کەشناسی: باران بەردەوام دەبێت

کاتژمێرێک لەمەوپێش



بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ بارودۆخی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی چڕ و شەپۆلێکی باران زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی کەشناسی، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆی عێراق و دەریای سوور، شەپۆلێکی باران بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەست پێدەکات. پێشبینی دەکرێت رێژەی دابارین لە رۆژئاوای هەولێر، خەبات، گوێر، مێرگەسوور، ئاکرێ و بجیل زیاتر بێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینیش دەگرێتەوە. لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بارودۆخەکە ناسەقامگیرتر دەبێت و پێشبینی هەورەتریشقە و لێزمەبارانی کورتخایەن دەکرێت. لەگەڵ بارانەکەدا، ئەگەری بارینی تەرزە و تێکەڵبوونی تۆزوخۆڵ بە بارانەکە لە هەندێک ناوچەدا هەیە.

بۆ سبەی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، کەشناسی رایگەیاندووە کە ئاسمان بە گشتیی بە نیمچە هەور دەمێنێتەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەبارانێکی کەم بەردەوام دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت پلەکانی گەرما بە بڕی 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ دابەزن.

پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە:

هەولێر: 15 پلە
سلێمانی: 11 پلە
دهۆک: 13 پلە
هەڵەبجە: 13 پلە

زاخۆ: 13 پلە
ئاکرێ: 14 پلە
حاجی ئۆمەران: 4 پلە (نزمترین پلە)

کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە کاتی دابارینەکەدا خێرایی با چالاک دەبێت و مەودای بینین بۆ کەمتر لە 7 کم کەمدەبێتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکرێت لە کاتی گەشتەکانیاندا ئاگادار بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار