لەدوای جەنگی ئۆکرانیاوە، ئاستی بازرگانی نێوان ڕوسیا ومیسر زیادیکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەزگای ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوە وئاماری گشتی" کامپەس" دەڵێت،  هەناردەی میسر بۆ ڕووسیا لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٢١% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٥٤٤.١ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٤٤٩.٤ ملیۆن دۆلار بووە.

لەدوای دەستپیکردنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایەکی زۆریان بەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی ڕوسیادا سەپاند، ئەمەش بووە هۆکار کە ڕوسیا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات کە ناکەونە ناو لیستی سزاکانی ڕۆژئاواوە ویەکێک لەوانەش میسرە کە ڕوسیا دەیەوێت وەک دەروازەیەک بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەکاری بهێنیت، هەر لەو میانەشدا میسر مانگی ڕابردوو مۆڵەتی بە ٣٤ کۆمپانیای ڕووسی دا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە دەریاییەکان بۆ وڵاتەکەی.

 

لەبارەی زیادبوونی ئاستی هاوردەی نێوان هەردوو وڵاتی روسیا ومیسرەوە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، هاوردەکردنی گەنم بەردێکی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و مۆسکۆیە و پڕ دانیشتووترین وڵاتی عەرەبی یەکەم هاوردەکاری دانەوێڵەیە لە جیهاندا، هەروەها وتیشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە شەش ملیار دۆلار.

 

هاوکات هەر بەپێی زانیاریەکانی" کامپاس"  ڕووسیا پێنجەم گەورەترین هەناردەکارە کە لە میسرەوە شتومەک هاوردە دەکات لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە بڕی ٣.٧ ملیار دۆلار،  جگە لە دانەوێڵەش ، هاوردەکردنی میسر لە ڕووسیا بریتییە لە ئاسن، پۆڵا، مس، دار، سووتەمەنی کانزایی، ئامێر و ئامێرە کارەباییەکان، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێری شەمەندەفەر؛ لەبەرامبەریشدا ڕوسیا  لە میسرەوە چەندین بەرهەمی ڕووەکی وەک  میوە، سەوزە، پلاستیک، سابوون، خوێ، گۆگرد و چیمەنتۆی هاوردەکردووە.

هەر لەمەڕ پرسی زیادکردنی ئاستی هەناردە و گەورەبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان ڕوسیا و میسرەوە، ئەندرێ سومین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بنکەکەی لە ڕووسیایە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر دەڵێت ، بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر بە دراوە نیشتمانییەکان کاریگەریەکی باش و توانایەکی زۆری  هەیە بەڵام پێویستی بە ژێرخانی دروست و گەشەپێدان هەیە بۆ پشتگیریکردنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوەش دەکات کە "بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر هاوسەنگ نییە ، چونکە ٥ ملیار دۆلار بۆ ڕووسیا لە بەرامبەر یەک ملیار دۆلار بۆ میسر بووە  لە  ساڵی ٢٠٢٢ "  هەروەها ڕوونیشیکردۆتەوە  کە ناهاوسەنگی کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی ڕوبڵ پاوەند و ئاستی نەختینەیی لە بازاڕدا هەیە.

حەنان ڕامسێش لە بنکەیەکی ئابوری لە قاهیرە ئابوریناسە ودەڵیت، ڕووسیا لەژێر فشاری سزاکانی ڕۆژئاوادا هەوڵدەدات بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا زیاد بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕەنگە لە ماوەی درێژخایەندا میسر ببێتە دەروازەی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی ئەفریقا".

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار