هاوڵاتی سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی حەوت لە شاری ھیرۆشیما_ی ژاپۆن کۆدەبنەوە و قەیرانی ئۆکراین و چین بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت. لە ژاپۆن چاوەکان لەسەر لوتکەی G7ە کە لە شاری هێرۆشیما بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت. لەو لوتکەیەدا کە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ میوانداری دەکات، هەریەک لە سەرکردەکانی ئەمه‌ریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ئیتاڵیا بەشداری دەکەن. لوتکەکە کە تا 21ی ئایار بەردەوام دەبێت، جگە لە وڵاتانی G7 هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئیندۆنێزیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ڤێتنام بانگهێشتکراون. جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە ئێوارەی پێنجشەممە گەیشتە ھیرۆشیما، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فومیدا کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، گروپی حەوت داکۆکی لە بەھا ھاوبەشەکان دەکات، بەتایبەت پشتیوانی گەلی ئۆکراین لە دژی داگیرکاری روسیا.  جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش وتویەتی، لوتکەکە جەختدەکاتەوە لەسەر توندکردنەوەی سزاکان لەسەر مۆسکۆ.    لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە بە یەکێک لە پلاتفۆڕمە نێودەوڵەتییە گرنگەکان لە چارەسەری کێشە سیاسیی و ئابوورییە جیهانییەکان دادەنرێت ، لە هۆتێل گراند پرایس هێرۆشیما بەرێوەدەچێت.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنن لە رۆژێکدا سێ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون و سێ کەسی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو کەس لە زیندانی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کەسێکی بە رەچەڵەک بەلوچ لە ئێران لەسێدارە دراون. ناوەندنی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردوە؛ کەسێک بە ناوی محەمەد ساڵحی، خەڵکی دیزڵی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە دراوە. ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە کردوە کەسێکی دیکەی تۆمەتبار بە کوشتنی بە ئەنقەست بە ناوی جەمشید کەریمی خەڵکی شاری دێولان و دانیشتوی سنە لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە دراوە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە ئەمڕۆ کەسێک بە ناوی نادر ریگی بە رەچەلەک بەلوچ لە زیندانی جیرۆفت لە پارێزگای کرمان بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراوە. ئەو رێکخراوانە هۆشدارییان داوە سێ کەسی دیکە لە زیندانی شاری ئەسفهان مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. لە ماوەی رابردودا ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندوە، لەسێدارەدان لەو وڵاتە گەیشتوەتە قۆناغێکی تۆقێنەر.

هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کام یەک لە کاندیدەکان سەربکەوێت بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان دەدەن و دەیانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینن. جاک سولیڤیان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کرد کە 14ی ئایار بەڕێوەچوو. سولیڤیان رایگەیاند، کام یەک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی لە تورکیا سەربکەوێت، ئەوان ئەمریکا لەگەڵیدا هەوڵی چارەسەری پرسەکانی ئوکراینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆدا دەدات. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتی، " خولی یەکەمی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی خولی دووەم دەکەین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکەدا کار بکەن و دەمانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینین،" دوو رۆژ لەمەوبەریش جۆن کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، سەرۆک بایدن بە تامەزرووە چاوەڕێ دەکات لەگەڵ کاندیدی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنی تورکیادا کار بکات." رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە قسەکانیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆر جار هێرشی کردووەتە سەر ئەمریکا و پشتگیری لە روسیا کردووە، بۆیەش چاودێرانی سیاسی دۆخی تورکیا پێیان وایە، ئیدی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، نایانەوێت ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. لە ماوەی مانگێکی رابردووشدا، میدیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا بە بەردەوامی راپۆرت و هەواڵیان بە ئاڕاستەی پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ بڵاو دەکردەوە.

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئۆکرانیا، سەرۆکی دادگای باڵای وڵاتەکەیان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکردووە. ئۆلێکساندر ئۆمێلچێنکۆ، داواکاری گشتی پسپۆڕ لە دۆسیەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاندووە، دادوەری باڵای دادگای باڵا لە دۆسیەیەکی بەرتیل دەستبەسەرکراوە و ڕێوشوێنی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ دڵنیابون لە تێوەگلانی کەسانی دیکە لە چالاکییە تاوانکارییەکاندا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڤسیڤۆلۆد نیازێڤ سەرۆکی دادگای باڵا بڕی 2.7 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتێک بۆ بڕیارێک کە لە بەرژەوەندی خاوەنی گروپی دارایی و قەرز دەرچووە وەرگرتوە، لە مانگی (کانونی دووەمی ئەمساڵیش لە فەڕەنسا لەسەر داوای ئۆکرانیا دەستگیرکرا بەتۆمەتی گەندەڵی، هەرچەند ئەو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا بەڵێنیانداوە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی چڕتر بکەنەوە، ئەمەش مەرجێکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دایدەنێن بۆ بەردەوامبون لە پشتیوانیکردنی کیێڤ لە ڕوی دارایی و سەربازییەوە، هەروەها قبوڵکردنی پەیوەستبون بە کیێڤەوە بە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ. ئەوەش لەکاتێکدایە، کیێڤ کە لە ڕیزبەندی 116ەمین وڵات لە کۆی 180 وڵاتە لە پێوەرەکانی گەندەڵی جیهانی و ڕوبەڕوی فشاری زیاتر دەبێتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەربڵاو لە ژمارەیەک لە دامەزراوەکانیدا.  

هاوڵاتی کۆمپانیای تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی، لەبارەی بلۆککردنی ژمارەیەک هەژمار و تویتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە، پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا چوار هەژمار و 409 تویتی بلۆک کرد. ناوبانگی ئیلۆن ماسک وەک  پاڵثشتێکی ئازادی ڕادەربڕین ڕۆژی شەممە لێدانێکی دیکەی بەرکەوت  دوای ئەوەی تویتەر لایەنگری حکومەتی تورکیای کرد و هەژماری بەرهەڵستکارانی سیاسی سانسۆر کرد بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای تویتەر لە هەژماری فەرمی  تویتەر ڕایگەیاند کە پلاتفۆرمەکە "دەستگەیشتن بە هەندێک ناوەڕۆک لە تورکیا سنووردار دەکات" وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییە یاساییەکانی حکومەتی تورکیا. ڕاشیگەیاندووە لە هەفتەی رابردو لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێککەوتبون و پێیان راگەیاندون کە تویتەر تاکە تۆڕێکە پابەندی بڕیارەکانی دادگای باڵا نەبوە.  تویتەر لە هەژماری خۆی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوان پێیان وایە ئەمە کۆتا پێڕاگەیاندن بوە پێیانگەیشتوە و بەهۆیەوە چوار هەژمار و 409 تویتیان بلۆک کردوە بۆئەوەی تا کۆتایی هەفتە، تویتەر بۆ هەموکەس بەردەستبێت". لەم بارەیەوە نوێنەری کالیفۆرنیا ئادەم شیف لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردنێکی گرنگ لە تورکیا، تویتەر ڕازی بووە بە داواکارییەکانی  ئەردۆغان و سانسۆری چەندین تویت لەسەر پلاتفۆرمەکە دەکات." لەبەر نەبوونی شەفافییەتی تەواوی تویتە دەرکە وتووە کە بەڵێنەکانی ماسک بۆ ئازادی ڕادەربڕین جارێکی دیکە شکستیان هێناوە." لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا تویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لەم هەنگاوە هیچ دەرچەیەکی دیکەی یاساییان لەبەردەستدا نەبوە بیگرنەبەر، بەدەسەڵاتی دادوەری تورکیاشیان راگەیاندوە، ترسیان هەیە لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربڕین. دەشڵێت، تا ئێستا پێنج سکاڵای یاسایی لە دژیان لە دادگاکانی تورکیا تۆمار کراون و تێهەڵچونەوە بۆ چوار سکاڵایان کراوە و سكاڵایەکیشیان رەتکراوەتەوە. تویتەر لە راگەیەنراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردوە، سبەی چوارشەممە، دادگا تێهەڵچونەوە بۆ ساکاڵای پێنجەم دەکات و سێ سكاڵایان جارێکی دیکە دادگا پێداچونەوەیان بۆ دەکات.

ئێران لە روی بەخشینی ئەندامانی جەستەوە دەبێتە یەکەم وڵاتی کیشوەری ئاسایا و ئەنجومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستە رایدەگەیەنێت لە 20 ساڵدا، بەخشینی جەستە زۆر زیادی کردوە. ئەنجومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستەی ئێرانییەکان بڵاوی کردەوە؛ نزیکەی نۆ هەزار کەس بە بەخشینی ئەندامانی جەستەیان لە ئێران بونەتە هۆی رزگارکردنی گیانی 70 هەزار کەس . ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ رێژەی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە 20 ساڵی رابردو لە ئێران زیاتر لە 70 هێندە زیادی کردوە بەوەش بوەتە یەکەم وڵاتی نێو ریزبەندنی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا کە زیاترین کەس ئەندامی جەستەیان بەخشیوە. ئەو ئەنجومەنە داوای لە دانیشتوانی ئێران کردوە کە ناوی خۆیان بۆ بەخشینی جەستە تۆمار بکەن و بۆ ئەوەی لە ئەگەری توشبون بە هەر روداوێکی نەخوازراو کە دەبێتە هۆی مەرگیان بتوانن جەستەیان ببەخشن و ژیان بۆ کەسانی دیکە بگەڕێننەوە. لە سیستمی تەندروستی ئێراندا ئەو کەسانەی هەڵگری باج و ناسنامەی بەخشینی ئەندامانی جەستەن ئەگەر لە هەر روداوێکدا توشی مەرگی نەخوازراو ببنەوە ئەندامانی جەستەیان دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە چاندنەوەی (دڵ، گورچیکە، جگەر، چاو، سییەکان و ریخۆڵە) و ئەندامانی دیکەی جستە هەیە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.    

هاوڵاتی زیاتر لە 60 پەرلەمانتاری کۆماریەکانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناردوە و داوا دەکەن تاقیکردنەوەیەک ئەنجامبدات بۆ هەڵسەنگاندنی توانا دەرونییەکانی، بەپێچەوانەوە داوایان لێکردوە لە ڕکابەرییەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە. کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی، رایگەیاند، نامەکە لەلایەن 60 کۆماریخوازەوە واژۆ کراوە، و تێیدا هاتوە، "بانگهێشتتان دەکەین بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرونی و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی بۆ ڕایگشتی، یان خۆتان بەدور بگرن لە هەوڵدان بۆ دوبارە هەڵبژاردنی ئێوە بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا". هاوکات لە نامەکەدا پەرلەمانتارانی کۆماریەکان رونیان کردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵانی 2021 و 2023 پشکنینی جەستەیی بۆ کراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە پێشنیاری هیچ پشکنینێکی دەرونی بۆ کراوە. بایدن تەمەنی 80 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژودا و ئەگەر لە ساڵی 2024 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا لە کۆتایی خولەکەیدا تەمەنی دەبێتە 86 ساڵ.    

هاوڵاتی لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە ١٥ی نیسانەوە لە نێوان سوپای سوودان و هیزەکانی پشتیوانی خێرا دەستی پێ کردووە تا ئێستا ٥٢٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون. سەندیکای پزیشکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هیزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانەوە تا ئێستا ٥٢٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، دوو هەزار و ٨٧٢ی دیکەش برینداربوون. هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا پێکدادانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامن، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر زیاتر بێت. لە بەیانی ١٥ی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا. ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداریدا لەوەی  جیهان بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم ڕێدەکات. دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە میانی کۆڕبەندی یاسایی نێودەوڵەتی سانت پترسبۆرگ، ڕایگەیاند ، "ڕونە کە شەڕێکی بەرفراوانی تێکەڵاوی دژ بە ڕوسیا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "سپۆنسەرە ئەمریکی و ئەوروپییەکان" بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی کوشندە بۆ دوژمنانی ڕوسیا دەنێرن و هانی تیرۆر دەدەن لە ناوچە سنورییەکانی ڕوسیا و کاری تێکدەر و تیرۆری سیاسی ئەنجامدەدەن ئەو بەرپرسەی روسیا باسی لەوەشکرد، "نەیارانی ڕوسیا لە ئێستاوە کارەکانیان بەڕێوەدەبەن لەسەر ڕێگای جەنگی جیهانی سێیەم، بەرەو کارەساتێکی جیهانی". جەختیشی لەوەکردەوە ، "هیچ کەسێک ناتوانێت وەک براوەیەک لە جەنگی جیهانی سێیەم دەربچێت".

هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ڕەتیکردەوە بڵێت ئایا دەیەوێت ئۆکرانیا یان ڕوسیا سەربکەوێت لە شەڕەکەدا، بەڵام وتی، دەتوانێت لە 24 کاتژمێردا شەڕەکە رابگرێت. دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا رایگەیاند، "من لە رووی بردنەوە و دۆڕانەوە بیر ناکەمەوە، بەڵام لەرووی یەکلاکردنەوەی دۆخەکەوە سەیر دەکەم. نامەوێت نە ئۆکراینییەکان و نە رووسەکان گیانلەدەستبدەن." وتیشی، "ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەهێنێت " ترەمپ کە دژی سیاسەتی کۆمارییەکانە کە پشتیوانی لە کیێڤ دەکەن، ئاماژەی بەوەکرد "دەمەوێت مردن بوەستێت، ئەوان دەمرن، ڕوسەکان و ئۆکرانییەکان، دەمەوێت نەمرن، وە دەیکەم". سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەتیکردەوە پوتین بە "تاوانباری جەنگ" ناوببات و گوتی "ئەگەر ئەو بە تاوانباری جەنگ ناوببەی ئەوا دۆخەکە قورستر دەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانی ئەو شەڕە بوەستێنی. ئەگەر پوتین تاوانی جەنگ بکات، ئەوا خەڵک دەستگیری دەکەن و دەیکوژن." ترەمپ پێیوایە پوتین لە ئۆکراینا هەڵەی کردووە و گوتی "هەڵەی پوتین ئەوە بوو کە چووە نێو ئۆکراینا، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، پوتین هەرگیز نەدەچووە نێو خاکی ئۆکرایناوە." لەلایەکی دیکەوە ترەمپ ڕەتیکردەوە دان بەوەدا بنێت کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2020دا دۆڕاوە.  

هاوڵاتی رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکەن. هاوکارییەکە خۆی لە چەکی بەرگریی ئاسمانی، تۆپ و تەقەمەنی دەبینێتەوە. باس لەوەشکراوە ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی ئۆکراینا دووپات دەکاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی بەهێزکردنی توانای ئاسمانی ئۆکراینا و ناردنی تۆپ و تەقەمەنییەوە. ئامانج لەمە ئەوەیە ئۆکراینا بتوانێت رووبەڕووی فراوانخوازی و تووندوتیژیی رووسیا ببێتەوە  پاکێجەکە هەروەها تەقەمەنی بۆ سیستەمی دژەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گوللـەی تۆپی 155 ملیم و رادار لەخۆدەگرێت.  ئەمریکا لە سەرەتای شەڕی رووسیا - ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی 2022ـوەوە، زۆرترین هاوکاری پێشکێشی ئۆکراینا کردووە کە 36.1 ملیار دۆلارە.  هاوکارییەکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئۆکراینا خۆی بۆ هێرشی پێچەوانە دژی رووسیا ئامادە دەکات و شەڕی باخمووتیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەشەنە دەسێنێت.   سەرچاوە: CNN

هاوڵاتی بریتانیا روبەڕوی تۆمەتی رەگەزپەرستی دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو سودانیانەی کە هەڵهاتون و دەیانەوێت داوای ڤیزا بکەن بۆ چونە نێو خاکی بریتانیا، بەڵام پێیان نادرێت و رێگریان لێدەکرێت، ئەوەش بە پێچەوانەی هاوڵاتیانی ئۆکرانیاوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە گاردیانی" بریتانی، هاوڵاتیانی سودانی کە لە ئێستادا وڵاتەکەیان شاهیدی شەڕ و روبەڕوبونەوەی چەکداریە، دەرفەتی وەرگرتنی ڤیزای بریتانیایان پێنادرێت، ئەوەش لەکاتێکدا هاوڵاتیانی ئۆکرانیا کە بەهۆی هێرشی روسیاوە وڵاتەکەیان بەجێهێشت توانیان لە رێگەی ڤیزاوە بگەنە بریتانیا. بریتانیا نزیکەی 300 هەزار ڤیزای بەو ئۆکرانیانە داوە کە لە وڵاتەکەیان هەڵاتون لەدوای هێرشی روسیا لە شوباتی 2022، لەو ژمارەیەش نزیکەی 193 هەزار ڤیزای لە مانگی ئازاری ساڵی 2022دا داوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هێرشەکە. بریتانیا تا ئێستا نزیکەی دو هەزار و 300 کەسی بە گەشتی ئاسمانی لە سودانەوە گواستوەتەوە، کە هاوڵاتی و خێزانەکانیان و سودانی و نەتەوەکانی تریشیان تێدایە، بەڵام پلانی بۆ هیچ گەشتێکی دیکە نییە.

هاوڵاتی ڕێکخەری باڵای پاراستنی نهێنی زانیارییەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆنترۆڵی دروستی دایک و باوکی دانەناوە. هەروەها کۆمیسیۆنی بازرگانی فیدراڵی (FTC) ڕایگەیاندووە، پێویستە میتا قەدەغە بکرێت پارە لە داتای منداڵان وەربگرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، بێباکی کۆمپانیاکە بەکارهێنەرانی گەنجی خستۆتە مەترسییەوە، فەیسبووک پێویستی بە وەڵامدانەوەی شکستەکانی هەیە.   مێتا وەڵامی دایەوە و هەنگاوەکەی ڕێکخەرەکەی بە "کارێکی سیاسی" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە تێپەڕاندنی دەسەڵاتەکەی.   کۆمیسیۆنی بازرگانی فیدراڵی  کۆمەڵێک کردەوەی پێشنیار کردووە، لەوانە: قەدەغەکردنی تەواو لە بە پارەکردنی داتای منداڵان و هەرزەکارانی خوار ١٨ ساڵ وەستانێک لە خستنەبازاڕی بەرهەمە نوێیەکان تاوەکو دەتوانرێت دامەزرێت کە ئەوان بە تەواوی پابەندن بە یاساکانی پاراستنی نهێنی سنووردارکردن بۆ بەکارهێنانی داهاتووی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو. مێتا پێویستە ڕەزامەندی ئیجابی بەکارهێنەران ئاشکرا بکات و بەدەستی بهێنێت بۆ هەر بەکارهێنانێکی داهاتووی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو.  

لەم هەفتەیەدا زیاترین هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران لەسێدارە دەدرێن کە دوو کەسیان ژن بون و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداریی دەدەن لە زۆربونی سێدارە. پێگەی (حال ڤش) تایبەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ناوچەی بەڵوچستان بڵاوی کردوەتەوە لە پێنج رۆژی ئەم هەفتەیەدا لانیکەم 18 هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران سزای سێدارەدانیان جێبەجێ کراوە. ئاماژە بەوە کراوە لەو 18 هاوڵاتییە بەلوچەی کە لەسێدارە دراون ،دوو کەسیان ژن بوە و زۆربەیان بە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارەدراون. 23 رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دژی زۆربونی سێدارە لە ئێران و بە تایبەت پارێزگای سیستان و بەلوچستان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە ئامانجی بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندان، بێباکانە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردوە. پارێزگای سیستان بەڵوچستان کە دەکەوێتەوە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران بە هەژارترین ناوچە لەقەڵەم دەدرێت لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانیشدا زۆرترین کوژراو لەو ناوچانە تۆمار کرا و تا ئێستاش رۆژانی هەینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەریی لە شاری زاهیدان لەو پارێزگایە بەردەوامە.