کۆشکی سپی: مردنی پریگۆژین جێی سەرسوڕمان نییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند ئەگەر هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، راست بن ئەوا نابێت کەس "سەری بسوڕمێت" چونکە کیشە و ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی روسیا هەبووە.
ئەیدریەن واتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبووە کە هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژینیان بینیووە و "ئەگەر ئەو هەواڵانە پشتراستبکرێنەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێنێت" چونکە ناکۆکی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا هەبووە.
هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە روداوی مردنی یەڤگینی پریگۆژین ئاگادارکراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەیەک لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارە و 10 سەرنشینی تێدابوو کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. چەناڵی تەلێگرامی ڤاگنەر رایگەیاند کە فرۆکەکە لەلایەن بەرگری ئاسمانی روسیاوە تێشکێندراوە.
یەڤگینی پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزی ڤاگنەری لە ئۆکرانیاوە بەرەو شاری مۆسکۆ جوڵاند و هەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیای دەکرد بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا. میدیا جیهانییەکان ئەم کارەی پریگۆژینیان بە کودەتا ناوزەند کرد دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا.
هەڵمەتەکەی پریگۆژین تەنها رۆژێکی خایاند و هێزی ڤاگنەر لە مۆسکۆ کشایەوە، دواتر پریگۆژین لەسەر خواستی حکومەتی روسیا رووی لە بیلاروسیا کرد.