واشنتۆن پۆست: گەنجێکی 20 ساڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکای بڵاوکردۆتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی لە پشت دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازییە نهێنییەکانی ئەمریکاوە بوە، لە بنکەیەکی سەربازیدا کاردەکات و نهێنییە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە گروپێکی ئۆنلاین بڵاوکردوەتەوە وتەمەنی تەنها بیست ساڵە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوکردەوە، دزەپێکردنی بهڵگهنامهكان لەسەر گروپی چات بوە لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد، کە تێیدا بەڵگەنامەکان دەرکەوتون و ئەو پلاتفۆرمە لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ دابینکردنی هەر زانیارییەک.
رۆژنامەکە قسەی لەگەڵ ئەندامێکی گروپەکە کردوەو ئەوەی بڵاوکردۆتەوە کە "یەکێک لە بەشداربوان کە بە "ئۆ جی" ناسراوە، لە کۆبونەوەیەکی نزیکەی بیست کەسیدا لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد پەیامێکی بڵاوکردەوە کە کورتکراوە و زاراوەی سەیر و سەمەرەی تێدابو".
وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەو بڵگەنامانە دەستپێکرد دوای ئەوەی پنتاگۆن ئاماژەی بەو بابەتە کرد کە بە یەکێک لە زیانبەخشترین بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی ئەمەریکا بێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا.
هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا باسلەوەشکراوە کە وێنەی بەڵگەنامە هەستیارەکان لەسەر دیسکۆرد و پلاتفۆرمەکانی دیکە بڵاوبونەتەوە لەوانە بۆردی نامەگۆڕی ئینتەرنێتی 4Chan، ئەپی تەلەگرام و تویتەر.
لە ئێستادا دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و وەزارەتی داد لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی ئەو بڵگەنامانە دەکەن لە ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دیکە بە ئۆکرانیاشەوە.