ئەمریکا گەشتی وڵاتەکەی لە رێبەر و بەرپرسانی باڵای ئێران قەدەغە دەکات
خێزان و منداڵی 43 بەرپرسی باڵای ئێران بۆیان نییە گەشت بۆ ئەمریکا بکەن
سوتاندنی ئاڵای ئەمریکا لە تاران
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا گەشت لە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران سنوردار دەکات و تاران وەک کاردانەوەیەک بە ئەڵمانیا دوو دیپلۆماتکار دەردەکات.
بە پێی ئەو لیستەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس)ی کردوە 43 بەرپرسی باڵا کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆک کۆماری ئێستا و پێشو و ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی حکومەتی وڵاتەکەی تێدایە کە گەشتکردن لە خۆیان و خێزانەکانیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەغە دەکرێت.
لە لیستەکەدا جگە لە خامنەیی ناوی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشو و محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشو و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران و بەرپرسانی دەزگای داد و پۆلیس هێنراوە کە دەبێت لە لایەن کۆنگرێسەوە بڕیار لە قەدەغەکردنی گەشتیان بۆ ئەمریکا بدریت.
گۆنگرێس بە پێی یاسای پەسندکراوی ساڵی 2012 بۆ "کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا" داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە لیستی ناوی ئەو بەرپرس و کەسانە ئاشکرا بکات کە هۆکارن بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە یان دەستیان لە تاوان و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤدا هەیە.
ئیدارەی ئەمریکا ساڵی رابردوگەشتی لە 61 بەپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغە کردبو و ئەمساڵ لە لیسیتی نوێدا ناوی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لابراوە.
ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممەی رابردو رایگەیاند؛ ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار کراوەتەوە کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی قبوڵ ناکەین بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای سێدارەی بەسەر کەسێکدا سەپاندوە کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیایە.