٥٤ وڵات داوای راگرتنی سێدارە لە ئێران دەکەن
وڵاتانی جیهان بەهۆی سێدارەوە ئیدانەی ئێران دەکەن
نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە جنێف
2 ساڵ لەمەوپێش
ژمارەیەک وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەش لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای راگرتنی سزای سێدارەیان لە دەسەڵاتی ئێران کرد و رایانگەیاند سێدارە بوەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و نەیارانی دەسەڵات لەو وڵاتە.
لە دووەمین رۆژی (52)یەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، 54 وڵاتی جیهان بیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە واژۆ کرد و سەرەڕای ئیدانەکردنی سزای سێدارە داوای راگرتنی ئەو سزایەیان کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا کە لە شاری جنێف لە سویسرا بەڕێودەچێت؛ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا لەگەڵ چیلی، ئیکوادۆر، کۆلۆمبیا، پیرۆ، کاستاریکا، ئوروگوای و چەند وڵاتێکی دیکە بەیاننامەکەیان دژی سزای سێدارە لە ئێران واژۆ کرد و دەقی بەیاننامەکەش لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتی کاستاریکا خوێندرایەوە.
لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتوە ئەو 54 چوار وڵاتەی کە واژۆیان کردوە بە قوڵی نیگەرانن لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چونکە هاوکات ئەو سزایە بۆ ترساندن و تۆقاندن دژی نەیارانی دەسەڵات بەکاردەهێنرێت.
ئەو وڵاتانە رایانگەیاندوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە رونی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان پێشێل کردوە و تەنانت رێگەی بە ژمارەیەکی زۆر لەو دەستگیرکراوانە نەداوە کە پارێزەریان هەبێت.
ساڵی 2018 لە بەیاننامەیەکی هاوشێوە دژی سزای سێدارە تەنها 25 وڵات واژۆیان کرد و لە ساڵی رابردوشدا لە چوارچێوەی ئیدانەی سزای سێدارە لە ئێران 59 وڵات پشتگیریی خۆیان بۆ بەیاننامەکە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەربڕی.
ئێران بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای چین دووەم وڵاتی جیهانە کە زیاترین کەس تێیدا لەسێدارە دەدرێن.
لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیاترین سزای سێدارە لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ کراوە بە جۆرێک کە تەنها لە دوو مانگدا 29 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە دەکاتە زیاتر لە 30%ی کۆی لەسێدارەدانی ئەو ماوەیە.