کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دام و دەزگا رەسمییەکانی حکومەت قەدەغەکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕیکردن، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دام و دەزگا رەسمییەکانی حکومەت قەدەخەکرد.
حکومەتی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە رۆژی سێشەممەوە ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایلەکانی حکومەت لابردووە. بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانە لە داهاتوویشدا رێگەی داونلۆدکردنی ئەپلیکەیشنەکەیان پێ نادرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانی تەکنەلۆژیای زانیاریی کەنەدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تیکتۆک "ئاستێکی مەترسیی قبووڵنەکراوی لەسەر تایبەتمەندی و ئاساییش هەیە."
ئەمە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی رابردوو ئەپەکەی لە ئامێرەکانی خۆی قەدەخەکرد، دوای ئەوەی کە ئەمریکاش هەمان هەنگاوی نا.
گوتەبێژێکی تیکتۆک رایگەیاند، بڕیارەکەی کەنەدا بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک "جێگەی سەرنجە"، چونکە "بێ دەستنیشانکردنی هیچ نیگەرانییەکی ئەمنیی دیاریکراو" یان بێ راوێژکردن بە کۆمپانیاکە دراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و چین لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە خراپی کردووە، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی کە لەسەر داوای ئەمریکا، کەنەدا بەڕێوەبەرێکی باڵای کۆمپانیای هواوەی لە ساڵی 2018 دەستگیرکرد، کە چین لە تۆڵەیدا دوو هاووڵاتیی کەنەدیی دەستگیرکرد