ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: پێویستە سەرجەم وڵاتان زانیاریەکانیان لەسەر سەرچاوەی کۆرۆنا بخەنە ڕوو
FBI: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی پێکراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا داوای لەسەرجەم دەزگاکانی هەواڵگری جیهانی کرد کە زانیاریەکانیان لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بکەن، چونکە گریمانەکانی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە لەسەر مێزی لیکۆڵینەوە ماونەتەوە"
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی وتی: “ئەگەر هەر وڵاتێک زانیاری لەسەر سەرچاوەی پەتاکە هەبێت، زۆر گرنگە ئەو زانیاریانە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتیدا هاوبەش بکرێت"
ئەم داوایەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوای ئەو ئەو بانگەشەیەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری " ئێف بی ئای" لە هەفتەی ڕابردوو دێت کە دەڵێت پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی پیکرابێت کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەکین بە توڕەییەوە ئەو بانەگەشەیە ڕەتبکاتەوە.
هەروەها تیدرۆس ئەدهانۆم وتیشی، "نەک بۆ ئەوەی تاوانەکان دابەش بکەین بەڵکو بۆ پێشخستنی تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم پەتایە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە پەتا و پەتایەکانی داهاتوو بکەین و خۆمان ئامادە بکەین و وەڵامیان بدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی پەتاکە نەبووە و ئێمە بەردەوامین لەوەی کە داوا لە چین بکەین زانیاریەکانی بە شەفافانە بخاتە ڕوو لەسەر ئەو پرسە و لەچەندین بۆنەشدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی چین ئەو بابەتمان باسکردووە.
لەبارەی تۆمەتەکان و بانگەشەکانی ئەمریکاوە ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پەکین شەفاف بووە لە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا ، هەروەها وتیشی ئەمریکا پێویستە چاوی لە تاقیگە بایۆلۆژییەکانی خۆی بێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کاتێک بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا دەگەڕێت.
هەر لەسەر ئەو پرسە وتەبێژی وەزارەتی چین وتی، ئەوە ئەمریکایە کە پێویستە وەڵامی پرسیار و نیگەرانییەکانی جیهان بداتەوە سەبارەت بە تاقیگە سەربازی و بایۆلۆژییەکانی لە سەرانسەری جیهان، جەختیشی لەوەکردەوە بە سیاسیکردنی ئەو پرسە، ئەمریکا سەرکەوتوو نابێت لە ناوزڕاندنی چین، بەڵکو تەنها زیان بە متمانەی ئەمریکا خۆی دەگەیەنێت.
هاوکات لەبارەی بانگەشەکانی " دەزگای هەواڵگری ئێف بی ئای" ماریا ڤان کێرخۆڤ، سەرۆکی تەکنیکی کۆڤید-١٩ی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە دەستی گەیشتووە بە نوێنەرایەتی ئەمریکا لە جنێڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بانگەشەکانی سەرۆکی ئێف بی ئای کە گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی کردووە و بووەتە هۆی پەتاکە، هەروەها وتیشی بەڵام تا ئێستا دەستیان بەو داتایانە نەگەیشتووە کە ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا باسی لێوەدەکات، ئاماژەی بەوەشکرد "هێشتا زۆر گرنگە کە ئەو زانیاریانە هاوبەش بکرێن، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکان".
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بەدواداچوون بۆ کۆڤید-١٩ دەکات، تا ٢١ی شوبات زیاتر لە ٧٥٧ ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ٦.٨٥ ملیۆن مردنی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دان بەوەدا دەنێت کە ژمارەی ڕاستەقینەی مردن زۆر زیاترە.