ئۆکراینا: "لە هێرشێکی مووشەکیی رووسیا بۆ سەر سلۆڤیانسک نۆ کەس کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ڕۆژی هەینی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری سلۆڤیانسکی ئۆکراینا، 9 کەس کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسی ئیدارەی سەربازییی ناوچەی دۆنێتسک، پاڤێل کیریلەنکۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە کە نزیکەی کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوخۆ رووسیا بە مووشەکی S-٣٠٠ ھێرشی کراوەتە سەر شاری سلۆڤیانسک.

کیریلەنکۆ ئاماژەی بەوە داوە کە لە هێرشەکاندا پێنج باڵەخانە و پێنج خانوو زیانیان بەرکەوتووە و رایگەیاندووە: "زانراوە تا کاتژمێر ١٨.٠٠ 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21ی دیکەش برینداربوون".

پاڤێل کیریلەنکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەنگە حەوت کەس لەناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا بن کە پێشبینی دەکرێت یەکێکیان منداڵێک بێت و رایگەیاندووە، تیمەکانی تەندروستی و گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە کارەکانیان لە شوێنی رووداوەکە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە که رووسەکان "بە شێوەیەکی دڕندانە" شاری سلۆڤیانسکیان بۆردومان کردووە و رایگەیاندووە: "ئەوان ماڵەکانیان کردووەتە ئامانج. بەداخەوە بریندار و کوژراویش هەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار