" دەستگیرکراوە و پاش پەیوەندی کردنی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئازاد کراوە. ئاکبوڵوت بە رەگەز کوردە و لەسەر پشکی پارتی چەپی ئەڵمانیا لەساڵی 2017ەوە پەرلەمانتارە. ئاکبوڵوت نەیوتووە لەسەر چ پۆستێکی تۆرە کۆمەڵایتییەکانی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراوە بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پۆستەکە هی ساڵی 2019 بووە. بەپێی زانیارییەکانی لە وێبسایتەکەی خۆی، ئاکبوڵوت رەخنەی توند لە حکومەتی تورکیا دەگرێت "لەسەر شەڕ هەڵگیرساندنی بێبەزەییانە بەرامبەر دانیشتوانی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی سنوری" تورکیا. دوای ئازادبوونی، پەرلەمانتارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) نوسیویەتی، "لە مانگی تشرینی یەکەم سەردانی تورکیا دەکەمەوە... وەک هەمیشە وشەکانم ناگۆڕم." ئاکبوڵوتی تەمەن 40 ساڵ چەندین جار لە پەرلەمانی ئەڵمانیا داوای کردووە کە قەدەغەی سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت.

هاوڵاتی به‌رپرسانی سه‌ربازی ئۆکرانیا رایانگه‌یاند، هێزه‌کانی کیێڤ له‌به‌ره‌ی باشور ێێشڕه‌ویان کردوه‌ و هه‌ندێک له‌ خاکی داگیرکراویان کۆنتڕۆڵکردوه‌ته‌وه‌. ئەلیکساندەر تارنافسی، فەرماندەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە باشوور پەیامێکی لەبارەی پێشڕەوی هێزەکانیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵێک ناوچە و گوندیان لە سنوورەکانی باشوور و بەتایبەتی زاپۆریژیا کۆنترۆڵ کردووەتەوە. باسی لەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی رووسیا لە سنوورەکانی باشوور تا ئەوکاتەی سەرجەم خاکەکەیانیان لێ پاکدەکەنەوە. لایخۆیه‌وه‌ ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزه‌کانیان سه‌رکه‌وتنیان له‌ دو ناوچەی زاپۆریژیا بەدەستهێناوە"، به‌ڵام پەیامنێری جه‌نگی ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانیوه‌ راستی ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە. هاوکات ئەلیکساندەر تارنافسی باسی لەوەشکردووە، رووسیا لە رێگەی 36 مووشەکەوە بارەگاکانی هێزەکانی ئۆکرانیای لە باشوور و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بۆردومانکردووە، بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداو و ژمارەیەک کەسی دیکەی مەدەنی برینداربوون.

هاوڵاتی دوای 47 ساڵ لە هەڵدانی دواین کەشتیی ئاسمانی بۆ سەر مانگ، رووسیا کەشتیی لونا 25ی بە مووشەکی پێشکەوتووی سۆیوز 2 بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ هەڵدا. بڕیارە تاوەکو 16ی ئەم مانگە کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی رووسیا بگاتە خولگەی مانگ. دوای مانەوەی 5 بۆ 7 رۆژ لە خولگەی مانگ، لە 21 یان 23ی ئاب لەسەر مانگ دەنیشێتەوە.  ئامانجی سەرەکیی ناردنی کەشتییەکە، نیشتنەوەیەتی لە جەمسەری باشووری مانگ و دۆزینەوەی ئاوە تێیدا. ئەمەش دوای ئەوەی ناسا لە 2020 بوونی ئاوی لەو جەمسەرە پشتڕاستکردەوە.  رکابەریی نێوان چین و ئەمریکا لە دۆزینەوەی ئاوی سەر مانگ زیاتر دیارە بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە. ئامانجەکە رکابەریی سیاسییە لە نێوان وڵاتانی زلهێزی و وڵاتانی دیکە کە دەیانەوێت ناسناوی 'زلهێزی بۆشایی ئاسمان' وەرگرن؛ لەوانە رووسیا، هیندستان و ژاپۆن".  کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس 1.8 تۆنە و 31 کیلۆگرام کەرەستەی زانستی تێدایە. ئەگەر ناردنەکە بە گوێرەی پلان بڕوات، کەشتییەکە یەک ساڵ لەسەر مانگ دەمێنێتەوە. دڕێڵێکیش کە توانای کونکردنی 41 سانتیمەتر قووڵی هەیە، نموونەی بەرد و خۆڵی سەر مانگ دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی.

هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و رووداوەکەش قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 11ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.  هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، قوربانییەکان ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانرێت بزانرێت کە ژنن یان پیاو چونکە بەتەواوی جەستەیان سووتاوە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە قەزای دوکان بە درۆن کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani دەستیپێکردووە بەمەبەستی فشارخستەنەسەر سەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماوەی سزای رۆژنامەنوسەکە. ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنوسان و نوسەران لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بە ئامانجی ئەوەی فشار لەسەر دادگای تەمیز دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی شێروانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە. لە 20ی مانگی رابردوو شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بڕیارەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە "نادادپەروەرانە" وەسفیان کرد کە بەپێی تۆمەتەکە شێروان شێروانی لەبری هاوڕێکانی پەنجەمۆری ساختەی کردووە. ئەم بڕیارە وایکرد کە شێروان شێروانی ماوەی زیندانییەکەی درێژببێتەوە بەوپێیەی دەبوو مانگی داهاتوو ئازاد بکرایە. لە مانگی ئابی 2020 شێروان شێروانی و چەندین رۆژنامەنوس و مامۆستا لە پارێزگای دهۆک بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەو هەڵمەتە فراوانەی دروست بووە مەبەست لێی ئەوەیە تەواوی نوسەران و ئازادیخوازان و چالاکوانان لە بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنیدا بەشداربن بۆ ئەوەی فشارێکی ڕاستەقینە دروست ببێت و دەسەڵاتی دادوەریی پێداچوونەوەی جدی بە دۆسیەکەی شێروان شێروانیدا بکات.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند شەش سەربازیان لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون لە ناوچەی زاپ کە تێێدا ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەری فەرمی خۆی لە رۆژی پێنجشەممە 10ی ئابی 2023  کوژرانی پێنج سەربازی راگەیاند و ئەمڕۆش هەیینی کوژرانی سەربازیكی تری راگەیاند کە لە ناوچەی زاپ لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون. لەکاتێکدا تورکیا تەنها کوژرانی ئەم شەش سەربازەی راگەیاندووە، بەڵام پەکەکە بڵاویکردەوە کە 32 سەربازی تورکیا بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و حەوتی تریش بریندارکراون لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی یەک خێزان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.  لە راگەیاندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری روداوی کوشتنی سێ هاوڵاتی یەک خانەوادە و بریندارکردنی دوو کەسی دیکەی دەستگیرکرد." بەپێێ وتەی بەکر عەبدولکەریم، بەرێوبەری ناحیەی پیرەمەگرون، تۆمەتبارەکە لە نزیک گوندێکی ناحیەی پیرەمەگرون دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس دەکرێت تا ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.  ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە کەسێک بە چەک سێ ئەندامی یەک خێزانی لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزای دوکان کوشت. ئەو کەسانەی لە روداوەکەدا کوژران دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکان بوون.

کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا کەئێستا مەترسی گروپی ڤاگنەر لەسەر روسیا نەماوە، بەڵام ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکە، هێشتا ترسی دانەمرکاوەتەوەو دەستیکردووە بە بەهێزکردنی پاسەوانی نیشتمانی وڵاتەکەی، ئەو هێزە سەربازیەی بەرپرسە لەپاراستنی دەسەڵاتی وڵات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو راپۆرتە جیهانیانەی باس لەوە دەکەن گروپی ڤاگنەر هەزار خێمەی وەک ئامادەکاری لەنزیک سنوری ئۆکرانیا هەڵداوە. کاتێك یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کردەیەکی «یاخیبوونی» دژی روسیا ئەنجامدا، رەوانەی بیلاڕوسیا کراو لەگەڵ خۆی شەڕکەرەکانی ڤاگنەری برد، بەڵام وادیارە گروپەکە دەستیانکردووەتەوە بە خۆئامادەکردنەوە و لەنزیک سنوری ئۆکرانیا بەشێکیان جێگیربوون. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، گروپەکە شارێکی خێمەیی دروستکردووە بۆ نزیکەی هەزار شەڕکەر لەفرۆکەخانەی سەربازی زیابرۆڤکا لە بیلاڕوسیا کە تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئۆکرانیاوە دوورە. ئەم هەواڵە سەرەتا لەناوەندی بەرەنگاری نیشتمانی ئۆکرانیاوە بڵاوکرایەوە کە بەپێی ناوەندەکە ئەو کەمپە بۆ «کاروچالاکی تێکدەرانە» بەکاردەهێنرێت لەهەرێمی چێرنهیڤ، کە ناوچەیەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیادایە. پەیمانگەی لێكۆلێنەوەی جەنگ، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، دەڵێت گروپی ڤاگنەر چەندین را‌هێنانی سەربازی لەنزیک شاری برێست لە بیلاڕوسیا ئەنجامداوە. لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەنیازە هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا بەچەکی قورس پڕچەک بکات بەمەبەستی «پتەوکردنی ئاسایشی رژێمەکەی.» بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لەهەفتەی رابردوودا سەرۆکی روسیا پرۆژەیاسایەکی واژۆکردووە بۆ زیاتر پڕچەکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکردووە کە پڕچەککردنەکە خۆی دەبینێتەوە لەپێدانی چەکی قورسی وەک تۆپهاوێژو هەلیکۆپتەری هێرشکەر.  وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەوبارەیەوە دەڵێت، «ئەم هەنگاوەی [پوتن] بەهێزکردنی سەرچاوەکانی پاسەوانی نیشتمانی روسیایە تا زامنی ئاسایشی رژێمەکەی بکات.» هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز پێکهاتووەو بڕیاری بەهێزکردن و پڕچەککردنیان دوای ئەو هەوڵەی ڤاگنەر دەگەڕێتەوە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کەهەوڵیاندا سەرکردایەتی پوتن لاواز بکەن و بوونە هەڕەشەیەکی مەترسیدارو جددی بۆ سەر دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات. هەزارەها چەکدار بەسەرکردایەتی یەڤگینی پریگۆژین لە سنوری ئۆکرانیاوە گەیشتنە سنوری روسیا و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت رۆشتن و داوای ئەوەیان دەکرد بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی وڵات لاببرێن بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا. چەندین چاودێرو ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیهانی باس لەوە دەکەن کە هەرچەندە هەوڵی «کودەتاکە» زۆری نەخایاندو لەسەرەتای ساتەکانی ئەنجامدانیدا شکستیهێنا، بەڵام بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پوتن بە لاواز ببینرێت و گومان دروستبکات لە سەرکردایەتی سەرۆکی وڵاتەکە. لەکاتی پشێویەکەدا، ڤیکتۆر زۆڵۆتۆڤ، سەرکردەی پاسەوانی نیشتمانی روسیاو پاسەوانی پێشووی تایبەتی پوتن رایگەیاند، هێزەکەی بەشێوەیەکی «نایاب» لەبەرامبەر «یاخیبوانی» ڤاگنەردا وەستاوەتەوە بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەمدواییانەدا ئاشکرایکرد کە «هیچ بەڵگەیەک نییە» هێزەکەی زۆڵۆتۆڤ کردەی سەربازیی کاریگەری ئەنجامدابێت. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، لەئێستادا وادەردەکەوێت کە شەڕکەرانی ڤاگنەر بۆ کارو چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی روسیاو بیلاڕوسیا بەکاربهێنرێن بۆ فشار خستنەسەر وڵاتانی ئەوروپا. باسیش لەوە دەکرێت ئەم هەڵمەتە بۆ ئەوەیە کە فشار دروستبکرێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا تا هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بۆ ئۆکرانیا بوەستێنن. لەلایەکی ترەوە، جگە لە ئامادەکاری و پتەوکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن ڤلادمیر پوتنەوە، چەند مانگێکە زۆرێک راپۆرتی جیهانی باس لەوە دەکەن سەرۆکی روسیا لەوە دەترسێت بکوژرێت. ئالان میندۆزا، دامەزرێنەری رێکخراوی هێنری جاکسن لەبارەی ترسی پوتنەوە دەڵێت، «پێموایە ئەگەر وەک پوتن بۆ ئەو هەموو ساڵە لەدەسەڵاتدا بمێنیتەوە، دۆخی ئاساییت لەژیاندا بێمتمانەیی و گومانی زۆر دەبێت.» «زۆربەی کاتەکان هیچ کەس نازانێت پوتن لەکوێیەو لەکاتی کۆبوونەوەکانیشدا لەگەڵ راوێژکار و سەرکردە باڵاکانی سەربازی لە دوورەوە دادەنیشێت، ئەمەش هەستێک دەردەخات کە کەسانێک هەبن بیانەوێت بیکوژن، ئەمەش هەمیشە لەمێشکی پوتندایە،» میندۆزا وا دەڵێت. هاوکات دەیڤد لویز، شارەزا لەسیاسەتی جیهانی لەزانکۆی ئێکستەری بەریتانیا بە سکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە، کە «رەنگە هەندێک کەس هەبن بیانەوێت بیکوژن، دوای 25 ساڵ لەدەسەڵات، دوژمنێکی زۆرت بۆ دروستدەبێت، بەڵام بەشێکیشی تەنها خەیاڵە.» «پوتن هەمیشە هەسێکی بەهێزی نائارامی هەبووە کە رەنگە لەباکگراوندی خۆیەوە سەریهەڵدابێت کاتێک لەدەزگای سیخوری کەی جی بی سۆڤیەتی جاران بووە یان لە داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە سەریهەڵدابێت،» لویز وا دەڵێت. پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئێکستەر دەشڵێت، سەرۆکی روسیا بڕوایوایە کە ئەوە ئەرکی خۆیەتی «هەژمونی رۆژئاوا لەسیاسەتی نێودەوڵەتی تێکبشکینێت و روسیا گەورە بکاتەوە»، بۆیە سەرسوڕهێنەر نییە کە باوەڕی وابێت دەزگا ئاسایشییەکانی رۆژئاوا، دەزگای هەوڵگری ئۆکرانیاو تەنانەت رکابەرەکانی لە روسیاش پیلانی ئەوەیان هەبێت کە دژی ئەو کاربکەن و بیانەوێت بیکوژن. هاوکات مارک گالیۆتی، بەڕێوەبەری رێکخراوی مایاک ئینتێلەجنس، دەڵێت کە رەنگە ئەو ترسەی پوتن لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە رووخانی یان کوژرانی پوتن «ئەنجامی حەتمی هەموو دەسەڵاتێکی رەها و سیستەمێکی خۆخۆرییە.»  

هاوڵاتی مەلاکەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە پلانێکی بۆ دارێژراو دوو گەنج لیی نزیک بوونەتەوە بەمەبەستی بانگێشتکردنی بۆ جێیەک بەڵام دواتر بە دەمانچە تەقەیان کردووە و سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم شکور دەڵێت، لە کاتژمیر 1:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیەک لە مەڵبەندی حەمرین لە دووزخورماتوو هاتووەتەوە دەرەوە و دوو گەنج نزیکی بونەتەوە، پاشان بانگێشتیان کردووە بۆ کردنەوەی مەڵبەندێک و ئەو پێی راگەیاندوون کە ناتوانێت بێت، بۆیە بووەتە دەمەقاڵێیان و دوو گەنجەکە سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم باس لەوەش دەکات، گەنجەکان تەمەنیان کەم بوو، دوای ئەوەی "من رەتم کردەوە بچم لەگەڵیان کە نەمدەنایسن، دواتر ئەوان چوونە دواوە و دەمانەچەیان راکێشا و سێ فیشەکیان نزیک من تەقاند بەڵام پاسەوانەکانم نەیانهێشت و دەمانچەکانیان لیوەرگرتن." ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە بە "موئامارە دەزانم و لێی بێدەنگ نابم چونکە کارێکی پلان بۆدارێژراو بووە و رێکاری یاسایی دەگرمەبەر." لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتباران دەدەن کە یەکێکیان بریندارە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ژنێک لە ماڵی باوکیدا لە قەڵادزێ لەلایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژراوە و لەدوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک کە لەدایکبوی ساڵی 1991، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری سێ فیشەکی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە. پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵەکە لە ماڵی باوکیدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و هەر دوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکەیدا.

هاوڵاتی  سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی راگیران بەهۆی ئەوەی کارمەندەکانی هێڵەكە ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. بەهۆی مانگرتنەکەوە، ژمارەیەک گەشتی ناوخۆیی لە فرۆکەخانەی بەغداد هەڵوەشاونەتەوە و کارمەندەکانی هێڵەکە داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن.  

ڤانە باهیر باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟ باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە. هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟ باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن. هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟ باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی  کاردەکەن؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد. هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ  خوێندنی کوردی؟! باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە. هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟! باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە. هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم. هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟! باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و  پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو  پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن  و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.

هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.

هاوڵاتی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە دەستی کرد بە گواستنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ کەشتییەکی  گەورەی نیشتەجێبوون لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ پاشەکەوتکردنی پارە و لابردنی ئەو فشارەی لەسەر هۆتێلەکانە بە هۆی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە قاچاخ دەچنە وڵاتەکەوە.   میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئێوارەى دوێنێ بەریتانیا بڕیارێکی دژی پەنابەران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکەم کاروانى پەنابەرانى گواستەوە بۆ ناو کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم، کە لەناو دەریادا دەمێنێتەوە وا بڕیارە تا داواى مافی مانەوەیان لەو وڵاتە یەکلایی نەکرێتەوە ئەوا نەتوانن بگەڕێنەوە بەریتانیا. لە ئێستادا 15 کۆچبەر نیشتەجێکراون لە بەلەمی بیبی ستۆکهۆڵمدا هاوکات  شێرڵ ئاڤێری، بەڕێوەبەری شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند  لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر پەنابەر نیشتەجێی بەلەمەکە دەکرێت. هاوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سارا داینس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کەشتییەکە پەیامێک دەنێرێت کە بەریتانیا " شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو پێشکەش دەکات بەڵام شاهانە نییە." وتیشی،  چاوەڕوان دەکرێت کۆچبەران بۆ ماوەی سێ بۆ نۆ مانگ لە بەلەمەکەدا نیشتەجێبن تا کاتی یەکلابونەوەی داوای پەنابەریتییان لەو وڵاتە. یەکێکی تر لە ڕێوشوێنەکانی بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسای بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە  کۆچبەران دەگوازێتەوە بۆ شوێنە سەربازییە بەکارنەهێنراوەکان و بەلەمەکانی وەک بیبی ستۆکهۆڵمی سێ نهۆمی خۆڵەمێشی لە پۆرتلاند کە دەتوانێت نزیکەی 500 کەس بگرێت و  زیاتر لە 200 ژووری نوستنی تێدایە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا بەریتانیا لەگەڵ پێنج وڵاتى ئەفریقا لە دانوستاندان بە مەبەستى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانیان، کە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە. بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار پەنابەر لە هۆتێلەکاندا دەژین حکومەتی بەریتانیا دەڵێت دەڵێت  خەرجی هۆتێلەکان ڕۆژانە زیاترە لە 6 ملیۆن پاوەند (7.6 ملیۆن دۆلار) .