بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە تێکساس 18 هەزار مانگا مرداربوونەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نزیکەی 18 هەزار مانگا بەهۆی تەقینەوەیەک لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداری لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا لەنێوچوون و کرێکارێکی کێڵگەکەش بریندار بوو.
کۆمیسیاری کشتوکاڵی ویلایەتی تێکساس سید میڵەررۆژی هەینی ، لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە لەدوای تەقینەوەکە، ئاگر لە کێڵگەکانی ساوس فۆرک لە نزیک شارۆچکەی دیمیتی تێکساس کەوتووەتەوە، رووداوەکەشی بە "خوێناویترین لە مێژووی تێکساس" ناوبرد.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی کارگەیەکی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە شارۆچکەی دیمیتی ویلایەتەکە، 18 هەزار مانگا مرداربوونەوە و جوتیارێکیش برینداربووە و زیانێکی زۆریش بەر ناوچەکە کەوت.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساس باسیان لەوەکردووە، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئەگەری هەیە یەکێک لە ئامێرەکانی لابردنی پەین لە کارگەکەدا گەرمبوبێت و دواتر بووبێتەوە هۆی تەقینەوەکە.
پۆلیسی ناوچەکەش سەبارەت بە داخستنی رێگاکانی نزیک کارگەکە رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و سەلامەتی هەموو لایەک، گشت رێگاکانی چوونە نێو کێڵگەکە داخراون.
لای خۆیەوە، پەیمانگەی چاودێریکردنی ئاژەڵان لە ئەمریکا لە تویتێکدا لەبارەی رووداوەکەی تێکساسەوە نووسی، "دەبێت ئەوانەی چاودێریی کێڵگەکان دەکەن کاری زیاتر بۆ پاراستنی ئاژەڵان بکەن، ئەویش لە رێگەی فەراهەمکردنی رێکاری سەلامەتیی پەیوەست بە ئاگر کەوتنەوەوە."