ئەمریکا، کۆریای باشور و ژاپۆن نیگەرانن لە چالاکییەکانی کۆریای باکور
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریکا، کۆریای باشور و ژاپۆن ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانییەکی قوڵیان دەربڕی سەبارەت بە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی کۆریای باکور بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرنامەکانی چەکسازیی وڵاتهكه.
بەرپرسان و شارەزایانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، ئەو دراوە دیجیتاڵیانەی کە لەلایەن هاککەرەکانی کۆریای باکورەوە دزراون، سەرچاوەیەکی سەرەکی بوە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بەرنامەکانی چەکی ئەو وڵاتە كه گەمارۆدراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، "بە نیگەرانییەوە پشتڕاستی دەکەینەوە کە کارمەندانی ئایتی دەرەوەی وڵات لە کۆریاوە بەردەوامن لە بەکارهێنانی ناسنامە و نەتەوەی ساختە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆکردنەوەی پارە بۆ بەرنامە موشەکییەکانی كۆریای باكور".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە لەوەی کە چۆن وڵاتان پشتگیری ئەم بەرنامانە دهكهن، لەڕێگەی دزی و سپیکردنەوەی پارە، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لەڕێگەی چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکانەوە".
نوێنەری کۆریای باشور بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکی و ژاپۆنییەکانی لە سیئۆل وتوێژی ئەنجامدا و تاقیکردنەوەکانی پیۆنگیانگی بۆ چەک شەرمەزار کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە چەندین ساڵە بەهۆی هەوڵەکانی کۆریای باکور بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان سزای قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.
سەرچاوە: Voice of America