رووسیا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت و بڕیارەکە ئۆکرانیا توڕەدەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕوسیا کە سەرکردەکەی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بووە هۆی توڕەیی ئۆکرانیا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی بە هەنگاوێکی بێمانا و وێرانکەر ناوی برد.
دواین جار کە ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بە بەرپرسیاری هێشتنەوەی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی کردەوەی دەستدرێژییە نێودەوڵەتییەکانە لە مانگی شوباتی 2022 بوو کە سوپای مۆسکۆ هێرشێکی داگیرکارییان بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ، رۆژی شەممە (1ـی نیسانی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، و لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.
هاوکات لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان.
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیاش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەبارەت وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ڕوسیاوە وتی "بەداخەوە، ئێمە هەندێک هەواڵی بێمانا و وێرانکەرمان پێیە....." هەروەها ڕاشیگەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی منداڵێکی پێنج مانگ کوژراوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات زۆر ئەستەمە شتێکی دیکە وێنا بکەین کە زیاتر مایەپووچبوونی ئەو جۆرە دامەزراوانە بسەلمێنێت".
سەرۆکایەتیەکە هەر مانگێک بە ئەلف و بێ لە نێوان 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت و دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەمە بە زۆری ڕووکارییە.
رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.