ڕوسیا بانگەشەی گرتنی باخموت دەکات و ئۆکرانیاش ڕەتی دەکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هێزی بەکرێگیراوی ڕوسی واگنەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا یەکشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئاڵای ڕوسیایان لەسەر باڵەخانەی ئیداری شاری باخموتی ئۆکرانیادا بەرزکردۆتەوەو دەستیانگرتووە بەسەریدا ، بەڵام سوپای ئۆکرانیا دەڵێت سەربازەکانی هێشتا لە شەقامە وێرانەکاندا شەڕ دەکەن.
ئاژانسی هەوەڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە،سەرۆکی ڤاگنەر ئێڤگینی پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە وتی هێزەکانی کە سەرکردایەتی هەڵمەتی کرێملینیان کردووە بۆ گەمارۆدان و گرتنی باخموت ئاڵای ڕوسیایان بەرزکردەوە لەسەر بینای ئیداری لە ناوەندی شارەکە و دەڵێت " لە ڕوانگەی یاساییەوە، باخموت دەستیبەسەردا گیراوە"
باخموت شوێنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە بووە، ئێستا لە ساڵی دووەمیدایە، لەگەڵ قوربانییەکی گەورە لە هەردوو لا و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی شارەکە بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووە.
بەڵام سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێشتا شەڕ لە باخموت و چەند شارۆچکەیەکی دیکە بەردەوامە و ڕایانگەیاند "هێرش بۆ سەر شاری باخموت بەردەوامە" لەگەڵ ئەوەشدا، بەرگریکارەکانمان بوێرانە شارەکە دەپارێزن."
هاوکات شیکەرەوەی سەربازی ئۆکرانیا ئۆلێ ژدانۆڤ وتی شەڕ لە ناوەندی باخموتی بەردەوامە و هێزەکانی ئۆکرانیا 25 هێرشی ڕوسیایان بەرپەرچداوەتەوە بەڵام هێزەکانی ڕوسیا وێستگەی کانزای AZOMیان گرتووە.