دۆناڵد ترەمپ: ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم بۆ دەست تێوەردانە لە هەڵبژاردنەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕەخنەی توندی لە داواکاری گشتی نیویۆرک ئەلڤین براگ گرت بەهۆی ئەوەی برایە بەردەم دادگا و لە ئێستادا بە  34 تاوان تۆمەتبار کراوە و خۆی بە قوربانی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی پێشکەش بکات.

ترەمپ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پالم بیچ لە فلۆریدا لە گەڵ لایەنگرانی کۆبونەوەو ڕایگەیاند ،"هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە شتێکی لەو شێوەیە لە ئەمەریکا ڕووبدات، تاکە تاوان کە ئەنجامم داوە ئەوەیە کە بە بێ ترس بەرگری لە گەلەکەمان بکەم لە دژی ئەوانەی هەوڵی لەناوبردنی دەدەن."

ئەمەشدوای ئەوەهات کە رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی مانهاتن لە نیویۆرکی ئەمریکا خرایە ژێر چاودێری پۆلیسەوە و پەنجەمۆری پێکرا و وێنەشی گیرا، بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە تەواوی مێژووی وڵاتەکەدا دەستگیربکرێت.

ئالڤین براگ، داواکاری گشتیی دادگەی مانهاتنی نیویۆرک بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆماری بازرگانی بۆ شاردنەوەی زانیاریی زیانبەخش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016دا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد.

ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ دۆناڵد ترەمپ بریتین لە پێدانی 130 هەزار دۆلار بە ستۆرمی دانیێڵس، ئەکتەری پێشووی فیلمە رووتەکان و پێدانی 150 هەزار دۆلار بە کارن مەکدۆگاڵ، ئەکتەری پلەی بۆی تاوەکو زانیاری لەبارەی ئەو پەیوەندییە سێکسییەوە بڵاونەکەنەوە لەگەڵ ترەمپدا هەیانبووە.

سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا گوتیشی، ڕکابەرەکانی هەوڵدەدەن سیستەمی یاسایی دژی بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەن  لە بردنەوەی کۆشکی سپی لە ساڵی 2024 دا و ئەو دادوەرەی کەیسەکەی بەڕێوەدەبات تاوانبار کرد بەوەی کە "دادوەرێکی ڕق لە ترەمپە." 

هاوکات ترەمپ باسی لە هەموو دۆسیە یاساییە جۆراوجۆرەکانی دژیکراوە کرد و وتی  ئەو کەیسانە هەوڵێکە بۆ شکستپێهێنانی سێیەمین هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتی و بە " دەستێوەردانێکی گەورەی هەڵبژاردن بە ئاستێک کە هەرگیز نەبینراو." ناوی برد

بە شێک لەو کەیسانەی ترەمپ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت:لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لە سەرەتای ساڵی 2021 دا لە کۆشکی سپی گواستراونەتەوە، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشەکەی 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا و کەیسی دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکان لە جۆرجیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 .

دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا بە تووندی رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن گرت و لە بەشێکی قسەکانیدا، کشانەوەی سوپای ئەمریکای لە ئەفغانستان بە "شەرمەزارترین کات لە مێژووی ئەمریکا" ناوبرد. 

سیاسەتی ئیدارەی بایدن، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "خەریکە سەر بۆ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم دەکێشێت، ئەویش بەهۆی ئەو ژمارەی زۆرەی وڵات ئێستا مامەڵە لەگەڵ چەکی ئەتۆمیدا دەکەن." ترەمپ گوتی، "ئێمە زۆر لە [جەنگی جیهانیی سێیەمەوە] دوور نین، بڕوا دەکەن یان نا." 

لە کۆتایی گوتارەکەیدا دۆناڵد ترەمپ گوتی، "لەگەڵ هەموو ئەوەی گوتم و لەگەڵ ئەو هەورە رەشەی بەسەر وڵاتە خۆشەویستەکەمانەوە هەیە، هیچ گومانێکم نییە کە دووبارە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار