مانۆڕێکی سەربازیی ئازەربایجان لە سنوری ئێران دەستی پێکرد
ئازەربایجان لە هەفتەیەکدا دوو مانۆڕ دژی ئێران ئەنجام دەدات
سوپای ئازەربایجان
2 ساڵ لەمەوپێش
ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی لە سنوری وڵاتەکەی لەگەل ئێران دەست پێکرد و سوپای وڵاتەکەش رایگەیاند ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشی کتوپڕ.
وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی مانۆڕ و مەشقی سەربازیی لە هەرێمی نەخجەوان و لە نزیک سنورەکانی ئێران-ی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کردوە؛ هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان و قەڵغانی موشەکی و ئاسمانیی سوپا بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشی نەخوازراو، مەشق و راهێنانیان لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازیی دەست پێکردوە.
لە مانۆڕەکەدا سەرجەم قەڵغانە دژە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکان لەو سنورانە تاقی دەکرێنەوە و ئاستی ئامادەیی بەرگریی ئاسمانی و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان تاقی کراونەتەوە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم مانۆڕی سەربازیی ئازەربایجانە کە لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ئەنجامی داوە و مانۆڕەکەی پێشویی وڵاتەکە لە سنورە ئاوییەکانی دەریای قەزوێن بوە.
کۆماریی ئیسلامی ئێران، وڵاتی ئازەبایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ تەلئەبیب هەیە و ئیسرائیل لە رێگەی خاکی ئازەربایجانەوە چەند جارێک هێرشی کردوەتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان و پلانی هێرشی دیکەشی لە خاکی ئەو وڵاتەوە هەیە.