هاوڵاتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەرێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە روداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە. لە لێکۆڵینەوەی لیژەنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە "پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووە و ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لە فرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لە فرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە." ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. روداوەکە لە هەیینی رابردوو رویدا و تێیدا فرۆکەیەک بە 10 سەرنشینەوە لە هەرێمی تڤێر لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارەوە. پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا هەڵمەتێکی ئەنجامدا بۆ دژایەتیکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیا کە بەپێی وتەی خۆی "شکستیان هێناوە" لە جەنگی روسیا، بەوهۆیەوە چەکدارانی گروپی ڤاگنەری بەرەو مۆسکۆ رەوانە کرد. ئەم هەنگاوەی پریگۆژین بە کودەتا دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لێکدرایەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی فیفا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ کارەکانی لویس روبیالس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سڕ بکات و لە کار دووریبخاتەوە بەهۆی ماچکردنی كچە یاریزانێک لە جامی جیهانی ژنان. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ژنانی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە ئینگلەتەرایان بردەوە و دواتر بوونە پاڵەوان، لەکاتی وەرگرتنی ناسناوەکانیاندا، لویس روبیالس باوەش بە هەموویاندا دەکات و ماچیان دەکات، بەڵام لەگەڵ یەکێک لە کچەیاریزانەکان بەناوی جێنی هێرمۆسۆ ماچی لێو دەکات و ئەم کارەشی لەناو ئیسپانیا هەرای نایەوە. روبیالس دەڵێت، ماچەکە دوولایەنە بووە و هەردوکیان رەزامەند بوون لەسەری بەڵام کچە یاریزانەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ماچەکە پێویست نەبووە و رەزامەندی ئەوی لەسەر نەبووە. روبیالس فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا و تیمی نیشتمانی ئیسپانیا کە دەستلەکاربکێشێتەوە بەڵام پێداگربوو لەسەر کارەکەی و رایگەیاند هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە. بەهۆی فشارەکانەوە رێکخراوی فیفا بڕیاریدا ماوەی 90 رۆژ کارەکانی روبیالس هەڵپەسێرێت و دووریبخاتەوە تا دادگا دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
هاوڵاتی دوای مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا فەرمان بە شەڕکەرانی ڤاگنەر دەکات کە سوێندی یاسایی بخۆن و بچنە ژێر فەرمانی سوپای روسیاوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکرد و لە رۆژی هەینیدا واژۆی کرد کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیا و لانەدان لە فەرمانی سەرۆکی وڵات. لە بەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لە فەرمانی فەرماندە و سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لە بڕیارەکانیان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەیینی رابردوو یەڤگینی پریگۆژین لە نزیک مۆسکۆ لە تێکشکانی فرۆکەیەکدا لەگەڵ نۆ کەسی تر گیانی لەدەستدا. هێشتا کریملن پشتراستی نەکردووەتەوە کە پریگۆژین مردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت "گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیە" و دەبێت چاوەرێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بکرێت کە ئاخۆ پریگۆژین لەنێو فرۆکەکەدا بووە یان نا. هاوکات ڤلادمیر پوتن لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا سەرەخۆشی خۆی نارد بۆ خانەوادەی هەموو ئەوانەی لە روداوەکە گیانیان لەدەستدا و دواتر لە دەمی رابردوو قسەی لەسەر پریگۆژین کرد. لە قسەکانیدا ڤلادمیر پوتن رایگەیاند، زانیاری سەرەتایی هەیە کە پریگۆژین و هاوکارەکانی لە ڤاگنەر کوژرابن و ستایشی رۆڵی رپیگۆژینی کرد و دواتریش ئەوەی نەشاردەوە کە چەند "هەڵەیەکی جدی" کردووە. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەر و گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران گروپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتی پریگۆژین لە فەرمانی فەرماندە باڵاکان لایاندا و ئۆکرانیان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت کە ئەم هەنگاوە وەک "کودەتایە" لێکدرایەوە.
هاوڵاتی سێرگێی ریابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند ملکەچی فسارەکانی ئەمریکا نابن و بەردەوام دەبن لە پەیوەندیی و هەماهەنگییە سەربازییەکانیان لەگەڵ ئێران. ریابکۆڤ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ریانووستی روسیا وتی، " وەک روسیا ملکەچی فشارەکانی ئەمریکا نابین، بەردەوام ئەبین لە پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێران، هیچ شتێک نەگۆڕاوە و هاوکاریمان لەگەڵ ئێران بەردەوام ئەبێت." ئەم وتانەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لەکاتێکدایە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ روسیا رابگرێت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە مۆسکۆ نەفرۆشێت. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا باس لەوە ئەکەن رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا سوود لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی وەرئەگرێت و کۆمەڵێک بەڵگەشیان بەدەستە، بەڵام تاران نکۆڵی لەوە ئەکات فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتبێت.
هاوڵاتی پێریل رامافۆسا، سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، لە دوایین رۆژی ١٥ هەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی برێکس لە ژۆهانسبۆرگی پێتەختی ئەفریقای باشوور، رایگەیاند کە داواکاری ٦ وڵات بۆ ئەندامبوون لەم رێکخراوەیە پەسەند کراوە. بە پێی وتەکانی سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور داواکاری هەریەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، ئەرژەنتین، ئیمارات، ئەسیۆپیا، میسر لە لایەن پێنج ئەندامی فەرمی ئەو رێکخراوە پەسەند کراوەو بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەفەرمی بەئەندامبوونیان دەست پێ بکات. یەکێکیتر لە بڕیارە گرینگەکانی بەرپرسانی برێکس، دانانی پلاتفۆڕمێکە بۆ بازرگانی هاوبەش و سود وەرگرتن لەدراوە نێودەوڵەتییەکان بەم پێیە وەزیری ئابووری و بانکی ناوەندی وڵاتانی ئەندام راسپێردراو رێکاری گونجاو بۆ دانانی ئەم پلاتفۆرمە بدۆزنەوە. بەکار هێنانی دراوی نەتەوەیی وەستانەوەیە بەرامبەر بە ئەمریکا و ئابووری رۆژئاوا. ئەمریکا بە وردی چاودێری رووداوەکان ئەکات، لەبەر ئەوەی ئەزانێت رووسیا دەیەوێت کۆتایی بە باڵادەست بوونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکان نێودەوڵەتییەکان بهێنێت و سەرەتای ئەم خەونەشی لە برێکسەوە دەست پێکردووە. بەڕازیل، رووسیا، هندستان، چین و ئەفریقای باشوور پێنج وڵاتی دامەزرێنەری رێکخراوی برێکسن کە لە ئێستادا ئەفریقای باشوور سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆبوونەوەکان ئەکات. جگە لە رووسیا، هیچکام لە وڵاتانی ئەندام نایانەوێت دژایەتی دۆلار بکەن. وڵاتانیتر زیاتر بە شوێن ئەوەوەن کە رێگای جیاواز بدۆزنەوە بۆ سیستەمی پاکتاوی بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی و سەربەخۆ لە پێوەرە رۆژئاواییەکان. لە سەدا ٤٠ی دانیشتوای گۆی زەوی لە پێنج وڵاتی ئەندامی برێکسن ( بەڕازیل، رووسیا، هێندستان و چین و ئەفریقای باشوور) و ئەم ٥ وڵاتە ٢٥٪ ئابووری دونیایان بە دەستە. چین بە تەنها خۆی ٧٠ لەسەدی ئابووری ئەم جەمسەرە نوێیە ئابوورییە پێک دەهێنێت. هەر ئەمە بووە بە هۆی جێگەی نیگەرانی هێندستان چونکە پێی وایە گەورەکردنەوەی برێکس دەبێت بە هۆی بەهێزتربوونی چین لە باری ئابوورییەوە، بە تایبەت دوای پەیوەستبوونی ئەم ٦ وڵاتە نوێیە کە ئەندامییەتیان پەسەندکراوە. وڵاتانی ئەندامی برێکیس هاوئامانج نین لە پەرەپێدانی ئەم رێکخراوەو هەر وڵاتەی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەم رێکخراوە گەورەتر بێت. لەکاتێکدا چین بە شوێن ئامانجی بازرگانی و ئابووری تایبەتی خۆیەوەیە لە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی برێکس، ڕووسیا دەیەوێت ئەم رێکخراوە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ (جی ٧). گرووپێک کە پێشتر رووسیا ئەندامی بوو و بە (جی ٨) دەناسرا و دوای ئەو رێفراندۆمەی لە ( کریمیا) ئەنجامدارا بە مەبەستی بوون بە بەشێک لە ڕوسیا لە ٢٠١٤، ئەندامیەتی رووسیا هەڵپەسێردرا. لە لایەکیترەوە بەڕازیل و هندستان دەیانەوێت هاوسەنگییەک دروست بێت و سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی ژۆهانسبۆرگدا بە ئاشکرا باسی لەوە کرد نایانەوێت دژ بە وڵاتانی پیشەیی بوەستنەوە کە مەبەستی (جی ٧ ) بوو. هێندستانیش خوازیاری دروستبوونی ئەم هاوسەنگیەیە نەک رقەبەرایەتی و ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رووسیایە. لۆلا داسیلڤا سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە قسەکانیدا وتی :" وڵاتەکەی لەم رێکخراوەیەدا مەبەستی نییە دژی (جی ٧) یان ( جی ٢٠) یان ئەمریکا بوەستێتەوە. ئێمە تەنها دەمانەوێ دۆخی ئابووری خۆمان باشتر بکەین. " پانزەهەمین کۆبوونەوەی برێکس رۆژانی ٢٢ و ٢٣و ٢٤ی ئاب، لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو و ٦٧ وڵاتی (باشوور) و ئەفریقا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابوون. برێکس و ئابووری ئێران ئاخۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی برێکس ئەتوانێت یارمەتی ئابووری رووخاوی ئێران بدات؟ ئاخۆ ئەندامبوونی ئێران لەم رێکخراوە یارمەتیدەرە بۆ چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە ئابوورییە؟ دەربارەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی باس لە هاوکاری لەگەڵ گرووپی برێکس ئەکات، ژمارەیەک لە ئابووریناسەکان و شارەزایانی پرسی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بیروباوەڕەن هاوکاریکردنی گرووپی برێکس، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یارمەتی ئێران نادات و لەهەمانکاتدا بوونی ئێران لەو گرووپە جگەلەوە خزمەت بەو گرووپە ئابووری- سیاسیە ناکات، رێگرە لەبەردەمیان. شاهین مودەڕس پسپۆڕ و کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" برێکس هەوڵیداوە هاوتەریب لەگەڵ گرووپی ٧ بە دامەزراندنی بانکی گەشەی نوێ، مۆدێلێکی گەشەی خۆی پەیڕەو بکات. گەمارۆکان رێگرن لەوەی کە ئێران بتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە "برێکس" پەرە پێ بدات، کەوایە لە ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپە، جگە لەوەی نابێت بە هۆی باشتربوونی دۆخی ئەم گرووپە، بەڵکوو رێگرە لەوە بتوانێت کارەکانی بە باشی بباتە پێش ". هەر لەم پەیوەندەدا " مەجید گولپوور" کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەربارەی ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لە برێکس بە دەنگی ئەمریکای وتووە:" پرسی سووود وەرگرتن لە بازاڕەکانی نزیک بە برێکس، وەهمێکە لە ناو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا دروستبووە. کۆماری ئیسلامی بە هۆی کێشە یاسایی و بانکییەکانەوە، لە برێکسیشدا هیچ دەستکەوت و پێگەیەکی نابێت".
هاوڵاتی ئۆكرانیا نزیك دەبێتەوە لەبەدەستهێنانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16، ئەویش وەك هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توانا سەربازیەكانی رووسیا، بەڵام پسپۆڕان و هەواڵگری وڵاتان رایان جیاوازە لەسەر ئەوەی بەكاتێكی كەم یان درێژ كاریگەری دەردەكەوێت یاخود نا. مارك رووتە سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند وڵاتەكەی و دانیمارك ژمارەیەك فڕۆكەی ئێف 16یان داوەتە ئۆكرانیا و ئەو وڵاتەش مەرجەكانی جێبەجێكردووە. وتەكانی رووتە لەمیانی سەردانێكی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هات بۆ هۆڵەندا كەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو بوو، ئەویش دوای دوو رۆژ بوو لەڕاگەیاندنی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێت بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەهەریەك لەهۆڵەندا و دانیمارك تابیگەیەننە هێزە ئاسمانیەكانی ئۆكرانیا. رەزامەندیەكەی ئەمریكا دوای چەند هەفتەیەك دێت لەداواكاری ئۆكرانیا بەپێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەهێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی و زیلینسكی لەبنكەیەكی سەربازی شاری ئایندهۆڤنی باشوری هۆڵەندا لەگەڵ مارك رووتە فڕۆكەكانی وەرگرت. سەرۆكی ئۆكرانیا باسی لەوەشكرد ژمارەیەك فڕۆكەیان بەدەست گەیشتووەو دوای راهێنانی چەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێك هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی لەشەڕی ئۆكرانیا دژ بەڕووسیا بەكاریدەهێنن. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی، رەزامەندی پێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بە ئۆكرانیا لەڕێگەی هۆڵەنداو دانیماركەوە گۆڕانكاری لەشەڕی ئۆكرانیا دروستدەكات و گۆڕانكارییەكەش بەكاتێكی كەم روودەدات، لەكاتێكدا هەژدە مانگە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكرانیا درێژەی هەیە. ویستی پێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەئۆكرانیا لەكاتێكدایە چەندین جار ئەو وڵاتە داوایكردووە هێزە ئاسمانیەكەی لەبەرامبەر رووسیا بەهێز بكرێت، لەمدواییەشدا بەبێ بوونی هێزێكی ئاسمانی كاریگەر بەرامبەر رووسیا، ئۆكرانیا توانیویەتی لەڕێگەی درۆنەوە چەند دژە هێرشێك دژ بەڕووسیا ئەنجام بدات، هەرچەندە بەدرێژایی جەنگی ئۆكرانیا هێزەكانی ئەو وڵاتە لەژێر رەحمی بۆمبهاوێژو فڕۆكە جەنگیەكانی رووسیادا بوون، بەڵام لەڕۆژی هەینی رابردووەوە بەپێدانی رەزامەندی لەلایەن ئەمریكاوە بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە بەئۆكرانیا چاوەڕواندەكرێت مەیدانی جەنگ لەبەرژەوەندی ئۆكرانیەكان بێت. هەریەك لەحكومەتەكانی هۆڵەنداو دانیمارك لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكدا كە لە 11 وڵات پێكهاتووە راهێنان بەهێزە ئۆكرانیەكان دەكەن لەو چوارچێوەیەشدا راهێنان بەچەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێكی ئۆكرانی دەكەن بۆ كارپێكردنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف16ی دروستكراوی ئەمریكا كە تائێستا زۆر وڵات نەیانتوانیوە ئەمریكا رازی بكەن بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە. پێشتر ئەمریكا رەزامەندی نیشاندابوو بەپێدانی چەند تانكێكی جۆری «ئەبرامز» راشیگەیاندبوو شان بەشانی فڕۆكەی ئێف 16 دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروستبكات لەشەڕی دژ بەڕووسیا لەئۆكرانیا. پێدانی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووانە بەئۆكرانیا لەلایەن ئەمریكاوە لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە پشتی بەفڕۆكەی كۆنی مێك 29 و سۆخۆی رووسی دەبەست، بەڵام بەپێچەوانەوە وەك پسپۆڕان دەڵێن فڕۆكەی ئێف 16 جگە لەوەی پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای سەربازی تێدا بەكاهێنراوە توانایەكی وردی هەیە لەبەئامانجگرتنداو فرەجۆریشە. وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك جەختیكردەوە رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 دوای جێبەجێكردنی مەرجەكان دێت كە لەگەڵ ئەمریكاو هاوبەشەكانیان دایان ناوە. بەشێك لەمەرجەكان كەئاشكراكراون تەنها راهێنانی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان نییە، بەڵكو پێویستە ژێرخانی فڕۆكەكەو خزمەتگوزاری لۆجیستی بۆ دابین بكرێت. لەلایەن خۆیەوە، ئیرینا چۆكرمان پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژی بە سكای نیوزی وتووە: رەزامەندی ئەمریكا بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەئۆكرانیا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت گۆڕانكاری لەدرێژ مەودادا لەشەڕی ئۆكرانیا دروستبكات. چۆكرمان باس لەوەشدەكات هاوبەشانی یەكێتی ئەوروپا كە بەشدارییان لەبەرنامەی راهێنانی فڕۆكەوانە ئۆكرانیەكان بۆ ئێف 16 كردووە بەكرداری دەستیان بەڕاهێنان كردووە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی رەزامەندی ئەمریكا بكەن لەناردنی فڕۆكەكان. ئەو پسپۆڕە ستراتیژی و ئەمنییە جەختدەكاتەوە بەخستنەگەڕی فڕۆكەی ئێف 16 ئۆكرانیا دەتوانێت بەچەند رێگایەك توانای هێزە ئاسمانیەكانی زیاتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا و لەو بنبەستیەی پێشوو تێیكەوتبوو دەربچێت. جگە لەو پسپۆڕە ئەمریكییە پسپۆڕانی سەربازی ئەوروپاو هەواڵگری سەربازی ئەو وڵاتانە باس لەوەدەكەن، رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 بەسوپای ئۆكرانیا دەتوانێت گۆڕانكاری لەسەر ئاستی مەیدانی دروستبكات و یارییەكە لەبەرژەوەندی كییڤ كۆتایی پێبهێنێت، چونكە وەك چاودێرانی سەربازی دەڵێن دەتوانێت كۆتایی بەو هێرشە بەردەوامانەی رووسیا بهێنێت كە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەیكاتە سەر هێزە سەربازیەكانی ئۆكرانیا لەشارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. هەرچەندە بەشێك لەپسپۆڕان باس لەوەدەكەن بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 گۆڕانكاری لەمەیدانی شەڕی ئۆكرانیا و رووسیا روودەدات، بەڵام هەواڵگری بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەكەن راهێنانی تەواوەتی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان 18 مانگی پێدەچێت، بەوەش پێدانی فڕۆكەكان لەسەر ئاستی نزیك مەودا كاریگەری دروستناكات، لەكاتێكدا ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر سوپای رووسیا دەستپێكردووەو بەدرۆنیش هێرشی كردووەتە سەر چەند شارێكی.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند ئەگەر هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، راست بن ئەوا نابێت کەس "سەری بسوڕمێت" چونکە کیشە و ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی روسیا هەبووە. ئەیدریەن واتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبووە کە هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژینیان بینیووە و "ئەگەر ئەو هەواڵانە پشتراستبکرێنەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێنێت" چونکە ناکۆکی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا هەبووە. هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە روداوی مردنی یەڤگینی پریگۆژین ئاگادارکراوەتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەیەک لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارە و 10 سەرنشینی تێدابوو کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. چەناڵی تەلێگرامی ڤاگنەر رایگەیاند کە فرۆکەکە لەلایەن بەرگری ئاسمانی روسیاوە تێشکێندراوە. یەڤگینی پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزی ڤاگنەری لە ئۆکرانیاوە بەرەو شاری مۆسکۆ جوڵاند و هەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیای دەکرد بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا. میدیا جیهانییەکان ئەم کارەی پریگۆژینیان بە کودەتا ناوزەند کرد دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا. هەڵمەتەکەی پریگۆژین تەنها رۆژێکی خایاند و هێزی ڤاگنەر لە مۆسکۆ کشایەوە، دواتر پریگۆژین لەسەر خواستی حکومەتی روسیا رووی لە بیلاروسیا کرد.
هاوڵاتی لە روداوێکی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەکدا لە نزیک مۆسکۆ یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لەگەڵ نۆ سەرنشینی تردا گیانی لەدەستدا. میدیاکانی روسیا بڵاویناکردوە کە یەڤگینی پریگۆژین ناوی لە لیستی ئەو فرۆکەیەدا هەبووە کە کەوتووەتە خوارەوە لە هەرێمی تڤێر لە باکوری مسۆکۆ. پێشتر چەناڵی تەلەگرامی گرەی زۆن کە سەر بە گرپی ڤاگنەرە رایگەیاند فرۆکەکە لەلایەن بەرگری ئاسمانی روسیاوە تێکشکێندراوە. بەپێی زانیارییەکان فرۆکەکە لە مۆسکۆ بەرێکەوتووە بۆ شاری سانتپترسبۆرگ و 10 سەرنشینی تێدا بووە کە سێ کەسیان کارمەند و فڕۆکەوان بوون. یەڤگینی پریگۆژین لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ دژی سوپای روسیا وەستایەوە و هیزەکانی لە ئۆکرانیاوە بەرەو مۆسکۆ رەوانە کرد، ئەمەش بە هۆکاری تووڕەیی لە سەرکردە سەربازییەکانی جەنگی ئۆکرانیا. بەشێکی زۆر لە میدیاکانی جیهان ئەمەیان بە "کودەتا" ناوبرد دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا. دوای دامرکانەوەی روداوەکان و لە رۆژی دواتر یەڤگینی پریگۆژین هێزی ڤاگنەری کشاندوە و دواتر بەرەو بیلاڕووسیا بەڕێکەوت. گروپی باگنەر گروپێکی چەکداری تایبەتە و خاوەنی 50 هەزار چەکدارە، لە زۆربەی وڵاتانیش چالاکی چەکداری هەیە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی جەنگ و ناسەقامگیری بوونیان هەیە.
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وهزیرى دهوڵهتى بریتانیا بۆ کاروبارى ئاسایش کۆبوەوە و تێیدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد و قوباد تاڵەبانی داوای کرد کۆمپانیاکانی بەریتانیا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتەکە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە، تۆم توگێندهات، وهزیرى دهوڵهتى بەریتانیا بۆ کاروبارى ئاسایش لەگەڵ قوباد تالەبانی کۆبووەتەوە و باسی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، کێشەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها کیشەکانی ناو وەزارەتی پێشەرگەیان کردووە. یەکێکی تر لەو تەوەورانەی باسکراوە چۆنییەتی بەرەنگاربونەوەی کۆچی نایاسایی بووە و شاندەکەی بەریتانیا داوایکردووە، "حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی". قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەری کۆچی نایاسایی بە شاندەی بەریتانیای وتووە، "ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم."
هاوڵاتی تەرمی ١٨ کەس لە دارستانەکانی سنووری نێوان تورکیا و یۆنان بە سوتاویی دۆزرانەوە کە ماوەیەکە ئاگری لێکەوتووەتەوە و گوماندەکرێت کۆچبەربن. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕایانگەیاندوە هەژدە لاشەی سووتاو لە ناوچەیەکی دوور لە باشوری گوندی ئاڤانتاس لە باکوری یۆنان دۆزراونەتەوە و ئاژانسەکە دەڵێت لەبەر ئەوەی هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ونبوون یان بێسەروشوێنبوونی دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری نەبووە، ئەگەری ئەوە هەیە تەرمی کۆچبەر بن. ئەو شوێنەی تەرمەکانی تێدا دۆزراوەتەوە مۆڵگە و شوێنی پەڕینەوەی پەنابەران و کۆچبەرانن و لە مێژە ئەو شوێنە وەک دەرچەیەک لەنێوان تورکیا و یۆنان لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ پەڕینەوە بەرەو خاکی ئەوروپا بەکارهاتووە. ماوەیەکە ئاگرێکی چڕ و فراوان بەشێک لە دارستانەکانی وڵاتی یۆنانی گرتەوەتەوە و بەهۆیەوە زیان بەر چەندین ماڵ و خانووی دانیشتوان کەوتووە و خەڵکانێکی زۆریش ئاوارەبوون.
هاوڵاتی بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان دابەزی و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەیەدا خستنەڕوو زیاتر دەبێت بەهۆی رێکارەکانی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەن ئۆپیکەوە. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئابی 2023 نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازارەکانی جیهان هەشت سەنت دابەزی و گەیشتە 84 دۆلار و 65 سەنت، ئەمەش بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە حەیان عەبدولغەنی سەردانی، وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی ئەنقەرەی کردووە بۆ تاووتوێکردنی هەندێک بابەت لەوانە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانەوە، کە مەبەست لێی نەوتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها ئەوەش هاتووە، کە گەیشتنی نەوتی زیاتر لە عێراقەوە رەنگە ببێتە چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی خستەنەڕووی نەوت بەهۆی رێکارەکانی رێکخراوی ئۆپیکەوە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان. لە 25ی مانگی ئازاری 2023 تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان راگرت کە 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو، ئەمەش بەهۆی دۆسیەی نێوان ئەقەرە و بەغدا لەسەر نەوت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.
هاوڵاتی دەزگاى لوتکە ڕایگەیاند، لە شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ئەڵمانیا حەوت هەزار و ٨٦١ پەنابەرى دیپۆرت کردووەتەوە. دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە، لە شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ئەڵمانیا حەوت هەزار و ٨٦١ پەنابەرى دیپۆرت کردووەتەوە، کە هەزار و ٦٦٤ لەوانە ژنن و هەزار و ٣٧٥ کەسى دیکەشیان لە خوار تەمەنى ١٨ ساڵیەوەن. لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى لوتکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، بەراورد بە شەش مانگى ساڵى ٢٠٢٢ لە ئەمساڵدا دیپۆرتکردنەوەى پەنابەران لەلایەن ئەڵمانیاوە بە رێژەى لە ٢٧% زیادیکردووە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، حکومەتی ئەڵمانیا داوای لەو کەسانە کردووە، کە مافى مانەوە یان ڤیزایان بەسەر چووە و هەروەها، ئەو کەسانەشی، کە داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، ئەگەر خۆبەخشانە نەڕۆن ئەوا بە زەبری هێز دیپۆرتیان دەکەنەوە .
هاوڵاتی دوای زیاتر لە دوو مانگ کەشتییە نەوتییەکەی ئێران لە ویلایەتی تەکساس بەتاڵ دەکرێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران دژی بەتاڵکردنی کەشتییەکە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، کەشتی نەوتهەڵگری سوێز راجانی ئێرانی کەماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی بەسەردا گیراوە لە نزیک گاڵڤستۆن لەدووری 70 کیلۆمەتر لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا بەتاڵ دەکرێت. کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر لە دەریای چینی باشوور و لە کەنارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی سەنگاپوورە راگیرابوو، کتوپڕ بەرەو کەنداوی مەکسیک بەڕێکەوت. میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن کە واشنتن دەستی بەسەر کەشتییە ئێرانییەکەدا گرتووە. کەشتییەکە هەڵگری 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە کە مەزندە دەکرێت بەهاکەی 56 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بێت. بڕیار بووە نەوتی کەشتییەکە لەڕێی کەشتییەکی بچوکتر بەناوی MR Euphrates بەتاڵ بکرێت کە نزیکی کەشتییە ئێرانییەکە کەوتووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان کردبوو لە داگرتنی بارە نەوتەکەی کەشتییەکە و عەلیرەزا تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریدا کە ئەگەر باری کەشتییەکە دابگیردرێت بێدەنگ نابن و تۆڵە دەکەنەوە.
هاوڵاتی لە دادگایەکی بەریتانیا پەرستارێک تۆمەتی کوشتنی حەوت منداڵ و هەوڵدان بۆ کوشتنی شەش منداڵی تری ساوای بەسەردا سەپێنرا کە یەكێک لە قوربانییەکان تەنها تەمەنی یەک رۆژ بووە. میدیاکانی بەریتانیا ئەمڕۆ هەیینی 18ی ئابی 2023، بڵاویانکردەوە کە لوسی لێتبی، پەرستار لە نەخۆشخانەیەکی باکوری رۆژئاوای ئینگلتەرا، تۆمەتی کوشتنی حەوت منداڵی بەسەردا سەپێنرا لە دادگایەکی بەریتانیا و رۆژی دووشەممە سزاکەی دیاری دەکرێت کە رەنگە سزای زیندانی هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت. لوسی تەمەن 33 ساڵ پێنج منداڵی ساوای کوڕ و دوو منداڵی ساوای کچی لەو نەخۆشخانەیە کوشتووە کە کاری تێدا کردووە لەنیوان 2015 بۆ 2016 بە ناوی نەخۆشخانەی "کاونتس چێستەر." داواکاری گشتی لەسەر دۆسیەکە رایگەیاند، لوسی هەندێک لە قوربانیەکانی بە لێدانی دەرزی ئەنسۆڵین کوشتووە و هەندێکیشیانی ناچار بە هەوا هەڵمژین و شیر خواردن کردووە، کە هەندێک جار چەند جارێک ئەمانەی دووبارە کردووەتەوە تا منداڵەکان مردوون. تا ئێستا بەروونی نازانرێت لوسی ئەم کارەی بۆ کردووە، بەڵام لێکۆڵەرانی دۆسیەکە نوسینێکیان لە ماڵی تۆمەتبار دۆزیوەتەوە کە ئاماژەیە بۆ هۆکاری کوشتنی منداڵە ساواکان. لە نامەکەدا نوسراوە، "من ئەوانم بە ئەنقەست کوشتووە چونکە من کەسێکی باش نیم تا ئاگام لێیان بێت، من کەسێکی زۆر خراپم، من ئەمەم کرد، من زۆر خراپم." بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، هەندێک لە قوربانییەکان دوانە بوون و لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا لوسی دوانەیەکی کوشتووە و لە دوو دۆسیەی تردا منداڵێکی لە دوانەیەکی تری کوشتووە و نەیتوانییوە ئەوی تر بکوژێت. بچوکترین منداڵ کە لوسی کوشتویەتی تەنها تەمەنی یەک رۆژ بووە. دادگاییکردنی لوسی ماوەی 10 مانگە بەرێوە دەچێت و لە دادگا لوسی بەرگری لە خۆی کردووە و رایگەیاندووە، هەرگیز نەیویستووە ئازاری ئەو منداڵانە بدات و تەنها ویستوویەتی ئاگای لێیان بێت و گرنگیان پێ بدات، هاوکات ناسەلامەتی ستاف و پیسی نەخۆشخانەکەی وەک هۆکار داناوە بۆ مردنی منداڵەکان. لوسی ئەوەیشی وتووە کە هەندێک لە پزیشکەکان پیلانیان دژی گێڕاوە و ئەو نامەیەشیان نوسیووە تا کوشتنی منداڵەکان بخەنە ئەستۆی ئەو. بەڵام داواکاری گشتی دەڵێت، لوسی کەسێکی "درۆزن و خراپەکار و دڕندەیە" کە لە چەند حاڵەتێکدا قسەکانی خۆی گۆڕیووە لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا. ئاشکرابوونی کارەکانی لوسی کاتێک دەرکەوت کە کۆمەڵێک پزیشکی نەخۆشخانەکە نیگەران بوون لە ژمارەی مردنی ناڕوونی چەندین منداڵ لە بەشی منداڵی ساوا لە نەخۆشخانەکەیان. کاتێک پزیشکەکان نەیانتوانیوە هۆکارێکی پزیشکی و زانستی بدۆزنەوە بۆ مردنی منداڵەکان، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە کردووە و دەرکەوتووە کاتێک لوسی ئامادەیە لە بەشی منداڵی ساوا دۆخەکە "خراپتر دەبێت."
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە لە رێگەی هۆڵەندا و دانیمارکەوە فرۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە لە نامەیەکی فەرمیدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندی بۆ هۆڵەندا و دانیمارک دەربڕیووە کە فرۆکەی جەنگی F-16 بۆ ئۆکرانیا بنێرن لەدوای تەواوبوونی راهێنانی فرۆکەوانی بە فرۆکەوانە ئۆکرانییەکان. لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی بە ئەنجامدانی راهێنان بەفرۆکەوانە ئۆکرانییەکان و هاوپەیمانییەتیەکی 11 وڵاتی دروست بوو بۆ دەستپێکردنی راهێنانەکە کە ئەم مانگە دەستیپێکردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا، وڵاتەکە لە ئێستادا 24 فرۆکەی F-16ی ئەمریکی هەیە و 18 دانەی تریشی داناوە بۆ فرۆشتن کە 12یان تا ئێستا فرۆشراون. فرۆکەی F-16 فرۆکەیەکی جەنگی پێشکەوتوویی ئەمریکییە کە ئۆکرانیا لەسەرەتای جەنگەوە چەندین جار داوای کردووە تا بەکاریبهێنێت دژی روسیا و بە چەکێکی کاریگەر ناوی دەبات کە دەتوانێت ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت.
