دوای کۆتایهاتنی مانۆڕە سەربازییەکەی چین فڕۆکەو کەشتییە جەنگییەکانی لە نزیک تایوان هێشتۆتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دوای کۆتایهاتنی مانۆڕە سەربازییە سێ ڕۆژییەکەی فڕۆکە جەنگییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی چین هێشتا لە ئاوەکانی دەوروبەری تایواندان وسەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕەخنەی لە چین گرت و بە "هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانە" وەسفی کرد.
چین مانۆڕەسەربازییەکەی لە ڕۆژی شەممە دەستپێکرد وەک وڵامدانەوەیەک بۆ گەشتێکی سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ کێڤن ماککارثی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
جێگەیباسە چین هۆشداری دا بە ئەمەریکا کە ڕێگە نەدات تسای سەردانی مەککارسی بکات یان چاوی پێبکەوێت، و دەشڵێت "هەرگیز واز لە بەکارهێنانی هێز ناهێنێت بۆ ئەوەی ئەو دوورگەیە لەژێر کۆنترۆڵی چیندا بێت". حکومەتی تایوانیش بە توندی دژایەتی داواکارییەکانی چین وەستاوەتەوە.
هەرچەندە چین شەوی دووشەممە ڕایگەیاند مانۆڕە سەربازییەکەیان کۆتایهاتووە، وەزارەتی بەرگری تایوان گوتی نۆ کەشتی چینی و 26 فڕۆکەی بینیووە، کە لە ناویاندا فڕۆکەی جەنگی جەی-16 و سو-30یان تێدابووە ، لە درەنگانی بەیانی ڕۆژی سێشەممەدا لە دەوروبەری دوورگەکە سوڕاونەتەوەو لەوێ ماون.
وتیشی هێزی ئاسمانی تایوان و هێزە دەریاییەکان و تیمە موشەکییەکانی کەنار دەریا لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵی کەشتییەکان دەکەن و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە.
هاوکات درەنگانی شەوی دوشەممە سەرۆکی تایوان لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی نووسیویەتی " " نوێنەرایەتی هەرێمەکەم دەکەم بۆ جیهان و سەردانەکانم بۆ دەرەوەی وڵات، لەوانە وەستان لە ئەمەریکا، شتێکی نوێ نییە".
وتیشی "بەڵام چین ئەمەی بەکارهێنا وەک هۆکارێک بۆ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازی، کە بووە هۆی ناسەقامگیری لە تایوان و ناوچەکەدا. ئەمە هەڵوێستێکی بەرپرسیار نییە بۆ وڵاتێکی گەورەی ناوچەکە."
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕاشیگەیاند ڕۆژی دووشەممە 91 فڕۆکەی سەربازی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا فڕیوە و نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات فڕۆکەکانی چین ڕۆژی دووشەممە هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانیان تێپەڕاندووە کە بە شێوەیەکی نافەڕمی وەک هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان ئەو دوو ناوچەیە سەیردەکرێت.
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایوان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری مانۆڕەکانی چین دەکات لە دەوروبەری تایوان و " ئاسوودە و دڵنیایە چونکە سەرچاوە و توانای تەواوی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە دورگەکە."
هاوکات ، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردووە و لە یەکەم پەیامیدا گوتی، "سەردانی تایوان؛ ناردنی پەیامێکە بۆ پارتی کۆمیۆنیستی چین، بەوەی ئەمریکا تایوان بەهێز دەکات و پێویستە پەکین بەرلەوەی هێرش بکاتە سەر تایوان بە باشی بیر بکاتەوە."