هاوڵاتی ئۆکرانیا ئەو بانگەشەیەی ڕووسیا ڕەت ئەکاتەوە کە دەڵێت لە یەک هێرشی موشەکیدا ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیمان کوشتووە،هەروەها  بە " پڕوپاگەندە" ناوزەندی ئەکات. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، بانگەشەی ئەوەی کرد  لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو دەیان سەربازەی ڕووسیا کە لەشەوی سەری ساڵ کرانە ئامانج، ڕووسیا لە کۆمەڵێک هێرشی موشەکیدا بۆسەر دوو باڵەخانە کە سەربازانی ئۆکرانیا لە شاری کراماتۆرسکی تێیدا نیشتەجێبوون، نزیکەی ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیایان کوشتووە. دوابەدوای بانگەشەی مۆسکۆ سەبارەت بەو هێرشە موشەکیانە و کوشتنی ئەو ژمارە سەربازە، وتەبیژی سوپای ئۆکرانیا سێرهی چێرێڤاتی ڕاستەوخۆ بانگەشەکەی ڕەتکردەوە وڕایگەیاند، ئەمە بەشێکی دیکەی پڕوپاگەندەکانی ڕووسیایە. وەزارەتی بەرگری رووسیا وتیشی، لەو دوو باڵەخانەیەدا نزیکەی هەزار و٣٠٠ سەربازی ئۆکرانی هەبوون،هاوکات لەگەڵ بانگەشەی کوشتنی ٦٠٠ سەربازدا مۆسکۆ هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتە ڕوو. هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بانگەشەکەی ڕووسیا وڕەتکردنەوەی ئەو ژمارە سەربازە لەلایەن ئۆکرانیاوە، بەپێی دەزگای رۆژنامەوانی ئەی ئێف پی تەنها لە سەوی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ئاگاداری نزیکەی ٤ تەقینەوە بوون لە شاری کراماتۆرسکی ناوچەی دۆنێتسک.

هاوڵاتی ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید رایگەیاند، تورکیا هەندێک داواکاری هەیە کە سوید ناتوانێت جێبەجێیان بکات. ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی رێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی رادەربرینی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بە پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ کرد و وتی، " تورکیا لەلایەک پشتگیری لە هەنگاوەکانمان دەکات و لەلایەکی دیکەوە، باسی ئەو شتانە دەکات کە ناتوانین جێبەجێی بکەین." تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵێ رابردوو سەردانی تورکیای کردبوو، رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا، وڵاتەکەی تائێستا سێ داواکراوی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، بەڵام ناسنامەى ئەو کەسانەى ئاشکرانەکردووە کە رادەستکراونەتەوە. حکومەتی سوید له حەوتی ئازاری ئەمساڵدا، پڕۆژه یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بۆ بەتاوان ناساندنی چالاکی رێکخراوەکانی دژی تورکیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەو رێکخراوانە رەوانەی پەرلەمان دەکات. سەرەتای ساڵی رابردوو، سوید و فینلەندا بەهۆی مەترسیەکانی روسیا، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆدا کرد، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون داڵدەداوە. لە ٢٨ى حوزەیرانى ساڵی رابردوودا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد. بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، ئەو وڵاتانە چەندین داواکراوی ئەندامی پەکەکە، پارتە چەپەکان و گولەنیەکان رادەستی تورکیا بکەنەوە.

هاوڵاتی بەرپرسانی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەڵێن پۆلیسی وڵاتەکە هاوڵاتییەکی ئێرانییان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ژەهری کوشندە و سیانید و ڕیسینی دەستکەوتبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێک " کە پاڵنەرەکەی ئیسلامی " بووبێت. داواکاری گشتیی دوسڵدۆرف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەنجێکی ئێرانیی تەمەن ٣٢ ساڵان کە دانیشتووی شاری کاسترۆپ راوکسێل-ە، بەتۆمەتی دابینکردنی برێک ماددەی کیمیایی لە جۆری ریسین و سیانۆر و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی، دەستبەسەر کراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنێک بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و پسپۆڕانی پەیمانگای رۆبەرت کۆخ (RKI) بۆسەر ناونیشانی گومانلێکراوەکە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا گۆمانلێکراوە ئێرانییەکە و کەسێک کە لەگەڵیدا بووە دەستبەسەرکران و بردرانە بنکەی پۆلیس بۆ لێپرسینەوە. بەپێی دەزگاکانی هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەندامان یاخود لایەنگرانی دۆسییە ئیسلامییەکان لە ساڵی 2021 دا لە سەدا 1.5 کەمیکردووە و گەیشتۆتە 28,290 کەس، هۆکاری ئەوەشییان گەڕاندۆتەوە بۆ " دابڕانی سەربازیی " چەکدارانی ڕێکخراوی داعش. جێگەیباسە لە 19 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2016 دا ئانیس ئامری کە پەناخوازێکی تونسی بوو و پەیوەندی بە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هەبوو، بە بارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بە قەرەباڵغییەکدا لە بازاڕێکی کریسمس لە ڕۆژئاوای بەرلین و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.

هاوڵاتی ماڵپه‌ڕیthe independent ی بریتانی راپرسییه‌كی له‌سه‌ر دۆخی ئێستای كابینه‌كه‌ی ریشی سه‌ناك، سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا ئه‌نجامداوه‌ و به‌پێی ئه‌نجامی راپرسیه‌كه‌، سه‌رۆك وه‌زیران و زیاتر له‌ 15 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی بریتانیا به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ پۆسته‌كانیان بۆ نوێنه‌رانی پارتی كرێكاران (Labour) له‌ده‌ستده‌ده‌ن. له‌ راپرسییه‌كه‌دا هاتوه‌، ریشی سه‌ناك سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا، دۆمنیك راب جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ستیڤ باركڵی وه‌زیری ته‌ندروستی, وەزیری دەرەوە جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری بەرگری بێن واڵاس، وەزیری بازرگانی گرانت شاپس، سەرۆکی کۆمۆنس پێنی مۆرداونت و وەزیری ژینگە ترێس کۆفی لە هەڵبژاردنی 2024 دا دەکرێت پۆستەکانیان لەدەست بدەن. باسی لەوەشکردووە، تەنها پێنج وەزیری کابینەکە - جێرمی هەنت، سولێلا بریڤەرمان، مایکڵ گۆڤ، نەدیم زاوەیی و کێمی بادنۆچ- لە دوای هەڵبژاردنی 2024ەوە دەتوانن پارێزگاری لە پۆستەکانیان بکەن. هاوکات نائۆمی سمس، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای بێست فۆڕ بریتن، كه‌ گروپێكه‌ بانگه‌شه‌ی به‌ها نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندی نزیكتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، ده‌ڵێت، "كابینه‌كه‌ی سه‌ناك شایه‌نی هیچ شتێكی نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ تێكبدرێت". وتیشی، "به‌ڵام ده‌نگده‌رانی له‌رزۆك ده‌توانن هێشتا ده‌نگیان پێبده‌نه‌وه‌ و به‌بێ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بارودۆخی ئێستا، جارێكی دیكه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندا بیانهێڵنه‌وه‌، بۆیه‌ رابه‌ری پارتی كرێكاران نابێت شته‌كان به‌ ره‌هایی ببینێت  و ناكرێت بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ به‌ پشتیوانیكردن له‌ برێگزیت پشتیوانی نوێنه‌ره‌كانی خۆی له‌ ده‌ستبكات".  

هاوڵاتی  یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕایگەیاند وڵاتەکەی له‌م مانگه‌دا ده‌ست به‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئۆكرانیا ده‌كات به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی سیستمی به‌رگری ئاسمانی "پاتریۆت"، راهێنانه‌كانیش بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌ره‌وام ده‌بن. لۆرا كوپه‌ر یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا،له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌كارهێنانی سیستمی پاتریۆت و هه‌ر ئه‌م مانگه‌ش مه‌شقه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ین ." وتیشی ،"به‌ڵام ناتوانم واده‌ی دیاریكراو بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی مه‌شقه‌كان دیاری بكه‌م له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا چه‌ند مانگێكی پێویسته‌ مه‌شق و ڕاهێنان له‌ به‌كارهێنانی سیستمی به‌رگری ئاسمانی (پاتریۆت) پرۆسه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك درێژه‌ و ناتوانرێت به‌ خێرایی ئه‌نجامبدرێت" جێگەیباسە، سیستمی به‌رگری ئاسمانی پاتریۆت له‌ پاكێجی داهاتوی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكایه‌ بۆ ئۆكرانیا كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی ڕابردودا و له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی بۆ واشنتن راگه‌یه‌ندرا.  

هاوڵاتی ڕۆژی شەممە، شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی ئەفغانستان کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەدەغەی ئامادەبوونی ژنان لە زانکۆکان هاوکات مارکوس پۆتزێل یەکەم بەرپرسی نێودەوڵەتیە کە لە مانگی ڕابردووەوە دوای بڵاوکردنەوەی  قەدەغەکردنەکە لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان  کۆبۆتەوە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان پۆتزێل داوایکرد بەپەلە ئەو قەدەغەکاریانە لاببرێت لەدیداربوونی لەگەڵ نەدیم و گوتی ئەو وڵاتە دەچێتە قۆناغێکی نوێی قەیرانەوە و دەڵێت، " قەدەغەی خوێندنی مێینە و ڕێگریکردن لە کارکردنیان بەتایبەت لە  دەزگا یارمەتییە جیهانییەکان زیان بە هەموو ئەفغانییەکان دەگەیەنێت" لە وڵامدا وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی ئەفغانستان نەدیم بە پۆتزێلی ڕاگەیاند کە وەزارەتەکە کاردەکات بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی ئەفغانییەکان بە ڕەچاوگرتن و پاراستنی بەها ئیسلامی و نەتەوەییەکان " هەروەها بەرگری لەو قەدەغەکارییە کردووتی" پێویستە ڕێگری بکرێت لە تێکەڵبوونی ڕەگەز لە زانکۆکاندا و چونکە پێیوایە هەندێک بابەتی پێشێلکردنی بنەماکانی ئیسلامین" وتیشی، "ڕکابەرەکانی ئیسلام ڕەخنە لەجێبەجێکردنی کاروباری ئیسلامی دەگرن و پەروەردەیان وەک مشتو مڕێک بۆ گەیشتن بە "ئامانجە خراپەکانیان" بەکاردەهێنن". باسی لەوەشکرد: "پێویستە دڵنیابینەوە و لە هەمان کاتدا ئاواتی ئەو ئەفغانیانەی کە قوربانیان داوە بۆدەستبەکاربونی حوکمی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەت لە وڵاتدا جێبەجێ بکەن" ئەوەشی ڕونکردەوە، "حوکمڕانانی ئەفغانستان داواکارییەکانی هیچ کەسێک قبوڵ ناکەن لەشێوەی فشار دژی پرەنسیپە ئیسلامییەکان." دوای کۆبونەوەکە پۆتزێل سوپاسی نەدیمی کرد بۆ کاتی خۆی و گوتی "خوێندنی باڵای هەر وڵاتێک کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتە ". جێگەیباسە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە 20ی کانوونی یەکەمدا داوایان لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان کرد کە دەستبەجێ  خوێندن بۆ ژنان دابخرێت تا ئاگاداری زیاتر ئەمەش ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە، تەنانەت  لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمانیشەوە وەک سعودیە و قەتەر و تورکیا.

هاوڵاتی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوکراوەتەوە کە مانگی داهاتوو ڕۆبۆتیک لە دادگا وەک ڕاویژکاری یاسایی تۆمەتبارێک دەستبەکاردەبیت و ڕێنمایی دەکات کە لەکاتی دادگاییەکەیدا چی بڵێت. ماڵپەڕی نیو ساینتیست ماڵپەڕێکی زانستی و تەکنەلۆژیایە، بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتبار تەنها ئەو شتانە دەڵێت کە ڕۆبۆتۆکە پێی وتووە، دۆسیەکەش کە ڕۆبۆتۆەکە کاری لەسەردەکات دۆسیەی تۆمەتبارێکە لەسەر کێشەی پسوڵەی هاتووچۆ. ڕۆبۆتەکە بەجۆرێک کار دەکات کە گوێ لەهەموو وتەکانی تۆمەتبارەکە دەگرێت و دواتر لێکدانەوەیان بۆ ئەکات وڕێنمایی دەدات بە کەسی سکاڵاکار. ڕۆبۆتەکە درووستکراوی کۆمپانیای " دوو نۆت پەی"، سەرەڕای ئەوەی دانیشتنەکەی دادگا لەمانگی داهاتوودا ئەنجام ئەدرێت بەڵام هیچ زانیاریەکی لەسەر شوێن وناوی تۆمەتبارەکەش ئاشکرا نەکردووە. هاوکات جۆشوا براودەر،  دامەزرێنەر وبەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لەبارەی ڕۆبۆتەکەوە وتی، کاتێکی زۆری پێچوو تاوەکوو رۆبۆتەکە پابەند بێت بە زانیاریەکانەوە، هەروەها لەبارەی دادگاییەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەگەر رۆبۆتەکە دۆسیەکە بدۆڕێنێت لە دادگا ئەوا قەرەبووی تۆمەتبارەکە دەکاتەوە.

هاوڵاتی ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنوسان لە باشوری سۆدان ڕایانگەیاند، شەش ڕۆژنامەنوس دەستگیرکران  بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە تێیدا سەلڤا کییر، سەرۆکی باشوری سۆدان میز دەکا بەخۆیدا لە بۆنەیەکدا. سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسان لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە پشتڕاست نەکراوەتەوە وگومان هەیە کە ئەو ڕۆژنامەنوسانەی دەستگیرکراون لەوکارەوە تێوەگلابن. هاوکات دەزگای پەخشی باشوری سودانیش رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئەو ڤیدیۆیانە پەخش نەکراون، ئەو جۆرە دەستگیرکردنانە بەجۆریکن کە هەرکاتێک بەرپرسەکان پەخشەکان بە نەگونجاو بزانن پەنا بۆ دەستگیرکردن ئەبەن. کۆمیتەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، داوای ئازادکردنی بێ مەرجی ڕۆژنامەنوسەکانی کرد. دەستگیکردنی ئەم ڕۆژنامەنوسانە بۆ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک دەگەڕێتەوە کە لەمانگی کانوونی دووەمدا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆیەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا سەرۆک کۆمار لەکاتی وتنی سرودی نیشتیمانیدا میز دەکات بەخۆیدا؛ ئەمەش لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوکرایەوە. سەلڤا کییر، لە ساڵی ٢٠١١ وەک یەکەم سەرۆکی باشوری سۆدان دەستبەکاربوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەوە وڵاتەکە بە قەیرانێکی زۆری سیاسی و ئابوری وکارەساتی سرووشتیدا تێپەڕیووە.

هاوڵاتی ڤیدیۆ.. کۆریای باکوور..خۆپیشاندانێکی گەورە بۆ پشتگیری لەحزبی دەسەڵات و بڕیارەکانی  

هاوڵاتی بە ڤیدیۆ: پوتن بەتەنیا یادی سەری ساڵی لەکەنیسەیەکدا کردەوە  

هاوڵاتی لەهێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا بۆسەر ئۆکرانیا، کارمەندیکی فریاگوزاری کوژرا و٤ کەسی دیکەس  بریندار بوون. لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا جەختی کردەوە کە لەهەموو بەرەکانی جەنگ و بەهەموو جۆرێک جەنگ لەماوەی ئاگربەستەکەدا ڕاگیراوە وهێزەکانیان تەنها لەکاتێکدا تەقەیان کردووە کە بەرپەرچی هێرشەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە. سەرەڕایی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن کۆشکی کریملینەوە، دوابەدوای ئاگربەستەکە لە ئاسمانی ئۆکرانیادا دووبارە زەنگی ئاگاداری جەنگ لێدرایەوە وپارێزگاری خێرسۆن ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشیکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆسەر خێرسۆن کارمەندێکی فریاگزاری کوژرا و ٤ کەسی دیکەس برینداربوون. هاوکات جگە لە هێرشەکانی سەر خێرسۆن، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە هێرشی بەردەوام بۆسەر  شاری کراماتۆرسکی ڕۆژهەڵاتیش کەوتۆتە بەردەوامە و  زیاتر لە دەیان باڵەخانە بەوهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات بەرپرسی ناوچەی لوهانسک سێرهی هایدای ڕایگەیاند ئاگربەستەکەی ڕووسیا درۆ و تەڵەیە، هەروەها داوای لە خەڵک کرد کە بەشداری لە جەژنەکانی کریسمس لە کێساکانی ئۆرسۆدۆکس نەکەن چونکە ئەگەری هێرشی زۆر هەیە. ئەم هێرشانەی ڕووسیا لەکاتێکدایە کە بەبۆنەی جەژنی کریسمی ئۆرسۆدۆکسەکانەوە ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی ڕوویسا ٣٦ کاتژمێر ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو، بەڵآم هەر زوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە  ئەوە تەڵەیە و ڕووسیا دەیەوێت لەوڕێگەیەوە پێشڕەویەکانی ئۆکرانیا ڕابگرێت وسەرباز وچەکی زیاتر ئامادە بکات.

هاوڵاتی حوکمەتی هیندستان لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی ڤاکسینێک بۆ رێگری کردن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ کچانی تەمەن ٩ -١٤ ساڵان تاقی دەکاتەوە، بەجۆرێک ڤاکسینەکە بە ڕێژەی ٪٩٧ کاریگەرە لەسەر ڤایرۆسەکە. بەڕێوبەری وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردەی هیندستان دەڵێت، ڤاکسینەکە دژی ڤایرۆسی ئێچ پی ڤیە، کە بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی جۆرەکانی ئەو ڤایرۆسە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی درووستوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوبەری جێبەجێکاری سیرەم  و ڤاکسین لە هیندستان ئاماژەی بەوەدا کە ڤاکسینەکە ئیش لەسەر چوار جۆری ڤایرۆسی "ئێچ پی ڤی دەکات". ڕاجێش بوشان بەڕێوبەری تەندرووستی وپەروەردەی هیندستان ڕایگەیاند، لەگەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکەدا هەوڵدەدەن هۆشیاری خێزانەکان و دایکان وباوکان بەرزبکەینەوە و کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆربەیان ڤاکسینەکە وەربگرن. لەبارەی کاریگەری ڤاکسینەکەوە، پسپۆڕێکی پزیشکی ژنان لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی وتی، ڤاکسینەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا کاریگەری زۆرباشی دەبێت دژی شێرپەنجەی ملی منداڵدان. ئەم هەوڵەی هیندستان لەکاتێکدایە کە شێرپەنجەی ملی منداڵدان چوارەم جۆری شێرپەنجەی بەربڵاوە لە جیهاندا، هەروەها ڤایرۆسی " ئێچ پی ڤی" یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم جۆرەی شێرپەنجە.  

بە بڕیاری خامنەیی فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئێران دەگۆڕدرێت و ئەو کەسەی دەستنیشانکراوە وەک فەرماندەی نوێ لە لیستی سزاکانی ئەمریکا  وئەوروپادایە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ بە بڕیارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەحەمدڕەزا رادان وەک  فەرماندەی گشتیی نوێ هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە. گۆڕینی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە کاتێکدایە دوای کاردانەوە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی سەرجەم فەرماندەکانی هێزی پۆلیس لە تاران و کرماشان و سنە و چەند شارێکی دیکە بەهۆی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندان لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە خرانە لیستی سزاکانەوە. ئەحمەدرەزا رادان کە بە بڕیاری خامنەیی بوەتەوە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیس پێشتر بەهۆی بڕیارە توندەکانی و فەرماندەیی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009ی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە سزا دراوە.  

هاوڵاتی ڕۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی ڕایگەیاند،مەهدی بەیکۆغلی ڕۆژنامەنوس و بەرپرسی بەشی سیاسی لە ڕۆژنامەی ئیعتیماد دەستگیرکرا. هاوسەری مەهدی لە تویتێکدا لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە وتی، کاتێک دەستبەسەریان کردووە،دەستیان بەسەر لاپتۆپ و مۆبایل وکەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانی دا گرتووە. ئەو ڕۆژنامەنوسە لە ماوەی  هەفتەکانی  ڕابردوودا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین خێزان ئەنجام دابوو کە خزم و کەسەکانیان  لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو. هێشتا هیچ لەبارەی ئەو تۆمەتەی کە پێیی دەستگیرکراوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە ڕانەگەێندراوە،بەڵام دەستگیرکردنە ڕاستەوخۆ دوای کارە ڕۆژنامەوانیەکانی بووە لەگەڵ خێزانی سزادراوانی حوکمی سێدارە. هاوکات لەسەرەتای شۆڕشی ژینا ئەمینیەوە، بەپێی لیستێکی ڕۆژنامەی شارغ،  کە لەمانگی کانوونی دوەمدا بڵاوی کردبۆوە نزیکەی ٤٠ ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەردوو ڕۆژنامەنوس نیلۆفەر حەمیدی و ئیلاهی محەممەدیان دەستگیرکردووە کە دۆسیەی ژینا ئەمینی و مردنەکەیان ئاشکرا کرد.

هاوڵاتی کێڤن ماککارسی دوای چەندین ڕۆژ دانوستان و 15خول لە دەنگداندا، بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا کێڤن مەککارسی، بەربژێری سەرەکیی پارتی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دوای چەندین ڕۆژ دانوستان و 15خول لە دەنگداندا، بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا سێ رۆژە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک کۆدەبێتەوە و هەڵبژاردن دەکات، دوای پانزە خولی دەنگدان کێڤین مەککارسی بەربژێری  کۆمارییەکان  توانی بە 216دەنگ بەرامبەر 211 دەنگ لە ڕكابەرەكەی حەکیم جێفریی بەربژێری دیموکراتەکان بباتەوە. کێڤن ماکارثی لە یەکەم وتاردا وەک سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە  هاوپیشەکانی گوت: "ئێستا ئیشە قورسەکان دەست پێ دەکات." جێگەیباسە ئەمە درێژترین پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بوو لە  164ساڵی مێژویدا.