لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمەریکا کەسێک بەهۆی هەبوونی ئامێرێکی تەقەمەنی لەنێو جانتاکەیدا دەستگیردەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی سکاڵایەکی تاوانکاری، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ''لیهای ڤالی'' لە ویلایەتی پێنسیلڤێنیا، ئامێرێکی تەقەمەنی لەنێو جانتایەکدا دۆزراوەتەوە.
بەپێی سکاڵای تاوانکاری، مارک مافلی تەمەن 40 ساڵ، تۆمەتبارە بە هەڵگرتنی تەقەمەنی لە فڕۆکەخانە و هەوڵدان بۆ دانانی تەقەمەنی یان ئامێری سووتێنەر لەناو فڕۆکەیەک.
لەم بارەوە داواکارانی گشتیی ئاشکرایان کردووە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوە، داوایان لە ''مارک مافلی'' کردوە پەیوەندی بە بەشی ئاسیشی فڕۆکەخانەکەوە بکات بەڵام نابراو ئەو کارەی نەکردووە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە نابراو نەک هەر نەچۆتە بەشی ئاسایشی فرۆکەخانەکە بەڵکوو کامێراکانی چاوەدێری دەریدەخەن کە ''مارک'' هەوڵی داوە لە فرۆکەخانە بچێتە دەرەوە.
هاوکات شارەزایەکی تەقەمەنی و بۆمب سەر بە پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) کاتێک لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ماددە و کەلوپەلانە کردووە کە لە ناو جانتاکەدا دۆزراوەتەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پاودەرێکی تێدایە کە لەگەڵ "یارییە ئاگرینەکان"دا یەکدەگرێتەوە و "گومان دەکرێت تێکەڵەیەک بێت لە تۆزی تەقەمەنی و ئەو مەتریاڵە سەختانەی لە یارییە ئاگرینەکاندا بەکاردێت.
کاربەدەستان دەڵێن هەردوو مادەکە دەکرێت لە کەشێکی گەرمدا بتەقنەوە و سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەکە دەخەنە مەترسییەوە.
داواکاری گشتی شێری ستیفان ئاماژەی بەوەدا کە گرنگ نییە ئامێرەکە یاری ئاگرین بێت، چونکە پێناسەی فیدراڵی بۆ تەقەمەنی دەگونجێت و مەترسییەکی بەرچاوی بۆ سەر فڕۆکەکە و سەرنشینەکان دروستکردووە.