چین مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان تا دێت چڕدەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جووڵەکانی ئەم دواییەی تایوان چینی توڕەکردووەو ئەو وڵاتە لە ئێستادا بۆ دووەم ڕۆژ بە 42 فڕۆکەی جەنگیی جۆراوجۆر؛ هەشت کەشتیی سەربازیی بە قەبارەی گەورە و مامناوەند و دەیان یەکەی دەریایی مانۆڕێكی چڕی سەربازیی لە نزیک دوورگەکە ئەنجام دەدەن.

چین کە  تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، ڕۆژی شەممە دەستی بە مانۆڕی سەربازی کرد لە دەوروبەری دوورگەکەدا، ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە سەردانێکی کورتدا بۆ ئەمەریکا گەڕایەوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند تا نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 58 فڕۆکەی چینییان بینیوە، لەنێویاندا فڕۆکەی شەڕکەری سو-30 و فڕۆکەی بۆمبارانی H-6 و نۆ کەشتی لە دەوروبەری تایوان.

ئەوەشی ڕونکردەوە کە" ئەوان گرنگییەکی تایبەت بە هێزی موشەکی سوپای ئازادی گەلی چین دەدەن کە بەرپرسیارە لە سیستمی موشەکی چین."

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین،  باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایوان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری مانۆڕەکانی چین دەکات لە دەوروبەری تایوان و " ئاسوودە و دڵنیایە چونکە سەرچاوە و توانای تەواوی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستەبەرکردنی  ئاشتی و سەقامگیری لە دورگەکە."

هاوکات ، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردووە و لە یەکەم پەیامیدا گوتی، "سەردانی تایوان؛ ناردنی پەیامێکە بۆ پارتی کۆمیۆنیستی چین، بەوەی ئەمریکا تایوان بەهێز دەکات و پێویستە پەکین بەرلەوەی هێرش بکاتە سەر تایوان بە باشی بیر بکاتەوە."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە ڕایگەیاند" چین هێرشی ئاسمانی و دەریایی ئەنجام دەدات بۆ سەر " ئامانجە سەربازییە بیانییەکان " لە ئاوەکانی کەناری باشوری ڕۆژئاوای تایوان."

سەرچاوەکە وتیشی " تایوان تاکە ئامانجی ئەوان نییە" .

 ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، نزیکەی 20 کەشتی سەربازی، کە نیوەیان کەشتی تایوانن و نیوەیان کەشتی چینن، لە نزیک هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان وەستاون، کە چەندین ساڵە بەربەستێکی نافەرمییە لەنێوان هەردوولادا، بەڵام بە شێوەیەکی هاندەرانە هەڵسوکەوتیان نەکردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشیڕونکردەوە کەشتی فڕۆکە هەڵگری چین شاندۆنگ کە تایوان لە هەفتەی ڕابردووەوە چاودێری دەکات، ئێستا زیاتر لە 400 میل دەریایی لە کەناراوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تایوانەوە دوورە و مەشقەکان ئەنجام دەدات.

جێگەیباسە چین هەرگیز وازی لە بەکارهێنانی هێز نەهێناوە بۆ ئەوەی دوورگەکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، دەڵێت تایوان گرنگترین و هەستیارترین بابەتە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا و ئەم بابەتە سەرچاوەی گرژییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار