نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ناوەڕاستی ساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن پێش چین دەکەوێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتوانی هیندستان لە چین زیاتر بێت بە بڕی 2.9 ملیۆن کەس تا ناوەڕاستی ساڵی 2023.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان "UNFPA"، پێشبینی دەکات تا ناوەڕاستی ساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن پێش چین بکەوێت و ببێتە جەنجاڵترین وڵاتی جیهان.
سندوقەکە بە ناونیشانی ''هەشت ملیار ژیان، ئەگەرە بێ کۆتاکان: بابەتی ماف و هەڵبژاردن'' راپۆرتی رەوشی ژمارەی دانیشتوانی جیهانی لە ٢٠٢٣دا بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت هیندستان لە ناوەڕاستی ساڵدا بە جیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن پێش چین بکەوێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی بگاتە یەک ملیار و ٤٢٨ ملیۆن کەس.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ هەشت وڵاتی جیهان لەوانە؛ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نێجیریا، پاکستان، فلیپین و تانزانیا تێکڕای نیوەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێکبهێنن.
باس لەوەیشکراوە لە ساڵی ١٩٥٠ەوە تا ئێستا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی داتاکانی پەیوەست بە ژمارەی دانیشتوان، ئەوە یەکەمجارە ژمارەی دانیشتوانی هیندستان پێش چین دەکەوێت.
لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا، ئەمە جاری یەکەمە ژمارەی دانیشتوانی چین پاشەکشە بکات
ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٨٠٠ هەزار کەسی کەمی کرد کە ئەوەیش یەکەمجارە لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا پاشەکشە بکات.
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی چین لە ٢٠٢١دا، یەک ملیار و ٤١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بووە.
لە راپۆرتی ''چاوەڕوانییەکان لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٢دا'' کە لە فەرمانگەی ئابووریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە بچێتە قۆناغی کەمبوونەوەی رەها و ژمارەی دانیشتوانی هیندستانیش بەردەوام بێت لە هەڵکشان و وەک جەنجاڵترین وڵاتی جیهان پێش چین بکەوێت.