103 رۆژە ناڕەزایتەییەکان بەردەوامن و تەنها لە دو رۆژدا رێوڕەسمی چلەی 11 کوژراوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و سەقز و سنە بەڕێوچو و لەو شارانە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان دروشمیان دی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هاوکات ولاتی ئەڵمانیا پشتیوانیی بۆ ناڕەزایەتییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران راگیراون و سەرنجی وڵاتەکەی تەنها لەسەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتییانەیە لە ئێران. ئەمڕۆ چوارشەممە لە بۆکان چلەی مەرگی میلاد مەعروفی تەمەن 23 ساڵ بەڕێوەچو و دایکیشی لەسەر گڵکۆکەی رایگەیاند؛ کوڕەکەی ئەو چێ شانازییە کە شەهیدی رێگەی ئازادیی و کوردستانە بۆیە گریانی ناوێت، ئەو وتیشی" دەبێت بەکرێگیراوان بگرین کە لە پێناو پارە و ماڵی دنیا خۆیان و خەڵک و رۆڵەکانی ئێمەیان فرۆشت، دایکی میلاد دەڵێت: ناگریم بۆ کوڕەکەم و شانازیی پێوە دەکەم ئەوان شەهیدە و رۆڵەی ئاگر و خوێنە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەکی کە لە رێوڕەسمەکە بڵاو کراوەتە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان و یادی چلەی میلاد مەعروفی کردوە. هەر لە شاری بۆکان رێوڕەسمی چلەی مەرگی شەهریار محەمەدی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو. لە شاری مەهاباد رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهران رەحمانی بەڕێوەچو کە دوای برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدابو. بە پێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 103 رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان 139 کەس کوژراون کە تەمەنی زۆرینەیان لە نێوان 19 بۆ 26 ساڵ بوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە ماوەی 20 رۆژی رابردودا دەیان کوڕ و کچی گەنجی ئیلام و کرماشان و مەهاباد و سەقز و بۆکان دەستگیرکراون و چارەنوسی زۆربەیان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی 201 کچ و ژنی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون ئاشکرابوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە تا 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 476 کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کوژراون. ئەگەرچی تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام ئاشکرای کردوە 51 ئەندامی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی لەو ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. بە کۆی ئامارەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە کە بارەگاکانیان لە دەرەوەیە لە ماوەی 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان بە گشتی 527 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەش 69 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. لە رۆژانی 21 تا 22 مانگی ئیلولی ئەمساڵ هەشت لاو کە تەمەنیان 16 ساڵ بو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو رۆژەی سارەکانی ورمێ و پیرانشار و شنۆ و دێدەشت و تاران و زەنجان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی چوارشممە کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ چیتر پێویست ناکات دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بەردەوام بێت چونکە ئامانج و سەرنجی سەرەکیی ئەڵمانیا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیە. لەگەڵ لێدوانی کریستۆفەر بێرگەر ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رەخنەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئەوروپا گرت کە تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەخستوەتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. هاوکات هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رایگەیاند؛ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە ئەو حەوت هاوڵاتییە بەریتانی-ئێرانییە ئازاد بکات کە لە ماوەی رابردودا لە لاین سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرابون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ بەریتانیا هیچ کاتێک قبوڵی ناکات هاوڵاتییانی وەک بارمتە بە ئامانجی فشاری سیاسیی سودیان لێورگیرێت و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو شێوازە بێت کە دەیەوێت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت بەریتانیا ، فشاری سیاسیی لەسەر لەندەن دروست بکات.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە تاڵیبان دەکات سیاسەتەکانی دەربارەی ژنان بگۆڕێت وپێچەوانەی بکاتەوە، هەروەها دەڵێت بەمجۆرە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پێدانی مافەکژانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەکەدا نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی بارەی پێشێلکاریەکانی مافی ژنانی ئەفغانستان دەربڕی،هەروەها داوای کرد کە بە یەکسانی ژنان وکچانی ئەفغانستان بەشداربن لە هەموو کایەکاندا. ئەم بەیاننامەیەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوای ئەوە دێت کە تاڵیبان لە هەفتەی ڕابردوودا قەدەغەی مافی خوێندنی ژنانی کرد، چەند ڕۆژێک دەوای ئەوەش قەدەغەی کارکردنی ژنانی کرد لە ڕێکخراوە ناوحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکاندا. ئەم سنوردارکردنانەی تاڵیبان و سیاستەکانی دەربارەی ژنان، هەنگاوێکی نوێی تاڵیبانە بۆ سەرکوتکردنی ژانانی ئەفغانستان لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لەگەڵ ئەوەی تاڵیبان چەندین جار بانگەشەی کردووە کە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان پێشێل ناکات؛ بەڵام ئەوەی کە دەیکات تەواو پێچەوانەی بانگەشەکانیەتی وتەواوی ئەو مافانەی زەوتکردووە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانستان بە زەحمەت بەدەستیان هێنابوو.
هاوڵاتی ئیگۆر ترونۆڤ، سەرۆکی یەکێتی پاریزەرانی ڕووسیا بە ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕاگەیاندووە، ئەو سەربازانەی دەچنە ئۆکرانیا، مافی ئەوەیان هەیە کە سپێرمەکانیان بە خۆڕایی لە بانکی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرم وخانەکان هەڵبگیرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی دوای مردنیشیان هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەبێت مندآڵیان ببێت. ئیگۆر ترونۆڤ، لەبارەی داواکاریەکەوە کە بۆ وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیایان ناردووە، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندرووستی وەڵامی بانگەوازەکەیان داوەتەوە بۆ گۆڕانکاری لە بیمەی پزیشکی و هەڵگرتنی سپیرمی ئەو سەربازانەی کە بەشداری جەنگی ئۆکرانیا دەکەن. چەند ڕۆژێک دوای بانگەوازەکە، ژمارەیەکی زۆری پیاوان سەردانی کلینیکەکان وبانکەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرمی بەستوویان کردووە بۆ هەڵگرتنی سپێرمەکانیان و ئامادەکردنی ڕیکەوتنیک بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن ژنەکانیانەوە بەکاربهینرێن؛ بەپێی ماڵپەڕی فۆنتانکا لە شاری سان پترسبۆرگ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاندری ئیڤانۆڤ لە نەخۆشخانەی مارینسکی لە سان پترسبۆرگ، ڕایگەیاندووە ئەو پیاوانەی دەیانەوێ بچنە دەرەوەی رووسیا یان ئەوانەی کە بۆ ڕەشنوسی بانگەوازەکەش ئامادەن سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە. هەر بەپێی ماڵپەری فۆنتانکا، پێشتر ژن وپیاویکی کەمتر سەردانی ئەم کلینیکانەیان کردووە تەنها مەگەر لە حآڵەتێکدا کە زۆر پێویست بووبیت، هەروەها دەڵێت ئەم چارەسەرە بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەگەر سەربازیک توانای زاوزێی لەدەست دا یاخود مرد، ئەوا دەتوانێت ببێتە خاوەنی منداڵ. هاوکات، وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیا هێشتا هیچ لێدوانیکی لەم بارەیەوە نەداوە و سەرۆکی یەکێتی پارێزەرانیش دەڵێت، پێوسیتە سەندیکای پارێزەران بەدواداچوون بۆ ئەوەبکات کە ئایا چۆن ڕێکبکەون لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی بۆ ڕێکارە پێویستەکان.
هاوڵاتی بەرپرسە باڵاکانی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری بە نێوەندکاری دەوڵەتی روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە و ئەوەش دوای قسەکانی ئەردۆغان دێت کە وتبووی 'ئامادەین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ روسیا ئاسایی بکەینەوە'. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و هاکان فیداکان سەرۆکی هەواڵگری تورکیا (میت)، عەلی مەحمەد عەباس وەزیری بەرگری سوریا و شاندێکی هەواڵگری وڵاتەکەی و سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە. بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، بابەتی کۆبونەوکە، قەیرانی سوریا، پرسی پەنابەران و پرسی رۆژئاوای کوردستانە کە ئەوان بە پرسی 'تیرۆر' ناوی دەهێنن. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکان بەردەوام دەبن. وەزارەتی بەرگری روسیا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و وتی، " رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، کێشەی پەنابەران و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا تاوتوێ کران". لە مانگی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارەی تورکیا چەند جارێک رایگەیاندبوو، دەیانەوێت هاوشێوەی هەندێک وڵاتی ناوچەکە و جیهان، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکەنەوە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەسەر ئاستی هەواڵگری چەندین کۆبونەوە لەنێوان ئەوان و سوریا ئەنجامدراوە. بەرپرسانی تورکیا مەرجی سەرەکیان ئەوەیە کە رژێمی سوریا لەدژی رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی بەو شێوەیە لەلایەن دیمەشقەوە نەنراوە و رایدەگەیەنن کە پێویستە تورکیا سەربازانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکان بهێنێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە کریملن پلانە ١٠ خاڵییەکەی ئۆکرانیای بۆ ئاشتی ڕەتکردەوە و دەڵێت هەر پلانێکی ئاشتی ئۆکرانیا دەبێت ناوچە لکێنراوەکان بە ڕوسیاوە بگرێتەوە. دیمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرێملن وتی: "ناکرێت هیچ پلانێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا هەبێت کە ڕەچاوی ڕاستیەکانی ئەمڕۆی ناوچەی ڕوسیا نەکات، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی چوار هەرێم بۆ ڕووسیا ئەو پلانانەی کە ئەم ڕاستیانە لەبەرچاو ناگرن ناتوانن ئاشتییانە بن". ڕوسیا لە مانگی ئەیلولدا دوای ئەوەی ڕیفراندۆمی لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا ئەنجامدا هەرێمەکانی دۆندتسک، لوهانسک، خەرسن و زاپووریژژیای بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی ناساند لە کاتێکدا هیچ کەم لەم ناوچانە بەتەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیادا نین و ڕیفراندۆمەکە لە لایەن ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا ئیدانە کرا. ئەمەشلەکاتێکدایە سەرۆکی ئۆکرانیا زیلینسکی لە مانگی یانزەدا پلانێکی ١٠ خاڵی بۆ ئاشتی پێشکەشکردووەو لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرکردەکانی جیهاندا گفتوگۆی لەسەر دەکات وهانی سەرکردەکانی جیهان دەدا کە لوتکەیەکی ئاشتی جیهانی لەسەر بنەمای ئەو پلانە ١٠ خاڵییە ببەستن. زیلینسکی داوا دەکات کە ڕوسیا لەو چوار ناوچەیە بکشێتەوە کە بە بەشێک لە ڕوسیای ناساندووە لە گەڵیاندا لە کریمیا کە لە ٢٠١٤ دەستی بەسەردا گرت. جێگەی باسە کریملین بە بەردەوامی وتوویەتی کە کراوەیە بۆ گفتووگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت هیچ ئارەزوویەک لە لایەن کیڤەوە نابینێت بۆ ڕێککەوتن .
هاوڵاتی وەزارەتی تەندرووستی ژاپۆن ڕایگەیاند، تەنها ڕۆژی چوارشەممە ٤١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستدانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە کە تاوەکوو ئێستا لەیەک ڕۆژدا ڕوویدابێت. لەبارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی تەندرووستی ژاپۆن ڕایەگیاندووە، کە ڕۆژی چوار شەممە نزیکەی ٢١٦ هەزار و٢١٩ حاڵەتی نوێ تۆمارکراون،ئەمەس بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە وبەڕێژەی ٤ لەسەد زیادی کردووە. ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە جیهاندا ڕایگەیاندووە، کە زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان لە ٧ رۆژی ڕابردوودا بە پلەی یەکەم لە وڵاتی ژاپۆن بووە، دوای ئەویش زۆرترین حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا بووە.
هاوڵاتی لە کەرنەڤاڵی کالابار لە نەیجیریا کە کەرناڤێڵێکی ساڵانەیە شۆفێرێک بەسەرخۆشی خۆی کرد بەناو ئامادەبواندا، بەهۆیەوە ١٤ کەس گیان لەدەست دا و٢٤ کەسی دیکەس بریندار بوون. شایەتحاڵيکان دەڵین، شۆفێرەکە زۆر بەبێ باکانە خۆی کردووە بەناو نمایشەکەدا و کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست داوە. پۆلیس لەبارەی ڕووداوەکەوە وتی، شۆفێرەکە سەرخۆشبووە و نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خێرایی ئۆتۆمبێلەکە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن ئۆتۆمبێلەکە بەربەستەکانی کەرنەڤاڵەکەی تێپەڕاندووە و هاتۆتە ناو ئامادەبوانی نمایشەکە. پارێزگاری ویلایەتی کالابار ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەهۆی ڕووداوەکەوە نمایشەکانیان ڕاگرتووە کە بڕیاربوو لە شەوی سەری ساڵدا کەرنەڤاڵەکە بە یاریە ئاگرینەکان کۆتای پیبێت. کەرناڤاڵی کالابار، کەرنەڤاڵیکی ساڵانەیە وتێیدا چەندین نمایش ئەنجام دەدرێت ویەکێک لەوانە نمایشی پاسکیلسوارەکانە، لەم کەرنەڤاڵەدا کەسایەتیە ناودارە بیانی و ناوخۆییەکان بەشداری دەکەن.
ئەگەری داخستنی هەدەپە زیاتر دەبێت و لە دوایین راپرسی لە تورکیا دەردەکەوێت کەماڵ کڵچدارئۆغڵۆ سەرکەوتن بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بەدەست دەهێنێت. کۆمپانیای ئارتی بیر، تایبەت بە راپرسیی لە تورکیا، ئەنجامی دوایین راپرسیی خۆی بڵاو کردەوە و ئەگەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە وڵاتەکە بەڕێوەبچیت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا شکست دەهێنێت. بە پێی ئەنجامی ئەو راپرسییە 43.6٪ی بەشداربوان دەنگ دەدەن بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و 39.4٪ ی بەشداربوانی ئەو راپرسییە دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گەشە – ئاکەپە دەدەن. هەر بە پێی راپرسییە رون نییە 17٪ی بەشداربوان دەنگ بە کاندی چ لایەنەک دەدەن. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ کاندیدیک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار لە تورکیا دیاریی نەکراوە، بەڵام ئاکەپە جەختی لە کاندیدکردنی ئەردۆغان کردوەتەوە و کاندیدی ئۆپۆزسیۆنیش یەکلایی نەبوەتەوە بەڵام سەرۆکی جەهەپەوە یەکێک لە کاندیدە لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رەتی کردەوە کە لە ئەگەری داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کاندیدەکانی ئەو پارتە لەسەر لیستی پارتەکەی ئەوان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بکەن. باباجان لەبارەی کەسی داخستنی هەدەپە وتی: هەرکەسێک تۆمەتی تیرۆر ئاراستەیی هەدەپە بکات، ئەو خۆی پشتیوانی لە تیرۆر دەکات. لە 21ی حوزەیرانی ساڵی 2021 سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە لە دادگای باڵای تورکیا تۆمارکرا و تا ئێستا ئەو پارتە لە دادگا بەرگرینامەی پێشکەش نەکردوە و لە ئێستادا دادگایی کردن لە قۆناغێکی زارەکیدایە.
هاوڵاتی ڤلادیمێر پوتین، ڕۆژی سێشەممە بڕیارێکی دەرکرد کە تییدا فرۆشتنی نەوت بەو کۆمپانیا وڵاتانە قەدەغە دەکات کە پابەندن بەو نرخەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کڕینی نەوتی خاوی رووسیا دیاریان کردووە لە وەڵامی داگیرکاریەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا. سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەکردووە کە سزاکانی ڕۆژئاوا کاریگەری نابێت لەسەر هێرشە سەربازیەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیکردۆتەوە کە ڕووسیا کڕیاری نوێ ئەدۆزێتەوە بۆ نەوتی خاوی ڕووسیا. بڕیارەکە لە یەکی مانگی شووباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن وبۆ ماوەی پینج مانگ فرۆشتنی نەوت بەهەموو ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە قەدەغە دەکات کە پابەندی ئەو نرخەی ڕۆژئاوان. هاوکات لە بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیادا هاتووە، فەرمانی قەدەغەکردنەکە ئەکرێت بۆ هەندێک مامەڵەی تایبەت لاببرێت. ئەم بڕیارەی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوە دێت، حەوت وڵاتی زلهێزی جیهان و یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا لەم مانگەدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە بەرواری ٥ ی کانونی دووەمەوە هەربەرمیلێک نەوتی خاوی دەریایی ڕووسیا بە ٦٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئامانج لەو بڕیارەی ڕۆژئاوا گەمارۆدانی ڕووسیا بوو لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ئەوەی ڕووسیا نەتوانێت نەوتی خاوی دەریایی خۆی بە نرخێکی زۆر بە ڵاتانی سێیەم بفرۆشێت، هەروەها داهاتی ڕووسیا سنورداربکات بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا بەردەوام بێت لە دابینکردنی وزەی جیهان. لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیاوە، ڤیا چێسلاڤ، شرۆڤەکاری نەوت وگاز وتی، پێدەچێت بڕیارەکەی مۆسکۆ کاریگەری خێرای هەبووبێت، هەروەها وتیشی لە ئێستادا ئاسایی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو هەیە لە بازاڕدا کە وابیرەکەمەوە بەهۆی کاریگەری بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیاوە بێت. لەدوای سعودیە، ڕووسیا دووەم هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا ودابڕانیکی گەورە لە فرۆشتنی نەوتی ڕووسیا و سزاکانی یەکێتی ئەورپا پێدەچیت کاریگەریەکی گەورە لەسەر دابینکردنی وزەی جیهان درووست بکات لە داهاتوودا.
هاوڵاتی لە شارۆچکەیەکی بەلجیکی لە شاری بالێن، دراوێکی خواردنەوە وەک بلیت دەدرێت بەو گەنجانەی کە بەڕێژەیەک خواردویانەتەوە کە سەرخۆش و بێ ئاگا نەبون وئاگایان لەخۆیانە، ئەمەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوەکان کە بەهۆی مەیخواردنەوە وسەرخۆشی درووست دەبن. لەم شارۆچکەیە ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە دەخۆنەوە وبێ ئاگا دەبن زۆر زیادی کردووە و بەهۆیەوە کارەسات روودەدات، هەربۆیە پێش ئەوەی گەنجەکان باڕەکان و مەیخانەکان بەجیبهێڵن پشکنینێکیان بۆدەکرێت بە ئامێری هەناسەدان، ئەگەر سەلماندنیان لە رێژەی گونجاو و ڕێگەپێدراو زیاتریان نەخواردۆتەوە و ئاگایان لە خۆیانە ئەوا بلیتێک وەردەگرن کە کە دەتوانن ٣ بیرەی خۆڕایی پێ وەربگرن. ئەو ڕێکخراوەی کە ئەم بیرۆکەیەی داهیناوە دەڵێت، پۆلیس لە شارۆچکەکە زۆر هەوڵیان داوە کە کۆنتڕۆڵی ڕێژەی خورادنەوە وئەو ڕووداوانە بکەن کە بەهۆی کەسانی بێ ئاگا درووست دەبن، بەڵام نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن. هەروەها دەڵێت بەم ڕێگەیە دەمانەوێت ڕیگری بکەین لەوەی گەنجان خواردنەوەیەکی زۆری کحولی بخۆنەوە یاخود پێش ڕۆشتنە دەرەوەیان لە باڕەکان خواردنەوەیەکی کحولی هەرزان بخۆنەوە و زیاتر کاریگەریان لەسەر درووست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی خواردنەوەی زۆرەوە گەنجەکان بەشێوەیەکی ناتەندرووست وهەڵە مامەڵە دەکەن وکارەساتی لێدەکەوێتەوە. بەشێک لەو گەنجانەی بەشداریان کردووە بە ڕێگایەکی باش و سەرکەوتووی دەبینن.
هاوڵاتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەسەر شەقامەکانی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، تەشەنەسەندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەتایبەتیش لەنێویاندا ئۆپیۆید ئاشکرا بوو؛دوای ئەوەی پشکنینەکان ڕایانگەیاند کە بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئۆپیۆید گیانی لەدەست داوە. ئەو ژنە یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، هاوڕێکانی ئاماژەیان بەوەداوە کەماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەوەش بەڕوونی لەکاتی ڤیدیۆکانیدا هەستی پێکراوە. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەجۆرێک زیادی کردووە کە دایکان وباوکان نیگەرانن لە پەرەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کچە گەنجەکانیاندا، کە هەندێکیان هێشتا لە قوتابخانەن وتەمەنێکی کەمیان هەیە. دایکی یەکێک لەو کچانەی کە کچەکەی تووشبووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە دەڵێت، ڕۆژیکیان حەبی ترامادۆڵ و گەڵای توتنم لەناو جانتای کچەکەم دۆزیەوە، کاتێکیش پرسیارم لێکردووە دەربارەی ئەو دەرمانانە پێیوتوم کە هاوپۆلەکانی هانیان داوە، واتە بەجۆرێکی زۆر مەترسیدار تەشەنەی کردووە لەناو کچانی گەنجدا. یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵانە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەمینۆ عەبدی لەبارەی ئالودەبونیەوە بە ماددە هۆپشبەرەکان دەڵێت بەهۆی هاوڕێکانی و هاوسەرەکەیەوە دەستیکردووە بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەڵێت لەسەرەتادا بە کێشانی توتن دەستم پێکردووە، دواتر چومە سەر دەرمانە قورسەکانی دیکە کە لەڕێگەی دەرزی لێدانەوە بەکاردەهێنرا، بۆنمونە پێتیدین. ئەمینۆ عەبدی دەڵێت، دوای ئەوەی دەستمکرد بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا دەمکێشا وخەووم لێدەکەوت، هەر بەوهۆیانەوە نێوانم لەگەڵ هاوسەرەکەم تێکچوو وە ئێستا بەتەنها لەگەڵ منداڵەکەم ئەژیم وجیابومەتەوە، دەڵێت هاوسەرەکەم کاریگەریەکی خراپی هەبووە لەسەرم بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. ئەمینۆ عەبدی یەکێکە لەو ژنانەی کە دەیەوێت وازبێنێت لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، بەڵام باس لەوە دەکات بەهۆی نەبوونی سەنتەری چاکسازی پێویست بۆ یارمەتیدان وچارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرکانن لە سۆماڵ، ئەوە کاریکی سەختە بۆیان . جگە لە بەکارهێنانی ئۆپیۆید بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو ژنان وکچانی گەنجدا لە سۆماڵ، یەکێکی دیکە لە ماددەکان کە ژنانێکی زۆر ئالودەی بوون گەڵایەکە بەناوی " تابوو"، هاوکات ماددەکانی وەک مۆرفین، کۆدەین، ترامادۆڵ کە ئەمانە زیاتر لەڕێگەی بۆریەکانی خوینەوە بە دەرزی بەکاردەهێنرێت. پۆلیسی مۆگادیشۆ، ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن لەنێو ژنان و کچانی سۆماڵ و حاڵەتێکی زۆریان تۆمارکردووە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە ژنان ڕوویان لە جۆرە نوێیەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردووە. هاوکات، پۆلیسی مۆگادیشۆ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆگادیشۆ دەستیان بەسەر بارێکی گەورەدا گرتووە کە بەشێکی زۆری ئۆپیۆید بوو، هەروەها ئەوانەیان دەستگیرکردووە کە گواستویانەتەوە.
هاوڵاتی لافاوەکەی پاکستان کە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی گرتەوە یەکێکە لە ڕوداوە سروشتییانەی زۆرترین زەرەریان داوە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا و بەرزبونەوەی پلای گەرمی زەوی ڕویانداوە بەپێی راپۆرتێکی کریستیان ئەید، وشکەساڵی، لافاو، زریان و گەردەلوول لە زیانبەخشترین کارەساتەکانن کە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا لە جیهاندا دروست بوون لە ڕاپۆرتەکەدا نرخی زیانەکانی ئەو ڕوداوانە لە ٣ بلیۆن دۆلار بۆ ١٠٠ بلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. ١٠ زیانبەخشترین کارەساتە سروشتییەکانن بۆ ساڵی ٢٠٢٢: ١- گەردەلولی ئیان ١٠٠ بلیۆن دۆلار ئیان گەردەلولێکی جۆری پلە 4 بوو کە زیانێکی زۆری لە ڕۆژئاوای کوبا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەیاند. لە ماوەی حەوت ڕۆژدا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بەلایەنی کەمەوە 150 کەسی کوشت و 40 هەزار کەسی ئاوارە کرد. 2- وشکەساڵی لە ئەوروپا ٢٠ بلیۆن دۆلار وشکەساڵی ساڵی ٢٠٢٢ یکیشوەری ئەوروپای گرتەوە کە بەخراپترین وشکەساڵی دانرا لە مێژوی کیشوەرەکەدا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە، بەردەستبوونی ئاو و ژیانی زیندەوەرانی کێوی هەبوو،هەروەها بووە هۆی دروستبونی ژمارەیکی زۆر لە ئاگری سروشتی. 3- دروستبونی لافاو لە چین ١٢ بلیۆن دۆلار لە مانگی شەشی ٢٠٢٢ دا شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز چینی گرتەوە کە بە بەهێزترین شەپۆلی باران بارین دادەنرا لە ساڵی ١٩٦١ وە و بووە هۆی دروستبونی لافاو داچونی زەوی لە هەندێک ناوچە هەروەها هەزارەها کەس بە ناچاری ماڵەکانیان چۆڵکرد. 4- وشکەساڵی لە چین ٨ بلیۆن دۆلار لە مانگی هەشتی ٢٠٢٢ چین ڕوبەڕوی وشکەساڵی بۆوە کە زیاتر لە 70 ڕۆژ لە پلەی گەرمای زۆر و نزمی باران بارین کاریگەری خراپی لەسەر حەوزی ڕووباری یانگتی کردووە، کە زیاتر لە 450 ملیۆن کەس و سێیەکی بەروبوومی ئەو وڵاتە پشتیان پێدەبەست. 5- لافاو لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا - 7.5 بلیۆن دۆلار لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا مانگی ئازار، ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا تووشی لافاو بوون کە بووە هۆی کوژرانی 27 کەس و ئاوارەبوونی 60 هەزار کەس. چەند شارۆچکەیەک لە باکوری نیو ساوت وێڵز، بۆ نمونە، تەنها لە شەش کاتژمێردا بەهای مانگێکی بارانیان هەبوو، وە ئەمە ڕوویدا لە کاتێکدا ئەوان هێشتا لە هەوڵی چاکبوونەوەدان لە تۆماری لافاوی مانگ پێشوتر. 6- لافاوی پاکستان ٥،٦ بلیۆن دۆلار لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە بۆ مانگی ئەیلول لافاو زیاتر لە 1700 کەسی کوشت و حەوت ملیۆن کەسیش لە پاکستان ئاوارە بوون 7- گەردەلولی ئیونس ٤،٣ بلیۆن دۆلار لە مانگی دووی ٢٠٢٢ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ، زریانی ئیونیس وێرانکاریی لە سەرانسەری بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیرلەندا، هۆڵەندا، پۆڵەندا و بەریتانیا دروستکردو حەوت کەس بەهۆیەوە مردن. لە بەریتانیا خێرای با بووە ١٢٢ میل لە کاتژمێرێکدا کە بە بەهێزترین با دا دانرێت لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا 8- وشکەساڵی لە بەڕازیل ٤ بلیۆن دۆلار بە درێژای ساڵەکە بەڕازیل لە وشکەساڵیدا بوو بەتایبەت نزمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکانی ئەمازۆن جێگەی نیگەرانییە. 9- گەردەلولی فیۆنا ٣ بلیۆن دۆلار لە کۆتاییەکانی مانگی نۆ گەردەلولی فیۆنا دورگەکانی کاریبیان وکەنەدای گرتەوە کە زیاتر لە 25 کەسی کوشت و 13000 کەسی ئاوارە کرد وبەلایەنی کەمەوە چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داخرابوون و ڕێگاکان بەتەواوی داخرابوون. 10- کوازولو ناتال و لافاوی ڕۆژهەڵاتی کەیپ، ئەفریقای باشوور ٣ بلیۆن دۆلار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە مانگی نیساندا 459 کەسی کوژران و زیاتر لە 40 هەزار کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن خزمەتگوزاری ئاو داخرا و، یەکێک لە قەرەباڵغترین بەندەرەکانی ئەفریقای باشوور تێکشکا.
هاوڵاتی لەدوای ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی پەکین، کە بڕیاریدا مانگی داهاتوو سنورەکان دەکرێنەوە، داواکاری هاوڵاتیانی چین و حجزکردنی گەشتەکانی دەرەوەی وڵات بەلێشاو زیادی کردووە. ئاژانسی گەشتیاری چینی کونار ڕایگەیاندووە تەنها دوای ١٥ خولەک لەڕاگەیاندنی کردنەوەی سنورەکانەوە، داواکاری گەشتەکانی دەرەوەی وڵات لەسەر وێببسایتەکەیان حەوت هێندە زیادی کردووە. ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، لە دوای ٨ی مانگی داهاتو دەست پێئەکاتەوە بۆ گەشتەکانی دەرەوەی وڵات.هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کە هاوڵاتیانی چین دەتوانن گەشتی نێودەوڵەتی دەستپێبکەنەوە، بەڵام بۆ کۆمەڵێک وڵات ڕێگە پێدراو نین. یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتکردن ڕایگەیاند، ژاپۆن، تایلەند، کۆریای باشوور، ئەمەریکا، سینگاپور، مالیزیا، ئوسترالیا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین داواکاری پێشکەشکراوە بۆ گەشتکردن بۆی. ئەم لێشاوەی گەشتیارانی چینی لەکاتێکدایە، کە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی گەشتیارانی چین لەدەرەوەی وڵات بۆ ٢٠ ملیۆن گەشتیار دابەزیبوو، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ دا ١٥٥ ملیۆن گەشتیار بووە.
هاوڵاتی بەکارهێنان و ڕازاندنەوەی دار سنەوبەر بۆ شەوی کریسمس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم درەختە هەمیشە بە سەوزی ئەمێنێتەوە تەنانەت لەوەرزی سەرماشدا، ڕازاندنەوە و دیزاین کردنی دار بۆ شەوی سەری ساڵ لە بنەڕەتدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە کاتێک لەلایەن ژنی پاشا جۆرجی سێیەمی بەریتانیا کە ژنێکی ئەڵمانی بووە بەناوی شارلۆت دار سنۆبەر ڕازێندراوەتەوە و بووەنەریتێک لە بەریتانیا، کە شازادە ئەلبێرت لەوێ لەدایک بووە، وابیردەکرێتەوە شارلۆت یەکەم جار لەساڵانی ١٧٩٠ بۆ خێزانەکەی ئەم دارەی ڕازاندبێتەوە. سەرەتا بەهۆی ئەوەی درەختەکانی سنۆبەر جۆرە بچوکەکانیان دەست ئەکەوت لەساڵانی پێش ١٩٤٧ لە بەریتانیا سنۆبەری بچوکیان دەڕازاندەوە و لەسە مێزەکانیان دایان دەنا، بەڵام دواتر لەدوای ساڵی ١٩٤٧ کاتێک لە لایەن وڵاتی نەرویجەوە درەختی سنۆبەری گەورە وەک دیاری و سوپاسگوزاریەک پێشکەش بە شانشینی بەریتانیا کرا بەهۆی هاوکاری کردنیان لە جەنگی جیهانی دووەم، لەوکاتە بەدواوە دار سنۆبەرەکان بە گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ و کەلوپەلی جوانکاری تایبەت بە سەری ساڵ ڕازێنرایەوە و لەسەر زەوی دائەنرا لەبری سەرمێز، هاوکات دیاریەکانیشیان کە بۆ خزم و هاوڕێکانیان دەکڕدرا لەژێر دارەکە دائەنرا. زۆربەی خەڵک پێیا وایە داری کریسمس لەسەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا بووەتە نەریتێک لە ساڵانی ١٨٣٠،لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە؛ هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گرنگیەکی زیاتر بەم نەریتە دراوە لەلایەن شاژنە ڤیکتۆریا و شازادە ئەلبێرت و بە دڵخوازێکی گرنگی ئەم نەریتە دائەنرێن له مێژووی بەریتانیادا. هەر پەیوەست بە داری سەری ساڵ و پەیوەندی بەریتانیا و نەرویج لەم بۆنەیەدا، ساڵانە لە نەرویج ڕێوڕەسمێک بەرڕێوەدەچێت و تێیدا لە مانگی تشرینی دووەم ،داری کریسمس دەبڕدرێت و بەڕێگەی دەریا هاوردەی بەریتانیا دەکرێت، پاشان لە بەریتانیا لەناوەندی گۆڕەپانی ترافالگار دائەنرێت و بە شێوازی نەرویجی دەڕازێنرێتەوە بۆ پێشوازی لەسەری ساڵی نوێ.
رۆژنامەیەکی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەوە ئاشکرای دەکات ئەمریکا پێچەوانەی بانگەشەکانی سێ مانگی رابردو، دەیەوێت رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران چالاک بکاتەوە و واشنتۆنیش داوای لە تەلئەبیب کردوە تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکرێنە ئامانج. رۆژنامەی هائارێتز لە ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو کۆبونەوانەی لە نێوان بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڕێوەچوە، تا ئێستاش ئامانجی ئەمریکا چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران. رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی و بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە کردویەتی و رایگەیاندوە؛ رێککەوتنی ئەتۆمیی گەیشتوەتە بنبەست، هەوڵی زیندوکردنەوەی رێککەوتنەکە دەدات و وەزارەتی بەرگریی و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان پشتیوانیی لێدەکەن. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل کە ناوی ئاشکرا نەکراوە؛ بە رۆژنامەی هائارێتزی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئیسرائیل بە بێ ئەمریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی گاریگەر زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیەنێت و ئەوکەسانەی پێچەوانەی ئەوە بیر بکەنەوە لەگەڵ خۆیدا راستگۆ نییە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردوە؛ نابێت تەلئەبیب بە جۆرێک هێرش بکاتە سەر تاران کە زیان بە زیندوکردن و چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی بگەیەنێت و هاوکات واشنتۆن جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئیسرائیل دەبێت تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتە ئامانج.