تاڵیبانی پاکستان کوشتنی چەند بەرپرسێکی باڵای داعشی ڕاگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی:
هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی دوو شەممە ڕایگەیاند دوو فەرماندەی سەرەکی دەوڵەتی ئیسلامییان لە هەڵمەتێکی شەوانەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ سەر حەشارگەکەیان لە کابولی پایتەخت کوشتووە.
زەبیحوللە موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکی درەنگانی شەودا رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "بەرپرسی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانی داعش" لە ئەفغانستانیش لەنێو ئەو کەسانەدایە کە لە درەنگانی یەکشەممەدا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراون، ناوبراو ناسنامەی سەرکردەی تیرۆری کوژراوی بە ناوی قاری فاتح ناساندووە.
ئەم ڕاگەیاندنە چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە هات کە ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە تا ٣ هەزار چەکداری داعش لەو وڵاتە چالاکی سیاسی و چالاکیی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
هاوکات زەبیوحوللە موجاهید ئاماژەی بەوەشکرد، قاری فاتح یەکێکە لە کوژراوەکان و پلانی هێرشەکانی ئەم دواییەی دژی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و مزگەوتەکان و ئامانجەکانی دیکەی لە کابول داڕشتووە، هەروەها زەبیوحوللە موجاهید لە بەیاننامەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا پشتڕاستی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆری تاڵیبان لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئیجاز ئەمین ئەهەنگەری سەرۆکی داعش لە کیشوەری هیندستان لەگەڵ دوو فەرماندەکەی دیکەدا کوژراون.
لەگەڵ ئەوەشدا زەبیوحوللە بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتە ڕوو وتی، "ژمارەیەک لە ئەندامانی داعش، لەنێویاندا بیانییەکان"یش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون.
ڕێکخراوی داعش هیچ لێدوانێکی لەبارەی بانگەشەکانی تاڵیبان سەبارەت بە کوشتنی سەرکردە باڵاکەی نەدا لەدوای بەیاننامەکەی وتەبێژی تاڵیبانەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو داعش لەبارەی کوژرانی سەرکردەیەکی ناسراوی داعش بە "ئاهەنگەر" کە ناوی ئەبو عوسمان ئەلکشمیرییە پشتڕاستکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە لە ١٤ی شوباتدا لە پێکدادانێکدا لەگەڵ تاڵیبان کوژراوە بەڵام بە وردی باسی شوێنەکەی نەکردووە.
تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە کابول لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا، لە کاتێکدا هێزە بیانییەکان بە ڕابەری ئەمریکا لە وڵاتەکە کشاونەتەوە، جارجارە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش ئەنجامداوە.