گرژییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئێران توندتر دەبێتەوە
ئەڵمانیا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران دەردەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەڵمانیا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە خاکی وڵاتەکەی دور دەخاتەوە و کۆماری ئیسلامی ئەرکداری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران بانگهێشت دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ لە کاردانەوەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر هاوڵاتییەکی وڵاتەکەی لە ئێران، دوو کارمەندنی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەرلین دەرکردوە.
ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند؛ ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار کراوەتەوە کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی قبوڵ ناکەین بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای سێدارەی بەسەر کەسێکدا سەپاندوە کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیایە.
رۆژی سێشەممەی رابردو دادگای کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوێکی سەربازیی نەیاری ئێران سزای سێدارەی بەسەر جەمشید شارمەهد-دا سەپاندا کە خەڵکی ئێران و هاوڵاتیی ئەڵمانیایە.
شارمەهر-ی تەمەن 67 ساڵ کە ئەندامی ئەنجومەنی پاشایەتیی ئێران بوە تۆمەتی رێکخستنی چەکداریی دژی کۆماری ئیسلامی خراوەتە پاڵ سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و ئەڵمانیا بە فەرمی داوای لە دەسەڵاتی تاران کردوە ئەو سزایە هەڵوەشێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە وەک کاردانەوەیەک بە دەرکردنی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلین، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئەرکداری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لە تاران بانگهێشت کردوە و جەختی لەوە کردوەتەوە ئەو شارمەهر سەرکردایەتی گروپێکی چەکدارای دژی وڵاتەکە کردوە بۆیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.
وێنەی جەمشید شارمەهد