لە 18 رۆژدا 821 بە روداوی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەستداوە
لە پشوەکانی نەورۆزدا 16 هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ بریندار بون
روداوێکی هاتوچۆ لە ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند لە پشوەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا گەشت و هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی رابردو زۆرتر بوە و روداوەکانی هاتوچۆش زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەوتوەتەوە.
کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ لە 18ی مانگی ئازار تا سێی مانگی نیسان 821 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار کەسیش برینداربون.
هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردوە رێژەی هاتوچۆ و گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 40% بەرزبوەتەوە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بۆ 22% کەم بوەتەوە.
بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 18 رۆژی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران رۆژانە زیاتر لە 45 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لە ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەرکەوتوە زیاترین گەشت بۆ پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران لە باکوری ئێران کراوە و دانیشتوانی تاران زیاترین گەشتیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کردوە.