لەماوەی ١٢ ساڵی داهاتوودا نیوەی دانیشتوانی جیهان توشی" قەڵەوی" دەبن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە ساڵی ٢٠٣٥ دا نزیکەی پەنجا لەسەدی دانیشتوان کێشیان لەسەروو ئاستی ئاساییەوە دەبێت و قەڵەو دەبن.
فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ڕایگەیاند دەڵێت، لەماوەی ١٢ ساڵی داهاتوودا ٥١٪ دانیشتوان قەڵەودەبن کە دەگاتە نزیکەی چوار ملیار کەس، بەوەش واتە لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان قەڵەو دەبن.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی پێوەری بارستەی تەندروستی جیهانی " بی ئێم ئای" ئەگەر کێشی کەسەکە بەو پێوەرە لەسەروو ٢٥ بێت ئەوا بەوە حساب دەکرێت کە کێشی زیادە، هاوکات ئەگەر لە سەروو ٣٠ بێت ئەوا بە قەڵەو حساب دەکرێت، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٨٪ دانیشتوانی زەوی لەناو ئەو گروپانەدا بوون کە بە قەڵەو یاخود کێش زیاد لە قەڵەم ئەدرێن.
لویس باوەڕ، سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا وتی، جێگای نیگەرانییە کە قەڵەوی بەخێرایی زیاد دەکات لەناو گەنجان وهەرزەکاراندا، هاوکات هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵان و وڵاتانی هەژارنشیندا زۆر زیاترە.
هەروەها سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی وتیشی، " پێویستە سیاسەتمەداران و حکومەتەکانی جیهان لەسەرانسەری دونیا هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕونەوەی دۆخەکە تاوەکو ناچار نەبن هەموو داهات وئابوری وڵاتەکەیان لەو کێشەیەدا خەرج بکەن"
لەگەڵ ئەوەشدا لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وڵاتانی کەم دەرامەت وهەژارنشین لەوانەش وڵاتانی ئاسیا وئەفریقا و وڵاتانی مامناوەند لەبەردەم مەترسیەکی گەورەتردان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ژمارەی ئەو کەسانەی قەڵەون لەناویاندا.
هاوکات بەگوێرەی توێژەران وئەندامانی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی هەفتەی داهاتوو زانیاریەکان و داتاکان دەخرێتە بەردەم سیاستەمەداران وحکومەتی وڵاتانی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان.