ئەنتۆنی بلینکن: لە سودان هێرشکراوەتە سەر کاروانێکی دیپلۆماسی ئەمریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کاروانێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە سودان کەوتۆتە ژێرمەترسییەوە لە هێرشێکی ئاشکرادا لەلایەن چەکدارانی پەیوەندیدار بە هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودانەوە، بلینکن ئەم ڕوداوەی بە " بێڕەوشتی" و " بێ بەرپرسیار " ناوبرد.
بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەی کارویزاوای ژاپۆن کە لەوێ ئامادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت بوو ڕیگەیاند،"دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە دوێنێ کاروانێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا تەقەی لێکرا".
وتیشی،"من زۆر بە ڕوونی گوتم هەر هێرشێک، هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دیپلۆماتکارەکانمان بە تەواوی قبوڵ ناکرێت."
بلینکن لە بارەی تەندروستی هاوڵاتییەکانیانەوە گوتی، "هەموان سەلامەتن و بەدڵنیاییەوە نیگەرانییەکی قووڵمان هەیە سەبارەت بە ژینگەی ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی چونکە کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دیپلۆماتکاران هەیە، هەروەک چۆن کاریگەری لەسەر کارمەندانی فریاگوزاری دەبێت."
هاوکات ڕووداوەکە بووە هۆی ئاگادارکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بلینکنەوە، کە بە جیا تەلەفۆنی لەگەڵ ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان داگالۆ ناسراو بە هێمێدتی و سەرۆکی سوپای سودان ژەنەڕاڵ عەبدول فەتاح بورهان کرد بۆ ئەوەی پێیان بڵێت هەر مەترسییەک بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا دروست بکرێت قبوڵ ناکرێت.
بلینکن ئاماژەی بەوەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەماهەنگیی و گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر سودان هەیە، لەوانە ئیمارات و سعودیە و بەریتانیا و هەروەها یەکێتی ئەفریقا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.
جێگەیباسە شەڕو پێکدادانەکان لە سودان تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 185 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 1800 کەسی دیکە و پێکدادانەکان بەردەوامن سەرەڕای چەندین داواکاری ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هەروەها هەوڵەکانی میسر و ئیمارات بۆ ئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.