زانکۆیەکی بەریتانیا پرۆژەیەکی دوو رۆژنامەنووسی کورد دەکڕێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
پڕۆژەی یەک ڕۆژ گۆڕانکاری پڕۆژەیەکی دیکۆمێنتەری ڕۆژنامەوانییەو لەلایەن دوو ڕۆژنامەوانی کوردەوە کاری لەسەر کراوە و زانکۆی دورهامی بەریتانی بڕیاری کڕینی دەدات و بۆ لەمەودوا پرۆژەکە دەبێتە بەشێک لەسەرچاوەی زانستی بۆ خویندکاران لە زانکۆکە.

ئاکۆ ئیسماعیل و شاهۆ عەبدولقادر دوو ڕۆژنامەوانی کوردن و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن. ساڵی ٢٠٢٢ بە هاوبەسی لەگەڵ ڕێکخراوی سکیسمستۆن پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کردەوە بەناوی یەک رۆژ گۆرانکاری کە فۆتۆکان لە کوردستان و عێراق و سوریا تۆمارکرابوون، هەروەها کورتە فیلمێکیان لەبارەی ڕزگاربوویەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە بەرهەمهێنا بەناوی بۆنی سێو، کە لە زیاد لە پێنج جار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا و زانکۆکاندا نمایشکراوە.
 
یەکێک لە گرنگترین گەشتەکانی ئەم پرۆژەیە لە زانکۆی دورهام بوو کە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی بەریتانیاو دوای نمایشکردنی لە زانکۆکە بەفەرمی بڕیاری کڕینی تەواوی پڕۆژەکەدرا.
 
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندکاران و بۆ هەمیشە و بەردەست دەبێت، هەروەها زانکۆکە خاوەنی مۆزەخانەی گەورەی شارەکەیە و لە داهاتوو ئەم پڕۆژەیە نمایشی دەبێ لە نێو مۆزەخانەکە.
 
ئاکۆ ئیسماعیل کە رۆژنامەنووسێکی کوردە و پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە لە کوردستان و ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و وتی، ئەم پڕۆژەیە بەشێک لەو کارانەمە کە کاتێک کاری رۆژنامەوانیم دەکرد و ئەو رووداوانەی کاریگەری لەسەرم دروستدەکردن بەتایبەت دیمەنی ئەو پەنابەرانەی کە لەدەستی داعش هەڵهاتبوون تۆمارم دەکردن، کە کارەکە بەگشتی باس لەوەدەکات چۆن جەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دادەنێت و چۆن ژیانیان دەگۆڕێ. هەروەها چۆن گرنگە رۆژئاوا لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، چونکە ئەم رووداوانە پەیوەندیان بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.  
 
هەروەها ئاکۆ ئاماژە بەوەدەکا، لە فۆتۆکاندا بە وردی هەست بەوە دەکەیت کە چۆن ژیانی منداڵان گۆراوە. هەروەها لە فۆتۆکاندا چەندین چیرۆکی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەمان گێڕاوەتەوە بەتایبەت وێنەی عەلی کە یەکێک بووە لە ڕزگاربووەکانی هەڵەبجە و کاتێک گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە وێنەیم لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە گرت.

ئەم پرۆژەیە لە میدیاکانی بەریتانیا بە گرنگییەوە ڕووماڵی کراو هەریەکە لە کەناڵی ئای تی ڤی بەریتانی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات ئەم پرۆژەیە چۆن سەرنجی زانکۆی دورهامی ڕاکێشاوە و بڕیاری کڕینیان داوە و هەروەها کەناڵەکە دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەبیتە بەشێک لەو بەرهەمانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەست دەبێ بۆ خوێندکاران.
 
هەروەها رۆژنامەی زە جۆرنەلیست مەگەزین کە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتی نەتەوەی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیایە و راپۆرتیکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی پیشاندانی راستی جەنگ کە باس لەو پرۆژە فۆتۆگرافییە دەکا.
 
شاهۆ عەبدولقادر، ڕۆژنامەنووس و ڤیدیۆگرافەرێکی خەڵکی کەرکوکە و باسی لە پڕۆژەکەی دەکات و دەڵێ لە مەیدانی جەنگا ھەمیشە لێڵی و ناڕوونی ھەیە، ھەمیشە کاتێک جەنگ دەناسین و لێی تێدەگەین کە تەواودەبێت! من بڕوام بەو چیرۆکانەیە کە دوای جەنگ روودەدەن ، چونکە تارمایی جەنگ ، ھەمیشە لەبوونی قوربانیانی جەنگدا وەک تراوما دەمێننەوە.
 
هەروەها شاهۆ دەڵێ، بەحوکمی ئەوەی وەک زۆرینەی مرۆڤی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و تایبەتتت کورد قوربانی جەنگیین. منداڵیم لەکەمپ و ساتی جەنگدا بووە.
 
شاهۆ باسی لە فۆتۆکانی دەکا و دەڵێ، من ھاتووم فیگەری منداڵم لەفۆتۆکانم زەق کردووەتەوە وەک یەکەمین و گەورەترین قوربانی جەنگ لەھەمان کاتیش منداڵ ھیمایەبۆ ھیوا . منداڵانی فۆتۆکانم منداڵانێکی خاوەن خەون و ژیاندۆستن، لەھەمان کاتیش گرنگیم بەبابەتی ژینگەی جەنگ داوە ، چۆن کاتێک جەنگ دێت، باڵندەکان ئاسمان جێ دەھێڵن، ماسییەکان دەمرن...
 
بەپێی ستەیتمێنتی فەرمی زانکۆکە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە بەشی هونەری ئامادەیی زانکۆکە و لەوێ بەردەست دەبن بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێندکاران و ستافی زانکۆکە هەروەها و ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی زانکۆکەن دەتوانن کارەکان ببینن. لە ڕێگەی بەرنامەی پێشوەختەوە لەگەڵ زانکۆکە.
 
هەروەها زانکۆکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم کارە ناوازەیە پاڵپشتی وانەوتنەوە و بەشداریکردنی نوێ لەبواری هونەری پراکتیکی هونەری هاوچەرخ و دەکا و بیری ڕەخنەی بەهێزکر دەکات . هەروەها پڕۆژەکە بەشێوەی ئۆنلاین بۆفیستیڤاڵی هونەری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەردەست دەبێ. 

 ئەلێکس کۆڵین ود، سەرپرشتیاری هونەری هاوچەرخ لە زانکۆی دورهام لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، زانکۆکەمان بەرنامەی پێشانگای کورت خایەنی هەیە کە بەشێکە لە پرۆسەی فێرکردن و گەشەپێدانی خوێندکاران، هەروەها ئەم پێشانگایەمان کڕیوەتەوە پڕۆژەکەمان بەلاوە گرنگ بووە بۆ زانکۆکەمان بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەر دەست بێ بۆ خوێندکاران بە مەبەستی فێرکردن و بەدواداچوونیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کە ئاسانکاری دەکات بۆ خوێندکاران. 
 
 دورهام یەکێکە لە گرنگترین زانکۆکانی بەریتانیا و کە گرنگی بە هونەری هاوچەرخ و بەڵگەنامەیی دەدات، نزیکەی پێنج هەزار کاری کڕیوەتەوە لە ماوەی نێوان سەدەی بیست و بیست و یەکدا.
لەناو ئەم پڕۆژەیەدا کورتە فیلمێکیشی تێدایە کە کاری ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کوردەیە و لەلایەن کلێر وێبستەرەوە کاری دەرهێنەری بۆ کراوە، لەلایەن ڕێکخراوی سکیمستۆنەوە بەرهەمهێنراوە کاری میوزیکیشی لەلایەن رزگار حەمە ڕەوفەوە بۆکراوە.
 
لەو بارەیە کلێر وێبستەر کە دەرهێنەرە لە ڕێکخراوی سکیمستۆن وتی، ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە زانکۆی دورهام ئەم پڕۆژەی کڕیوە ئێمە شانازی دەکەین کە زانکۆکە لە ئاستی بەرزی ئەم کارانە تێگەیشتوە و بڕیاری کڕینیداوە. ئەم پڕۆژەیە دەچێتە خوێندنگاکان و بەردەست دەبێ بۆ هەموان تاکو خەڵک تێبگەن کە چی روودەدا. ئەمە سودی زۆری بۆ خوێندکاران و هەموو ئەوانە دەبێ کە لەداهاتوودا ئەم کارە دەبینین. چۆن ژیانی خەڵکی گۆڕاوە لە ماوەیەکی کەمدا. ئەم کارە گرنگییەکەی لەوەدایە کە چۆن ئەم وێنانە زانیاری دەدات بەوانەی دەیبینن و چۆن دەتوانێ بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕێ.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار