ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی بەغدا وهەولێر دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمیسیاری مافی مرۆڤ درەنگانی ئەمشەو بەسەردانێک دەگاتە بەغدا و لەبارەی کێشە و گرفتە ژینگەیی وسیاسیەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمشەو سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دووەم سەردانی خۆی بۆ عێراق ئەنجام ئەدات و دەگاتە بەغدای پایتەختی عێراق و هاوکات ڕۆژی پێنج شەممەش بە سەردانێک دێتە هەولێری پایتەخت، بەگوێرەی زانیاریەکان بڕیارە ئەنتۆنی گۆتێرێز لەگەڵ سەرۆک کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها چەند سەرکردەیەکی سیاسی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی ئەنتۆنی گۆتێرێز بۆ عێراق دوای وەرگرتنی پۆستەکەی ، یەکەم جار لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٧دا بوو کە سەردانی عێراقی کردبوو.
هەروەها بڕیارە لەمیانی سەردانەکەیدا سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان باس لە پرسەکانی پەیوەست بە ژینگە، تەندروستی، هەژاری، قەیرانی ئاو، کێشە سیاسی و ئەمنییەکان بکات، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی زانیاریەکان گەشتێک دەکات بۆ هەندێک لە کەمپەکانی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە".
هەروەها عامر ئەلفایز: سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی ئەنتۆنی گۆتێرێزەوە دەڵێت، حکومەتی عێراق پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئاوارەکان و لە قۆناغی داهاتووشدا، وتیشی" سەردانەکە بۆ عێراق زۆر گرنگە، چونکە وڵاتەکە بەدەست کێشەی گەورەی ژینگەیی و ئاوییەوە دەناڵێنێت".
عامر ئەلفایز باسی لەوەش کردووە لە میانی سەردانەکەدا بارودۆخی سیاسی وئەمنی عێراقیش تاوتوێ دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان تا مانگی تشرینی یەکەم؛ بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەڵام بلۆکە سیاسییە شیعەکانی لایەنگری ئێران کە زۆرینەیان لە پەرلەماندا هەیە، دەیانەوێت ماوەی یەک ساڵەی کابینەی سودانی درێژ بکەنەوە.