فیفا لەسەر ماچکردنی کچە یاریزانێک سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای دوورخستەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی فیفا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ کارەکانی لویس روبیالس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سڕ بکات و لە کار دووریبخاتەوە بەهۆی ماچکردنی كچە یاریزانێک لە جامی جیهانی ژنان.
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ژنانی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە ئینگلەتەرایان بردەوە و دواتر بوونە پاڵەوان، لەکاتی وەرگرتنی ناسناوەکانیاندا، لویس روبیالس باوەش بە هەموویاندا دەکات و ماچیان دەکات، بەڵام لەگەڵ یەکێک لە کچەیاریزانەکان بەناوی جێنی هێرمۆسۆ ماچی لێو دەکات و ئەم کارەشی لەناو ئیسپانیا هەرای نایەوە.
روبیالس دەڵێت، ماچەکە دوولایەنە بووە و هەردوکیان رەزامەند بوون لەسەری بەڵام کچە یاریزانەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ماچەکە پێویست نەبووە و رەزامەندی ئەوی لەسەر نەبووە.
روبیالس فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا و تیمی نیشتمانی ئیسپانیا کە دەستلەکاربکێشێتەوە بەڵام پێداگربوو لەسەر کارەکەی و رایگەیاند هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە.
بەهۆی فشارەکانەوە رێکخراوی فیفا بڕیاریدا ماوەی 90 رۆژ کارەکانی روبیالس هەڵپەسێرێت و دووریبخاتەوە تا دادگا دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
