دۆناڵد ترەمپ: جیهان دەتەقێتەوە و ئەمریکا هیچ قسەیەکی نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی پێشوی ئهمریكا سوكایهتی به ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا كرد و تۆمەتباری کرد بەوەی کە له سەردانەکەیدا بۆ پەکین، پاکانە و خۆی ڕادەستی خواستەکانی شی جینپینگ، هاوتا چینییەکەی کردوە.
ئیمانوێل ماکرۆن ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند دەبێتەوە دوای ئەو لێدوانانەی کە تیایدا داوای لە یهكیهتی ئەوروپا کرد "ملکەچی" ئەمریکا یان چین نەبێت لەسەر پرسی تایوان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، "ماکرۆن کە هاوڕێیەتی، بەخێرایی بەرەو چین دەڕوات".
ترەمپ، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە سەرکردایەتی ئەمریکا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زۆر لاوازکردوە، تا ئەو ئاستەی پشتیوانی هاوپەیمانە هەمیشەییەکانی لەدەست بدات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "لهم جیهانەدا هەمو شوێنێک شێتانە دەتەقێتەوە، ئەمریکاش هیچ قسەیەکی نییە"، وتیشی، "لە دڵی خۆمدا گوتم باشە فڕەنسا ئێستا دەچێتە چین".
5ی ئهم مانگه، ئیمانوێل ماکرۆن به سهردانێكی سێ رۆژه گهیشته چین و داوای لەو وڵاته کرد رۆڵ بگێڕێت لە راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا و گەیشتن بە ئاشتی، هەروەها داوای گفتوگۆی رۆژئاوا و چینی کرد.