بانکی نیشتیمانیی سویسرا لە ساڵی رابردودا گەورەترین زیان تۆمار دەکات کە لە یەک سەدە و نیوی ئەو ولاتە هاوشێوەی نەبوە . بە پێی راپۆرتی سەرەتایی ساڵی 2022 کە بانکی نیشتیمانیی وڵاتی سویسرا بڵاوی کردوەتەوە کە لە ساڵی رابردودا بانکەکە 143 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە و ئەوەش بە گەورەترین زیانی 155 ساڵی رابردوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت. راپۆرتەکە هۆکاری ئەو زیانە گەورەیەی گەڕاندوەتەوە بۆ دابەزینی بەهای پشکەکان و دابەزینی بەهای دراوی فرانکی سویسری بەرامبەر دراوەکانی دیکەی جیهان. بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەوە، حکومەتی سویسرا خۆی بەدورگرتوە لە وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک لە بانکی نیشتیمانیی وڵاتەکەی لە کاتێکدا لە ساڵی رابردودا شەش ملیارد و 500 ملیۆن دۆلاری لە بانکەکە وەرگرتبو.
هاوڵاتی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریخست، چینی پارێزەری ئۆزۆن بە خێرایی چاک ئەبێتەوە،ئەمەش لەماوەی ٤٣ ساڵدا ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەسەر ئاستی ناوچەی جەمسەری باشور درووستبووە بەتەواوی چاک دەکاتەوە. ڕاپۆرتەکە ڕۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکی لە شاری دینڤەر خرایە ڕوو وباسی لێوەکرا، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەی ئۆزۆن وردە وردە بەردەوامە، هەروەها تا ساڵی ٢٠٤٠ ئاستی چڕی ئۆزۆن ناگەڕیتەوە ئەو دۆخەی کە پێش ساڵی ١٩٨٠ هەیبوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ چاکبونەوەی چینی ئۆزۆن لەئاستی جەمسەری باکورد کاتێکی زیاتری پێویستە وتاساڵی ٢٠٤٥ دەخاێنێت. هاوکات پۆل نیومان، سەرۆکی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکە ودۆخی ئۆزۆن ڕایگەیاند، ئێمە گۆڕانکاریەکان وچاکبونەوەی کونەکانی ئۆزۆن دەبینین، هەروەها چینەکانی وەک ستراتۆسفیر کەدەکەونە سەروو چینی ئۆزۆنەوە ئەوانیش گۆڕانکاریان تێدا دەرکەوتووە. لەبارەی ئەو کونە گەورەیەی چینی ئۆزۆن لەسەر ئاستی جەمسەری باشور، ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە چاکبونەوەی ئەو کونەی ئۆزۆن تا ساڵی ٢٠٦٦ دەخاینێت. ئەم هەڵسەنگاندنەی دۆخی ئۆزۆن و ئاستی بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەکەی هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەمساڵ وڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەریخست کە پڕۆسەی چاکبونەوەی ئۆزۆن پێشکەوتنی بەخۆوە دیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی ٣٥ ساڵە وڵاتانی جیهان ڕێکەوتنیکیان ئەنجامداوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەهێنان وکردنە دەرەوەی گازە ژەهراویەکان بۆناو چینی بەرگەهەوا. چینی ئۆزۆن بەرزیەکەی لە ناو بەرگەهەوادا ٣٠کیلۆمەترە، ئەو چینەی بەرگەهەوا زەوی لەتیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێت، ئەو تیشکانە مەترسی تەندرووستی لەسەر مرۆڤ درووست ئەکەن لەوانەس شێرپەنجەی پێست.
هاوڵاتی پاکستان لە کۆبونەوەکەی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جنێف ڕایگەیاند، خیرخوازان وڕێکخراوە داراییەکان بەڵینیان داوە کە ٨ ملیار دۆلار هاوکاری وەک قەرەبوو بۆ زیانی لافاوەکەی ساڵی ڕابردووی پاکستان تەرخان بکەن. رۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جنێف، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وئەنتۆنی گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی پاکستان کرد کە بەهۆی لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانی لیکەوتەوە، پاکستان داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ دابینکردنی نیوەی تێچووی قەرەبووی زیانەکان کە کۆی گشتی ١٦ ملیار دۆلارە. لە کۆبونەوەکەدا ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و مرۆییەکان، بەڵێنی دابینکردنی ٨ ملیار دۆلاریان بەپاکستان دا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو لافاو و زریانیکی بەهێز وڵاتی پاکستانی گرتەوە ونزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا، هەروەها نیو ملیۆن کەسیش کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریەوە.
هاوڵاتی سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتەنبێرگ دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە سوید ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ چونکە ئەوەی پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی ڕەزامەندی تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەنجام داوە. ئەمڕۆ دوشەممە، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە سوید بچێتە پاڵ ناتۆ چونکە ئەوەی پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی ڕەزامەندی تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەنجام داوە. ستۆلتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی ئەفتۆنبلادتی سویدی گوت: "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بە پرۆسەی پەسەندکردنی سوید بهێنرێت". لە مانگی ئایاردا سوید و وڵاتانی دراوسێی فینلاند سیاسەتی دوورودرێژی سەربازییان لە بێلایەنی سەربازیدا کۆتایپێهێناوداوایانکرد بچنە پاڵ ناتۆ لە دوای داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا. ئەم هەنگاوە پێویستی بە ڕەزامەندیی یەکدەنگی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەیە کە یەکێک لەوان تورکیایە هاوکات تورکیا فشاریخستۆتە سەر ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی کە بە تیرۆرست ناویان دەبات . مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند سوید لە نیوەی ڕێگەشنییە بۆ مسۆگەرکردنی پاڵپشتی عەنقەرە ، ئەم قسانەی دوای ئەوە هات کە دادگایەکی سویدی دژی ڕادەستکردنەوەی ڕۆژنامەنووسێک بڕیاریدا کە لەلایەن تورکیاوە داواکرابوو بە تۆمەتی پەیوەندی بە کودەتایەکی شکستخواردووی ساڵی 2016ەوە. لە کۆتایدا سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند ،" من دڵنیام سوید دەبێتە ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڵام ناتوانم کاتێکی دیاریکراو بڵێم و پڕۆسەی بوون بە ئەندامبوون پڕۆسەیەکی دورو درێژە و چەند ساڵ دەخایەنێت". جێگەیباسە، پەرلەمانتارانی 28 وڵاتی ناتۆ پێشتر ئەندامێتی سوید و فینلاندیان پەسەندکردووە تورکیا و هەنگاریا تاکە ئەندامن کە تا ئێستا ڕەزامەندیان نەداوە.
هاوڵاتی لە هێرشێکی مووشەکیی سوپای رووسیادا بۆسەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ سەربە قەزای کوپیانسکی لە ناوچەی خارکێڤ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کەسێک گیانی لەدەست دا و حەوتی دیکەیش برینداربوون. کیریلۆ تیمۆشینکۆ جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی رووسیا هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ و مووشەکەکان لە بازاڕی ناحیەکە کەوتوونەتە خوارەوە. وتیشی، لە هێرشەکەدا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لەسەر کارەکانیان. هاوکات،سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی ناوچەی خارکێڤ (پارێزگار)، ئۆلیگ سینیگوبۆڤ لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە لەنێو بریندارەکاندا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان هەیە. نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیاش باسی لەوە کرد کە پێشبینی دەکەن هێرشەکە لە رێگەی سیستمی مووشەکیی S-300ەوە ئەنجام درابێت.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا و وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاشکرایانکرد لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازادکران. لەوبارەیەوە سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، ئاندرێ یەرماک لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند ٥٠ سەربازی ئۆکراینی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئازادکراون. یەرماک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دوایین دیل گۆڕینەوە نابێت و گوتی: “ئەرکمان، گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییەکانمانە و ئەمە جێبەجێ دەکەین”. هاوکات بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ٥٠ سەربازی رووسی لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی ئازادکراون. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەش روونکراوەتەوە کە سەربازەکان بە فڕۆکەی وەزارەتەکە گەیەندراونەتە مۆسکۆی پایتەخت و چارەسەری پزیشکی و دەروونییان پێشکەش کراوە. جێگای ئاماژەیە دوایین گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرابوو.
هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی ماڵپهڕی جیۆی فهرهنسی، باس لەوە كراوه، شێرپهنجهی خوێن، شێرپهنجهی لیكهڕژێنی دهرهقی، نهخۆشی باركنسۆن و چهندین جۆری دیكهی نهخۆشی خراونهته پاڵ ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا. لهوهتهی ههڵگیرساندنی جهنگی ئۆكرانیا له 24ـی شوباتی 2022ـهوه، لهبارهی تهندروستی پوتنهوه، پڕوپاگهندهی زۆر بڵاودهبنهوه، له بههاری ساڵی رابرودوش هەواڵێک لەبارەی خراپی تەندروستی پۆتن بڵاوکرایەوە بەڵام دواتر لاڤرۆڤی وهزیری دەرەوە ڕەتیکردوە لهبارهی جێگرهوهی سهرۆكی رووسیا، ئهو ماڵپهڕه باسی لهوه كردووه، به پێی ههمواری دهستووری رووسیا له ساڵی 2020، خولهكانی سهرۆكایهتی پوتن سفربوونهتهوه و دهستوور رێگهی به پوتن داوه تا ساڵی 2036 بمێنێتەوە ئهو ماڵپهڕه فهرهنسییه ئاماژە بەوە کردوە، ئهگهر پوتن له دهسهڵات كشایهو، نەما بەپێی مادەی چوارهمی ماددهی 92ـی دهستووری رووسیا، سهرۆك وهزیران دهسهڵاتهكه دهگرێته ئهستۆ، سهرۆك وهزیران دهتوانێت ڕاستەوخۆ بچێته شوێنی ، ئهگهر پۆتن بیهوێت كهسێك له شوێنهكهی خۆی دابنێت و جێی متمانهی ئهو بێت، ڕاستەوخۆ ناوی نیكۆڵای باترۆشیڤ سهرۆكی ئێستای ئهنجوومهنی ئاسایشی رووسیا دێته یادی رووسهكان، جگە له وهزیری بهرگری سێرگی شویگۆ باشترین بژاردهی پوتنه، ئهو ماڵپهره فهرهنسییه پێیوایه، نیكۆلای باترۆشیڤ دهستهڕاستی ڤلادیمیر پوتنه
هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل هێرش دەکەنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ودادگای باڵا وکۆنگرێس. لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیمەنی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وکۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا لەلایەن لایەنگرانی جاییر بۆلڵسۆنارۆ دەردەکەوێت کە بەسەر دیوارەکان وبەربەستەکانی بیناکاندا سەردەکەون وپەنجەرەو کەلوپەلەکان دەشکێنن. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، کە ڕووداوەکە لەرۆژی یەکشەممەدا روویداوە کاتێک کە یاسادانەران وبەرپرسەکانی دیکە لەکاتی دەوامدا نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگرانی جایر بۆلسۆنارۆ شەقامەکانیان داخستووە و ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکان بەرداوە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای سەرۆکی نویی بەرازیل، لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆ پێیان وایە ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش هاوشێوەی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکایە لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە کە گوایا ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
هاوڵاتی ئۆکرانیا ئەو بانگەشەیەی ڕووسیا ڕەت ئەکاتەوە کە دەڵێت لە یەک هێرشی موشەکیدا ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیمان کوشتووە،هەروەها بە " پڕوپاگەندە" ناوزەندی ئەکات. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، بانگەشەی ئەوەی کرد لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو دەیان سەربازەی ڕووسیا کە لەشەوی سەری ساڵ کرانە ئامانج، ڕووسیا لە کۆمەڵێک هێرشی موشەکیدا بۆسەر دوو باڵەخانە کە سەربازانی ئۆکرانیا لە شاری کراماتۆرسکی تێیدا نیشتەجێبوون، نزیکەی ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیایان کوشتووە. دوابەدوای بانگەشەی مۆسکۆ سەبارەت بەو هێرشە موشەکیانە و کوشتنی ئەو ژمارە سەربازە، وتەبیژی سوپای ئۆکرانیا سێرهی چێرێڤاتی ڕاستەوخۆ بانگەشەکەی ڕەتکردەوە وڕایگەیاند، ئەمە بەشێکی دیکەی پڕوپاگەندەکانی ڕووسیایە. وەزارەتی بەرگری رووسیا وتیشی، لەو دوو باڵەخانەیەدا نزیکەی هەزار و٣٠٠ سەربازی ئۆکرانی هەبوون،هاوکات لەگەڵ بانگەشەی کوشتنی ٦٠٠ سەربازدا مۆسکۆ هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتە ڕوو. هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بانگەشەکەی ڕووسیا وڕەتکردنەوەی ئەو ژمارە سەربازە لەلایەن ئۆکرانیاوە، بەپێی دەزگای رۆژنامەوانی ئەی ئێف پی تەنها لە سەوی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ئاگاداری نزیکەی ٤ تەقینەوە بوون لە شاری کراماتۆرسکی ناوچەی دۆنێتسک.
هاوڵاتی ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید رایگەیاند، تورکیا هەندێک داواکاری هەیە کە سوید ناتوانێت جێبەجێیان بکات. ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی رێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی رادەربرینی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بە پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ کرد و وتی، " تورکیا لەلایەک پشتگیری لە هەنگاوەکانمان دەکات و لەلایەکی دیکەوە، باسی ئەو شتانە دەکات کە ناتوانین جێبەجێی بکەین." تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵێ رابردوو سەردانی تورکیای کردبوو، رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا، وڵاتەکەی تائێستا سێ داواکراوی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، بەڵام ناسنامەى ئەو کەسانەى ئاشکرانەکردووە کە رادەستکراونەتەوە. حکومەتی سوید له حەوتی ئازاری ئەمساڵدا، پڕۆژه یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بۆ بەتاوان ناساندنی چالاکی رێکخراوەکانی دژی تورکیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەو رێکخراوانە رەوانەی پەرلەمان دەکات. سەرەتای ساڵی رابردوو، سوید و فینلەندا بەهۆی مەترسیەکانی روسیا، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆدا کرد، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون داڵدەداوە. لە ٢٨ى حوزەیرانى ساڵی رابردوودا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد. بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، ئەو وڵاتانە چەندین داواکراوی ئەندامی پەکەکە، پارتە چەپەکان و گولەنیەکان رادەستی تورکیا بکەنەوە.
هاوڵاتی بەرپرسانی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەڵێن پۆلیسی وڵاتەکە هاوڵاتییەکی ئێرانییان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ژەهری کوشندە و سیانید و ڕیسینی دەستکەوتبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێک " کە پاڵنەرەکەی ئیسلامی " بووبێت. داواکاری گشتیی دوسڵدۆرف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەنجێکی ئێرانیی تەمەن ٣٢ ساڵان کە دانیشتووی شاری کاسترۆپ راوکسێل-ە، بەتۆمەتی دابینکردنی برێک ماددەی کیمیایی لە جۆری ریسین و سیانۆر و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی، دەستبەسەر کراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنێک بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و پسپۆڕانی پەیمانگای رۆبەرت کۆخ (RKI) بۆسەر ناونیشانی گومانلێکراوەکە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا گۆمانلێکراوە ئێرانییەکە و کەسێک کە لەگەڵیدا بووە دەستبەسەرکران و بردرانە بنکەی پۆلیس بۆ لێپرسینەوە. بەپێی دەزگاکانی هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەندامان یاخود لایەنگرانی دۆسییە ئیسلامییەکان لە ساڵی 2021 دا لە سەدا 1.5 کەمیکردووە و گەیشتۆتە 28,290 کەس، هۆکاری ئەوەشییان گەڕاندۆتەوە بۆ " دابڕانی سەربازیی " چەکدارانی ڕێکخراوی داعش. جێگەیباسە لە 19 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2016 دا ئانیس ئامری کە پەناخوازێکی تونسی بوو و پەیوەندی بە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هەبوو، بە بارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بە قەرەباڵغییەکدا لە بازاڕێکی کریسمس لە ڕۆژئاوای بەرلین و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.
هاوڵاتی ماڵپهڕیthe independent ی بریتانی راپرسییهكی لهسهر دۆخی ئێستای كابینهكهی ریشی سهناك، سهرۆك وهزیرانی بریتانیا ئهنجامداوه و بهپێی ئهنجامی راپرسیهكه، سهرۆك وهزیران و زیاتر له 15 وهزیری كابینهكهی له ههڵبژاردنهكانی بریتانیا به ئهگهرێكی زۆرهوه پۆستهكانیان بۆ نوێنهرانی پارتی كرێكاران (Labour) لهدهستدهدهن. له راپرسییهكهدا هاتوه، ریشی سهناك سهرۆك وهزیرانی بریتانیا، دۆمنیك راب جێگری سهرۆك وهزیران، ستیڤ باركڵی وهزیری تهندروستی, وەزیری دەرەوە جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری بەرگری بێن واڵاس، وەزیری بازرگانی گرانت شاپس، سەرۆکی کۆمۆنس پێنی مۆرداونت و وەزیری ژینگە ترێس کۆفی لە هەڵبژاردنی 2024 دا دەکرێت پۆستەکانیان لەدەست بدەن. باسی لەوەشکردووە، تەنها پێنج وەزیری کابینەکە - جێرمی هەنت، سولێلا بریڤەرمان، مایکڵ گۆڤ، نەدیم زاوەیی و کێمی بادنۆچ- لە دوای هەڵبژاردنی 2024ەوە دەتوانن پارێزگاری لە پۆستەکانیان بکەن. هاوکات نائۆمی سمس، بهڕێوهبهری جێبهجێكاری كۆمپانیای بێست فۆڕ بریتن، كه گروپێكه بانگهشهی بهها نێودهوڵهتییهكان و پهیوهندی نزیكتر لهگهڵ یهكێتی ئهوروپا دهكات، دهڵێت، "كابینهكهی سهناك شایهنی هیچ شتێكی نیه جگه لهوهی پێویسته تێكبدرێت". وتیشی، "بهڵام دهنگدهرانی لهرزۆك دهتوانن هێشتا دهنگیان پێبدهنهوه و بهبێ هیچ بیركردنهوهیهك له بارودۆخی ئێستا، جارێكی دیكه له پۆستهكانیاندا بیانهێڵنهوه، بۆیه رابهری پارتی كرێكاران نابێت شتهكان به رههایی ببینێت و ناكرێت بیر لهوه بكاتهوه به پشتیوانیكردن له برێگزیت پشتیوانی نوێنهرهكانی خۆی له دهستبكات".
هاوڵاتی یاریدهدهری وهزیری بهرگری ئهمریكا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لهم مانگهدا دهست به مهشق و ڕاهێنان به هێزه سهربازیهكانی ئۆكرانیا دهكات بهمهبهستی بهكارهێنانی سیستمی بهرگری ئاسمانی "پاتریۆت"، راهێنانهكانیش بۆ ماوهی چهند مانگێك بهرهوام دهبن. لۆرا كوپهر یاریدهدهری وهزیری بهرگری ئهمریكا،له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، "له كۆتایی ئهم مانگهدا دهستدهكهین به ئامادهكارییهكان بۆ بهكارهێنانی سیستمی پاتریۆت و ههر ئهم مانگهش مهشقهكان دهستپێدهكهین ." وتیشی ،"بهڵام ناتوانم وادهی دیاریكراو بۆ تهواوكردنی پرۆسهی مهشقهكان دیاری بكهم لهگهڵئهوهشدا چهند مانگێكی پێویسته مهشق و ڕاهێنان له بهكارهێنانی سیستمی بهرگری ئاسمانی (پاتریۆت) پرۆسهیهكی تاڕادهیهك درێژه و ناتوانرێت به خێرایی ئهنجامبدرێت" جێگەیباسە، سیستمی بهرگری ئاسمانی پاتریۆت له پاكێجی داهاتوی هاوكارییه سهربازییهكانی ئهمریكایه بۆ ئۆكرانیا كه له كۆتایی ساڵی ڕابردودا و له كاتی سهردانهكهی ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی بۆ واشنتن راگهیهندرا.