واشنتۆنو كابینەكەی سودانی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو حكومەتی عێراق دەتوێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحموود
وادەردەكەوێت سەردانەكەی وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە بۆ ئەمریكا لەماوەكانی رابووردوودا بەستەڵكی ساردو سڕی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی تواندبێتەوەو دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی رایدەگەیەنێت سودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپادا، هاوكات راوێژكارێكی سودانی دەڵێت: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، باڵوێزی پێشووی ئەمریكاش لەعێراق بڕوای وایە ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات.
دوای رووخانی رژێمەكەی پێشوو لەساڵی 2003 بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و درووستكردنی سیستەمی نوێی سیاسی عێراق، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغداد زۆرجار بەئاستی بەرزونزمیدا تێپەڕیوون كە هۆكاری سەرەكی ئەمەش بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریكا دەستوەردانەكانی ئێران بوون لەكاروبارەكانی عێراق و چەكداركردنی گرووپە شیعە توندڕەوەكان بووە، لەدوای زنجیرەك گۆڕانكاریش، دواجار محەممەد شیاع سوودانی كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لەئێران لەئۆكتۆبەری 2022 بووبە سەرۆك وەزیران و كۆتایی بەململانێكان هێنا، بەڵام سودانی جیاواز لەوانەی پێشووتر هەر لەسەرەتاوە رایگەیاند كە ئەو سەر بەهیچ بەرەیەك نییەو دەیەوێت لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیوەندییەكانی یەكسان بن بەتایبەت لەگەڵ ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەكانی رابووردوودا شاندێكی بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە ناردە واشنتۆن تاگفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەچەندین پرسی گرنگ بكات كە گرنگترینیان گەندەڵی و سەربەخۆیی وزە و رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و رێوشوێنەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەبارەت بە ناردنی دۆلار بۆ عێراق.
رەنگە ئەوەی زیاتر پرسەكەی تاڕادەیەك ئاڵۆزكردبێت لەو سەروبەندەدا دابەزینی بەهای دیناربێت لەبەرامبەر دۆلاردا ئەویش بەهۆی گوشاری ئەمریكییەكان بۆ جێبەجێكردنی چەندین رێوشوێنن سەبارەت بەرێگەگرتن لە ناردە دەرەوەی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران وڵاتانی دژە ئەمریكایی دیكە، كە حكومەتەكەی سودانی خستە بەردەم هەڵوێستێكی شەرمهێنەرەوە لەبەرامبەر خەڵكیداو ناچاریكرد جارێكی دیكە بەهای دینار لە 1470بۆ هەر دۆلارێك دابەزێنێت بۆ 1300 دینار، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی كێشەكەی كۆنترۆڵ نەكردووە.
دۆگلاس سلێمان باڵوێزی پێشوی ئەمریكا لەعێراق رایدەگەیەنێت: یەكێك لەو بابەتە ئیجابییانەی كە لەسەردانەكەی وەفدی عێراق كەوتۆتەوە ئەوەیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سودانی بنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات و چاوی بەسەرۆكی ئەمریكا بكەوێـت.
سلێمان باس لەوەدەكات هەرچەندە سەردانی وەفدەكەی عێراق لەكاتێكی زۆر باشدا نەبوو بەتاییەت جەنگی ئۆكرانیا و فشارەكانی وەزارەتی گەنجینەو نامەی چەند كۆنگرێسمانێك لەدژی پەیوەندییەكانی ئیدارەی سودانی و ئێران و فشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم، بەڵام سەردانەكە توانی ئامانجەكانی خۆی تاڕادەیەك بپێكێت بەتایبەت وەفدەكە ئەو هەنگاوانەیان خستەروو كە سوودانی لەدژی هەژموونی ئێران گرتویەتیەبەر و لە وتارێكیشدا پشتگیری خۆی بۆ مانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق رایگەیاندبوو، هەر بۆیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكی لەواشنتۆن پێشوازی لە سوودانی بكات.
سەبارەت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی مەرجی ئەمریكاش بۆ سودانی، هیشام ركابی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، و هەر قسەكردنێك لەسەر هەبوونی مەرجی پێشوەخت بۆ سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن تەنها بۆ سەرقاڵكردنی رای گشتییە، لەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی حكومەتی خزمەتی نیشتمانی لە بوارە جیاجیاكاندا دەیدات.
هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت: سوودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپادا، و هەوڵەكانی سودانی رووەو ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتە عەرەبییەكان هاوسەنگانەیە و تائێستا سەركەوتوبوە كە لەبەرژەوەندی عێراقییەكان تەواودەبێت، جەختیش لەوەكراوەتەوە سودانی دەیەوێت لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان پەیوەندییەكی سەركەوتووی باشی هەبێت.
هاوكات لەكۆبوونەوەیەكشدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغداد پشتگیری وڵاتەكەی بۆ حكومەتەكەی سودانی و بەرنامە وەزارییەكەی دووپاتكردۆتەوەو باسیان لە چالاككردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات كردووە.
هەوڵەكانی كابینەكەی سودانی بۆ بەستنی پەیوەندییەكی باش هەر بەتەنیا بە ئەمریكاوە نەوەستاوە، بەڵكو هەر بەتەنیا لەمانگی شوباتدا جگە لەپەیوەندیی تەلەفونی نێوان جۆ بایدن و سودانی و ناردنی وەفدێك بۆ ئەمریكا و رۆیشتی سوودانی بۆ كۆنگرەی میونیخ و چاوپێكەوتنی لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەو سیاسیەكانی جیهان، لەسعودیە هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و سعودیە پرۆتۆكۆڵی هاوكاریی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆكرد سەبارەت بە ژمارەیەك پرۆژەی هاوبەش كە جێگەی بایەخی هاوبەشن لە بوارەكانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هاوكات وەزیری بەرگری عێراقیش سەردانی ئێرانی كرد و كۆنگرەی یەكێتی پەرلەمانتارانی عەرەبیش لەبەغدا بەسترا.
وادەردەكەوێت حكومەتەكەی سودانی هەر بەوەندەشەوە نەوەستێت بەڵكو هەوڵی رێككەوتنی نێوان سعودیەو ئێرانیش بدات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش سەردانی ئێرانی كردو لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو بەرپرسانی دیكەدا كۆبوویەوەو بەپێی زانیارییە میدیاییەكان عێراق دەیەوێت گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی ئێران-سعودیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت.
وادەرناكەوێت كە هەموو ئەوانەی لەواشنۆتنن پشتگیری لەسودانی و كابینەكەی بكەن، هاوكاتی سەردانەكەی وەفدی عێراق بۆ ئەمریكا، سێ ئەندامی كۆنگرێس لە نامەیەكی هاوبەشدا داوا لە سەرۆكی ئەمریكا دەكەن، سیاسەتەكەی بەرامبەر عێراق تووندتر بكات، چونكە پێیانوایە حكومەتەكەی محەممەد شیاع سودانی هێشتا لەسەر هێڵی ئێران دەڕوات.
نیكی هیلی كاندیدی كۆمارییەكانیش بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند ئەگەر ببێت بەسەرۆكی ئەمریكا هەموو هاوكارییەك لەعێراق دەبڕێت، راشیگەیاندووە دەبێت باجدەرە ئەمریكییەكان بزانن پارەكانیان بۆ كوێ دەڕوات، گەلی ئەمریكا توشی شۆك دەبن كاتێك دەزانن پارەكانیان بۆ ئەو وڵات و لایەنانە دەڕوات كە دوژمنی ئەمریكان.
بەبروای بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش پێناچێت مانگی هەنگوینی نێوان كابینەكەی سودانی و ئیدارەی ئەمریكا زۆر بخایەنێت ئەویش بەهۆی ئەوەی دواجار هاوشێوەی كابینە حكومییەكانی نزیك لەئێران، چارەنوسی ئەم كابینەی سودانیش لایەنگریكردنی ئێرانە ئەویش بەهۆی هەژموونی گرووپە شیعە چەكدارییەكانەوە لەزۆربەی پۆستە باڵاكانی وڵاتداو رۆڵیانە لەگۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی كاركردنی حكومەتدا بەرەو رووی ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئێران.