چوارچێوەی هەماهەنگی 48 کاتژمێر مۆڵەتی داوەتە پارتی و یەکێتی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەتی 48 کاتژمێری داوەتە هەردوو حیزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) بۆ ئەوەی کێشەکانیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە. عەقیل ڕودەینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ڕایگەیاند، ئەم مۆڵەتە وەک هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی و ئامادەکارییە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانی دیکە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ئاماژەی بەوە کرد، شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە نزیککردنەوەی دیدی نێوان پارتی و یەکێتی. ڕوونیشیکردەوە، ئەو کۆبوونەوانەی شاندەکە لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامیداون، ئاماژەی ئەرێنییان لێ کەوتووەتەوە و هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە چیتر دۆخی بنبەستی سیاسی نەمێنێت و پڕۆسەی یاسایی و دەستووری دەست پێ بکاتەوە.
شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە (محەمەد شیاع سودانی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی و عەباس ڕازی) پێکهاتبوون، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر پێویستی دیاریکردنی میکانیزمێکی ڕوون و چەسپاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەککەوتنی شایستە نیشتمانییەکان و زامنکردنی سەقامگیریی سیاسی.
شاندەکە لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانیان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و یەکلاکردنەوەی خێرای پۆستی سەرۆککۆمار کرایەوە، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت پرۆسەی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە لە وڵاتدا بەهێزتر بکات.
