دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت کە بڕیاربو وەک شوێنی نیشتەجێبونی و نوسینگەی کارەکانی سودی لێورگیرێت. میدیای سەر بە باڵی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوە؛ حەسەن رۆحانی ، سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نایاسایی خانویەکی گەورەی لە یەکێک لە گەڕەکی جەماران یەکێک لە گرانبەهاکانی تاران-ی پایتەخت دروست کردوە کە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دیمەنی خانوەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ نهۆمە و کەنتۆر و کەوانتەرەکانی لە باشترین و گرانبهاترین دار و تەختە دروست کراون و سەرجەم شوشە و جامخانەکانی گوللـە نەبڕن. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە کە رۆحانی بە زۆر و بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو بینایەی بە ناوی (سەلام) بە ئامانجی نیشتەجێبون و بەڕێوبردنی کارەکانی دروست کردوە بەڵام بە بڕیاری حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ناوچە هەژارانشینەکان تەرخان دەکرێت. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی توندتر بوەتەوە و باڵی محافزکار کە لە ئێستادا هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی بەدستەوەیە هێرشی راگەیاندنی بۆ رکابەرەکەی توند کردوەتەوە. باڵی ریفۆرم لە لایەن محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رێبەرایەتیی دەکرێت و باڵی محافزکار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانن.
هاوڵاتی دهسهڵاتی تاڵیبان له ئهفغانستان ئەو رۆژەی دوایین سەربازی بیانی وڵاتەکەی جێهێشت، وەک پشووی نیشتمانیی ناساند. لە راگهیهندراوێكدا کە نووسینگەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بڵاویکردووهتەوە، بەو پێیە 31ی ئاب هاوكاته لهگهڵ كشانهوهی دوایین سهربازی بیانی له ئهفغانستان و رۆژی كۆتاییهاتنی داگیركاریی ئەفغانستانه، وەک پشووی نیشتمانیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ناسێندرا. دوای ئهوه دانوستانەكانی ئاشتی له نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئهنجامێكی نهبوو، ململانێکانی نێوان لایەنەکان لە هاوینی 2021دا تاویان سهند و تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی یهك لهدوای یهکی شارەکانی ئەفغانستان. هاوتەریب لەگەڵ ئەوهدا هێزه بیانییەکان كه له چوارچێوهی ناتۆدا له ئهفغانستان بوون، کشانەوەی سهربازانیان خێراتر کردبوو. بەو شێوەیەش دوایین سەربازی ئەمەریکی لە 31ی ئابی 2021دا کۆتایی هات و بەپێى بڕیارێکى حکومەتى تاڵیبانیش ئەو رۆژە کراوە بە پشوى نیشتمانیى لەسەرتاسەرى وڵاتدا.
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بڵاویکردەوە کە ئیمانیۆل ماکرۆن لە هەوڵێکی تیرۆر کردن ڕزگاری بووە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی پاریسیانی فڕەنسی پۆلیسی فڕەنسا چالاکوانێکی دەستگیرکرد کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنی ئیمانوێل ماکرۆنی دابێت دەڵێت ئەمڕۆ شەممە ئەو هاوڵاتییە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوە و ئێستا لە زینداندایە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، باس لە ڕوداوێک دەکرێت کە لە 27ی نیسان لە سەردانەکەی سەرۆکی فڕەنسا بۆ ناوچەی دۆ بە بۆنەی 175 ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەو وڵاتە ڕویداوە، هەروەها هەواڵی بەشداریکردنی ماکرۆن بڵاوبۆوە و خۆپیشاندان دەستی پێکرد و هاوڵاتییان هەوڵیانداوە پشتوێنەی ئەمنی ببەزێنن بۆیە سەرۆکی فەڕەنسا لە ناوچەکە دورخراوەتەوە و لەو کاتەدا دوای کۆتاییهاتنی ڕوداوەکە، چالاکوانێکی فەڕەنسی تەمەن 20 ساڵ لەکاتی ئەوەی ماکرۆن لە ناوچەکە بە هێلیکۆپتەر چۆتە دەرەوە بۆمبێکی دوکەڵی ئاراستەی هێلیکۆپتەرەکە کردوە، لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی ماکرۆن گەیشتەوە شوێنی مانەوەی خۆی، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا. داواکاری گشتی دژەتیرۆر بە سێ تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو هێلیکۆپتەرەدا بون و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات تۆمەتباری دەکات.
هاوڵاتی کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیای سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دایەوە و رایگەیاند، واشنتن هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە. کۆشکی سپی لەوەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن، ڕایگەیاند، "ئەمریکا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە". ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، پابەندبونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە بنەمای بەرگریکردن لە یەکتر لە ناتۆ پشتڕاستکردەوە. ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هات، کە پوتن رایگەیاندبو، کە ڕوسیا دەتوانێت "لە ڕوی تیۆریەوە" چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەگەر مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی یان بونی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پێویستی بەو شتە نییە. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، رووسیا بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ژمارەیەکی دیکە چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە جێگیر دەکرێن. پووتین گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان لۆکاشینکۆ، گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی بەشێک لە چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکەمان بگوازینەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕووس؛ ئەوەش روویداوە". پووتین گوتیشی، "ئەوە رێوشوێنێکی خۆپارێزییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بیر لە رووسیا و شکستە ستراتیژییەکەی دەکەنەوە." لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "روسیا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەشێک لە ناوەڕاستی کیێڤ لەناوببات لە وەڵامی ئیستفزازەکاندا، بەڵام ئەو کارە ناکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا هیچ چانسێکی سەرکەوتنی نییە". ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 14-6-2023، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەشێک لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و گوتی، "هیچ دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە ئەگەر رووبەڕووی شەڕەنگێزی ببینەوە." لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و جگە لە یارمەتی دارایی، چەندین جۆر چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
هاوڵاتی نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند، پاش ئەوەى لە ڕۆژى ١٤ـی ئەم مانگە کەشتییەکى گواستنەوەى کۆچبەران لە دەرباى ناوەڕاست ژێر ئاو کەوت، تا ئێستا ٧٩ تەرم دۆزراونەتەوە و ٣٥٠ کەسى دیکەش بێسەروشوێنن، دەشڵێت، پێدەچێت کەشتییەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت. لەبەرەبەیانی ١٤ ی ئەم مانگە کەشتییەکی گەورەی ماسیگرتن لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەڵگرتبوو، بەڵام لە باشوری ڕۆژئاوای پیلۆس لە یۆنان ژێر ئاوکەوت. لەوبارەوە حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاندووە، بەپێى زانیارییە فەرمییەکان، تا ئێستا ١٠٤ کەس ڕزگارکراون، ٧٩ تەرم لە دەریادا دۆزراونەتەوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن. نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ئاماژەى بەوەشکردووە، پێدەچێت کەشتیەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت، کە سەرنشینەکانى بە زۆری خەڵکى پاکستان، میسر و سوریان. ئەوەشى خستووەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانى ناوچەکە لەگەڵ پاسەوانانی کەنار دەریا و سوپا بەشدارن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی سەرنشینانى کەشتیەکە . لە کۆتاى قسەکانیدا نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان وتویەتى، تەرمى قوربانیەکان گوازراونەتەوە بۆ ناوچەى کالاماتا و لە ئێستاشدا کارمەندانی پزیشکی لە بەندەرەکە جێگیرکراون بە مەبەستى یارمەتیدانى ڕزگاربووەکان. لە ساڵی 2019دا 80,454 کۆچبەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تاوەکو ساڵی 2023 ژمارەکان داکشاون، لە 2022دا بۆ 12,758 کۆچبەر دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی یۆنان، لە ساڵی 2022دا پۆلیسی وڵاتەکە رێگریی لە 256 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەروەها 1300 کەسی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچی بوون.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک بونەتە بەڵام تەلئەڤیڤ بابەندی هیچ رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێککەوتنێکی بچوک لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیی کراون ، ئازاد بکرێن. وتویەتی: 90%ی مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارە هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆیە تەلئەڤیڤ پابەندی هیچ رێککەوتنێکی واشنتۆن و تاران نابێت. وتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کردوە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن رەتی کردوەتەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت. پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ئەمریکا سەرقاڵی رێککەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% کەمتر بکرێتەوە و ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی ئازاد بکرێن.
هاوڵاتی ئیلۆن ماسک بازرگان و ملیاردێری ئەمریکی لەبارەی تێکشکان و لەناوبردنی ئەو تانکە ئەڵمانیانەی کە دراون بە ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، سوپای کیێڤ راهێنانی پێویستی لەبارەی ئەو تانکانە پێنەکراوە. ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، دەڵێت، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە، روسیەکان تانکەکان تێکدەشکێنن، لەبەرئەوەی سوپای ئۆکرانیا بە رێژەیەکی پێویست ڕاهێنانی پێنەکراوە بۆ بەکارهێنانیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێداویستییە نوێیە ئەگەرییەکان بێسود دەبن. بە وتەی ئەلێکسی ڕزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، وڵاتانی ڕۆژئاوا تا کۆتایی مانگی (ئایار)ی ئەمساڵ نزیکەی 60 تانکی لیۆپارد-2یان ڕادەستی کیێڤ کردبو، لە مانگی شوباتیشدا وەزارەتی ئابوری ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەناردەکردنی تا 178 تانکی لیۆپارد-1A5 بۆ ئۆکرانیا. ڕۆژی شەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لەناوبردنی چوار تانکی لیۆپارد-2ی لە کاتی هەوڵەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردن بە ئاراستەکانی باشوری دنێتسک و زاپۆریژیا ڕاگەیاند و سێ تانکی دیکەش ڕۆژی یەکشەممە لەناوبران
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا بەناوی ئێر دیفێندەر ٢٣ بە بەشدارى ١٠ هەزار سەرباز و ٢٥٠ فڕۆکەى جەنگى دەستپێکرد و چالاکیەکەش تا ڕۆژى ٢٣ ى ئەم مانگە درێژەى دەبێت. ئاماژە بەوەکراوە، لە مانۆڕەکەدا هەریەکە لە وڵاتانى سوید و ژاپۆن بەشدار دەبن و ئامانجیش لەم چالاکییە نیشاندانی یەکگرتووی هاوپەیمانێتییەکەیە لە دژی هەر هەڕەشەیەکى دەرەکی بۆسەر ناوچەکان. لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمە بەرگری لە خاکی سەرجەم ئەندامەکانمان دەکەین و بنەمای کارکردنی هاوپەیمانێتییەکەمان بەرگریکردنە نەک هێرشبردن. ئەمە لە کاتێکدایە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە، زیاتر لە ساڵێکە جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و لە ڕۆژى ٣٠ ـى مانگى ئەیلولى ساڵى ڕابردوو سەرۆکى ڕووسیا لە ٢٠%ـى خاکى ئەو وڵاتەى بەفەرمى خستە سەر نەخشەى ناوچەکەى.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی سوید، ئوڵف کریستیرسۆن رایگەیاند، رێگەیان بە هێزەکانی ناتۆ داوە بە شێوەیەکی کاتی لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکرێن. کریستێرسۆن و وەزیری بەرگریی سوید، پال جۆنسن لە گوتارێکی هاوبەشدا کە بۆ رۆژنامەی Dagens Nyheter نووسیوویانە، ئاماژەیان بەوە داوە کە هەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەردەوامە، بۆیە حکوومەتی سوید رێگەی بە سوپا داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئامادەکاریی بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە داهاتوودا. له گوتارەکەدا هاتووە: "رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەرمان، لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی قەیران یان شەڕدا پێویستە بتوانین بە خێرایی سەرچاوە سەربازییەکانی گەلانی دیکه بهێنینە ناوچەکەمان. وەک حکوومەتی سوید رێگەمان دا سەربازانی ناتۆ بەشێوەیەکی کاتی له ناوچەکەماندا جێگیر بن". لە حوزەیرانی ساڵی 2022ەوە سوێد بانگێشتکراوە ببێتە ئەندامی ناتۆ. بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام، پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی بن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا ئامادە نین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن. تەنیا ئەو وڵاتانەی بوونەتە ئەندام، بڕگەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ دەیانگرێتەوە کە دەڵێت، هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنرێت.
بومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بوە و زۆربەیان لە ورمێ و کرماشان رو دەدەن. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە هەفتەی رابردودا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە لەو هەفتەیەدا زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە شاری خۆی و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 2.5 بۆ 3 بە پێوەری ریختەر رویداوە. هاوکات لەگەڵ کرماشان و ورمێ زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە کامیاران سەر بە پارێزگای سنە رویداوە کە گوڕەکانیان لە نێوان 2.5 بۆ 3 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە رایگەیاندوە؛ زیاترین بومەلەرزە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە کرماشان تۆمار کراوە و زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.
رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا ژمارەیەک ژن لەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە بە زۆر و لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیرییان کردوە. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ لە سەرەتای مانگی بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 ژن لە ئیران کوژراون و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنها لە پێنج رۆژدا چوار ژن کورژراون کە لە تەمەنی کەمدا ناچار کراون بە هاوسەرگیریی. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە زیاترین ژن کە لە تەمەنی کەمدا ناچار بە هاوسەرگیریی کراون لە پاڕێزگاکانی ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردو تا سێی ئەم مانگە چوار ژن لە گوندەکانی سنە و ورمێ لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف لە لایەن ئەندامانی خێزانەکانیان وەک باوک و برا کوژراون. ئیعتیماد رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو ژنانە لە تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ ناچار بە هاوسەرگیریی کراون و بونەتە قوربانیی هاوسەرگریی زۆرە ملێ لە تەمنی کەمدا. پێشتر ئەو رۆژنامەیە ئاشکرای کردبو کە لە ماەی نۆ مانگدا لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاند، بەهۆی خواردنەوەی کحولی زیانبەخشەوە 29 کەس گیانیان لەدەستداوە و 61 کەسی دیکەش ژەهراووی بون کە زیاتر لە نیوەیان باری تەندروستییان ناجێگیرە. وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاندوە، کۆی گشتی قوربانیانی ژەهراویبون بەکحولی زیانبەخش لەناوچەکانی روسیا 90 کەسن کە لەنێویاندا 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، 61 کەسیشیان ژەهراوی بون کە زیاتر لە 30 کەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە. بەگوێرەی میدیاکانی ڕوسیا، قوربانییەکان خواردنەوەیەکی کحولییان خواردوەتەوە بەناوی "مستەر سایدەر" کە میتانۆلی ژەهراوی زۆری تێدابوە، بڕی ئەم خواردنەوەیە بەسەر هەندێک فرۆشگادا دابەشکراوە کە مەی دەفرۆشن دەسەڵاتداران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕوداوەکە کردەوە و فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئەو بڕە خراپانەی ماددە کحولیەکانیان دەرکردوە، ئەم خواردنەوەیە لە شاری سامارا بەرهەم هێنراوە کە دەکەوێتە سەر ڕوباری ڤۆڵگا
هاوڵاتی رووسیا دەڵێت، هێرشێکی سوپای ئۆکرانیایان بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک تێکشکاندووە. روون نییە هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر دۆنێتسک بەشێکە لەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەی کیێڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانگەشەی بۆ دەکات یاخود نا. ئیگور کوناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا ھێرشی کردووەتە سەر پێنج ناوچە لە بەری باشوری ناوچەی دۆنیتسک، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن. وتیشی، ھێزەکانی روسیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و زیانی گەروەیان پێگەیاندوون، بەشێوەیەک زیانە گیانییەکان ٢٥٠ کەسن لە ھێزەکانی ئۆکراین و ١٦ تانک و ٢١ ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان زیانیان بەرکەوتووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆکرانیا بانگەشە بۆ هێرشی پێچەوانە بۆسەر پێگەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا دەکات، تاوەکو بتوانێت بەشێک لەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، وەربگرێتەوە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. هاوکات جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکان، ھاوکار دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین ناوچەی ستراتیژی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. جەختیشی کردەوە لەوەی، واشنتۆن دەیەوێت ھاوکاری کیێڤ بکات بۆ بەرەوپێشچوون لە گۆڕەپانی جەنگدا.
هاوڵاتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس سیاسەتی نەوتی خۆی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند و بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردوام دەبێت. هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئۆپێك پڵەس كە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و وڵاتانی نا ئەندام لە ئۆپێك لەخۆدەگرێت، بە سەرۆكایەتی ڕوسیا، ڕێككەوتون لەسەر ئاستی ئامانجی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی 40.46 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەستپێدەكات تا كۆتایی لە ساڵی 31ی (كانونی یەكەم/12)ی 2024. بەپێی زانیارییەکان هەریەکە لە رووسیا و سعوودیە لەلایەن خۆیانەوە خۆبەخشانە ئاستی بەرهەمێنانی نەوتی خۆیان بە 500 هەزار بەرمیل بۆ هەر وڵاتێکیان راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و سعوودیە رایگەیاندووە تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن. هاوکات سوهێل مەزروعی، وەزیری نەوتی ئیمارات بۆ رۆژنامەنووسان بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەدابوو هەر هەوڵێک گونجاو بێت بۆ هاوسەنگی بازاڕی وزە، ئەوا بڕیاری لەسەر دەدەن. ئاماژە بەوە شكراوە، ڕوسیا، ئەنگۆلا و نەیجیریا لەو وڵاتانە دەبن كە بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2014 كەمدەكەنەوە، هەروەها عێراق كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بە بڕی 211 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا تا كۆتایی ساڵی 2024 درێژدەكردوەتەوە. لای خۆیەوە ئەلێكساندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕوسیا دوپاتیكردەوە، وڵاتەكەی ئامادەی كەمكردنەوەی بەرهەمی خۆبەخشانەی كە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل بو تا كۆتایی ساڵی 2024. سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە. ئۆپێك هەریەك لە وڵاتانی (سعودیە، جەزائیر، ئەنگۆلا، گینیا، گابۆن، ئێران، عێراق، كوەیت، لیبیا، نەیجیریا، كۆماری كۆنگۆ، ئیمارات، ڤەنزوێلا) لەخۆدەگرێت، هەروەها رێكخراوی ئۆپێك پڵەسیش هەریەك لە وڵاتانی (ڕوسیا، ئازەربایجان، كازاخستان، بەحرەین، برۆنای، مالیزیا، مەكسیك، عومان، باشوری سودان و سودان) و وڵاتانی ئۆپێك لەخۆدەگرێت. هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس لە كۆتایی ساڵی 2016 دروستبو كە 10 هەناردەكاری نەوت لەجیهان لەخۆدەگرێت و بەرهەمی رۆژانەی 40%ی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدەهێنێت، ئامانجی سەرەكی هاوپەیمانییەكە ڕێكخستنەوەی دابینكردنی نەوتە بۆ بازاڕی جیهانی.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتیەکەیاندا، بەم نزیکانە سەردانی ئەنقەرە دەکات. یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجامی ناتۆ، لە ئۆسلۆ قسەی کرد و رایگەیاند، سەرەتای ئەم حەفتەیە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا قسەی کرد و بەم نزیکانە سەردانی ئەنقەرە دەکات. یانس ستۆڵتەنبێرگ رایگەیاند، پرسی سەرەکی سەردانەکەی بۆ تورکیا، ئەندامێتی سویدە لە هاوپەیمانیی ناتۆدا. ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆدا، لەسەر ڤیتۆی تورکیا راگیراوە. دەوڵەتی تورکیا مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە سوید فشار لەسەر نەیارانی تورکیا دروست بکات و بە تایبەتی ئەندامانی پەکەکە، گولەن و پارتە چەپەکان رادەستی تورکیا بکاتەوە. ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی سێشەممە، داوای لە تورکیا و هەنگاریا کردبوو کە کۆتایی بە ڤیتۆکەیان بهێنن و وتی، " کاتی ئەوە هاتووە کە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ".
