هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد دوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت ئۆکرانیا  وەک "دەوڵەتێکی سەربەخۆ" ناسێندراوە، لەبەرئەوە هەوڵدان بۆ بەئەندام بوونی ئەم وڵاتە بۆ ناو ناتۆ، هەڕەشەی سەرەکيیە بۆ سەر ئاسایشی رووسیا. لە چوارچێوەی لووتکەی رووسیا-ئەفریقا کە لە سانت پیتەرسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، پوتین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەفریقا لەبارەی ئۆکرانیاوە ئەنجام دا. لەو بەشەی کۆبوونەوەکە کە بەرووی راگەیاندندا کراوە بوو، پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە شیکاریان بۆ ئەو پێشنیارانە کردووە کە سەرکۆماری باشووری ئەفریقا، کیریل رامافۆسا مانگی حوزەیران لەبارەی ئۆکرانیا خستیەڕوو. سەرۆکی رووسیا، ئەوەیشی خستەڕوو کێشەی ئۆکرانیا لەلایەن هەندێک هێزەوە وروژێنراوە کە ساڵانێکی زۆرە لە رۆژئاوا خۆیان بۆ جەنگی دژ بە رووسیا ئامادە دەکەن و گوتی: "هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ئۆکرانیا  بکەنە ئامڕازێک بەمەبەستی تێکدانی بنەما ئەمنییەکانی رووسیا، زیانگەیاندن بە پێگەی رووسیا لە جیهان و تێکدانی سەقامگیری دەوڵەتەکەمانە. ئەمە کێشەی یەکەمە". هاوکات سەرۆکی روسیا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەنگاوەکانیان پێچەوانەی نییە، چونکە تەئکید لەسەر رێزگرتن لە وڵاتانی تر دەکات و ئەوانیش ھەر ئەوەیان کردوە، دووپاتیشی کردەوە، کە نابێت پەنا بۆ پێودانگی دژ بە یەک و سزای تاکلایەنە لەسەر حسابی ئەوانی تر ببرێت. لە دوای ھێرشە وێرانکەرەکانی ئەم دواییەی رووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی توند ئاراستەی رووسیا کرا و داوای راگرتنی ھێرشەکانی کرا.  

هاوڵاتی تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا لە داهاتودا دەچێتەوە ناو یەکێتی ئەوروپا، چونکە ڕاپرسییەکی نوێ دەریخست کە پشتیوانی بۆ دوبارە ئەندامبونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە بەرزترین ئاستی پێنج ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای دێڵتاپۆل ڕاپرسییەکی بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات پاڵپشتییەکانیان بۆ دوبارە ئەندامبونەوە لە یەکێتی ئەوروپا زیادیانکردوە، لە دوایین ڕاپرسیی دەرکەوتووە کە 56%ی خەڵک دەنگ دەدەن بۆئەوەی دوبارە بەشداری بکەنەوە ئەگەر ڕیفراندۆمی دووەم ئەنجام بدرێت. نزیکەی 38%ی هاوڵاتیان ڕایانگەیاندوە، دەنگ دەدەن بۆ مانەوە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بە ڕێژەی سێ خاڵ کەمیکردوە. لە میانی چاوپێکەوتنێکدا تۆنی بلێر سەبارەت بە پرسیاری ئایا هیچ ئاسۆیەکی واقیعی دەبینێت کە بریتانیا بگەڕێتەوە ناو یەکێتی ئەوروپا یان پەیوەندی بە یەکێتی گومرگی یان تاک بازاڕییەوە بکات، لەوەڵامدا وتویەتی، من باوەڕم وایە لە شوێنێکدا نەوەی داهاتوو بریتانیا دەباتەوە ناو ئەوروپا، دەبێت سەیری ئەوە بکەیت کە چی ڕویداوە".  

هاوڵاتی پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی ناسا دەڵێن، پێدەچێت مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە پسپۆڕان مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیان بە گەرمترین مانگی حوزەیران لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرما داناوە. گافین شمیدت، زانای بواری کەشناسی لە ئاژانسی ناسا لەدیدارێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەبەردەم گۆڕانکاریەکی بێ وێنەی کەشوهەواداین لەسەرتاسەری جیهان، بەجۆرێک بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەمریکاو چین و ئەوروپادا ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندوە و بەشێکی ئەم گۆڕانکارییەش پەیوەندی بەدیاردەی نینۆوە هەیە. شمیدت پێشبینی دەکات ئەم شەپۆلە گەرمایەی کە هەیە بەردەوام بێت ئەویش بەهۆی دەردانی غازە گەرمەکان بۆ بەرگەهەوا و پێشدەچێت ساڵی ٢٠٢٤ گەرمتربێت. پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا ئاماژەیان بەوە کرد، ساڵی 2023 دەبێتە گەرمترین ساڵ لە مێژووی تۆمارکراودا و هۆشداریشیاندا لەوەی کە ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر دەبێت.  بەگوێرەی ناسا، لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە، هۆشداریش لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن. 

هاوڵاتی بەگوێرەی رایەگەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە،  حکومەتی عێراق باڵیۆزی سوید دەردەکات و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سوید  دەپچڕێنێت و رێنمایی وەزارەتی دەرەوە دەکات باڵیۆزی عێراق لە سوید بکشێنێتەوە. وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بۆ کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها داوایەکی ئاراستەی باڵیۆزی سوید لە بەغدا کرد بۆ ئەوەی خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ دوبارە مۆڵەتی حکومەتی سوید بۆ "سوتاندنی قورئان و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلامی و سوتاندنی ئاڵای عێراق." هەر ئەمڕۆش باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کارەکانی هەڵپەسارد،  دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران ئاگریان لە بینای باڵیۆزخانەکە بەردا. تۆبیاس بلسترم، وەزیرى دەرەوەى سوید ڕایگەیاند: سوتاندنى باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد بە هیچ جۆرێک جێگەى قبوڵکردن نییە و عێراق لە پارێزگاریکردنى نێردە دیپلۆماسییەکانى شکستى هێناوە. ئەو بڕیارەى سوید دواى ئەوە هات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید رەزامەندییان داوە ئەمڕۆ، قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید، بسووتێنرێن. دەستپێکی ئەم زنجیرە ڕوداوانە دوای ئەوە هات  رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوید، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی سووتاند.  سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوyد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.            

هاوڵاتی خۆپیشاندەران جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەکە و بەشێکیان سووتاند. بەرەبەیانی ئەمرۆ، ژمارەیەک خۆپیشاندەر هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و ئاگریان تێبەردا، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەروەی سوید لەراگەیەنراوێکدا دەڵێت: سەرکۆنەی پەلاماردانی باڵیۆزخانەکەمان و دیپلۆماتکاران و کارمەندانی نێودەوڵەتی دەکەین.  دەشڵێت: بەرپرسیارێتی هەر کارێکی نەخوازراو و سەلامەتی دەستەی باڵیۆزخانەکەمان دەخەینە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.  جەختیشیکردەوە "ستافی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا باشن". هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکە و سووتاندنی لە دوای ئەوەدێت؛ حکومەتی سوید رەزامەندیی لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید دەربڕی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.  هاوکات لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی سوتاندنی باڵوێزخانەی سوید لە بەغداد دەکات و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات.  هەموو ئەم ڕوداوانە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێكی عێراقی لە سوید بەناوی سەلوان مۆمیكا لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، كۆپییەكی قورئانی سووتاند، ئەمەش كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هاوڵاتی بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە :لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دەریای ناوەڕاستدا لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، دوو هێندە زیادیکردووە  بەپێی ئەو ئامارانی کە دەزگای لوتکە بڵاویکردۆتەوە ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 دا 289 منداڵ لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 تۆمارکراوە.  دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە ،" ئەم ئامارەی شەش مانگی یەکەم زۆر زیاتر لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم ئامارە تەنها ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەرمەکانیان دۆزراوەتە ،چونکە زۆرێک لە کەشتی نوقمبووەکان لە دەریای ناوەڕاستدا بێسەرو شوێن بوویان هەیە ڕێژەیەکی زۆریشی منداڵن بۆیە تۆماریان ناکەن." هەر بە پێی ئەو ئامارانەی دەزگاکە بڵاویکردۆتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی  11 هەزار و 600 منداڵ لە دەریای ناوەڕاست پەڕیونەتەوە. هەر بۆیە گیان لەدەستدانی منداڵان لەدەریای ناوەڕاستدا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادیکردووە . هەر بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگای لوتکە کەوتوە:لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023، سێ هەزار و 300 منداڵی دەریای ناوەراستیان بڕیوە، واتە 71%ی سەرجەم ئەو منداڵانەیەکە لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەورووپا ئەم ژمارەیە سێ هێندەیە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

هاوڵاتی پەرلەمانی بریتانیا پرۆژەیاسایەکی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی لەبارەی کۆچی نایاسایی و پەنابەرانەوە پەسەندکرد و بەگوێرەی یاساکەش، کە تیایدا هەرکەسێک لەڕێگەی کەشتی و بەلەمەوە بگاتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ڕاستەوخۆ دیپۆرتدەکرێتەوە. پەسەندکردنی یاساکەی بریتانیا دژ بە کۆچبەران کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەنوێترین کاردانەوەشدا، ڤۆکەر تورک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، فلیپۆ گراندی سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە. یاساکە نیگەرانی رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆچبەرانی لێکەوتووەوە و ئیدانەی دەکەن لە ڤیدیۆ هاوبەشەکەدا هاتووە کە "ئەو یاسایەی بریتانیا رێگری لە پەناخوازان دەکات داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشکەش بکەن، هەروەها دەبێتە هۆی دروستکردنی هێزی نوێی دەستبەسەرکردن بەجۆرێک چاودێریی دادوەری لەسەری سنورداربێت".   ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییە لەناودەبات کە تاوەکو ئێستا خەڵکێکی زۆری پاراستوە و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، پەناخوازان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، لەکاتێکدا رێککەوتنی پەنابەرانی ساڵی 1951 بە راشکاوی دان بەوەدا دەنێت کە دەکرێت پەناخوازان ناچار بکرێن بەشێوەیەکی نایاسایی بچنە نێو وڵاتێکەوە". پەرلەمانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە پڕۆژە یاسایەکی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە کۆچبەران و ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە بۆ بەریتانیا، کە بەپێی یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی بە قاچاخ پێ دەنێنە خاکی بەریتانیاوە مافی پەنابەرێتیان پێنادرێت. بە پێی زانیاریەکان، بڕیارە پڕۆژەیاسای کۆچی نایاسایی دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا رەوانەی پاشا چارلسی سێیەم دەکرێت بۆ پەسەندکردن و رەزامەندی شاهانەی بریتانیا، دواتریش دەخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی یاساکە، دەتوانرێت سەرجەم پەنابەران دیپۆرتی رواندا بکرێن یاخود بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام لەبەرئەوەی بریتانیا جگە لە ڕواندا، گرێبەستێکی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی تردا نییە، بۆیە کۆچبەرەکان رەوانەی رواندا دەکرێن. بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو زیاتر لە ٤٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمساڵیش تاکو ئێستا نزیکەی ١٣ ھەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی ئەمه‌ریکا داوا لە رووسیا دەکات، بەشداری لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە بکات و رووسیاش رەتیدەکاتەوە. نێردەی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، چیتر گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش ناکەن، ئەمەش دوا بڕیاری رووسیایە. هەروەها کۆشکی سپی داوا لە رووسیا دەکات، لە بڕیارەکەی بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردنی لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی پاشگەز ببێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، هەڵپەساردنی بەشداری کردنی رووسیا لە رێککەوتنەکە، قەیرانی ئاسایشی خۆراک زیاتر دەکات و زیان بە ملیۆنان کەس دەگەینێت. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، ڕوسیا گەرەنتی ئەمنیی خۆی بۆ باركردنی دانەوێڵە دەكشێنێتەوە و ڕێڕەوی مرۆیی لە دەریای ڕەش دادەخات بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەكە، لەلایەن ئەو باندانەی كە لەلایەن كیێڤەوە سەرپەرشتیدەكرێن، ڕێڕەوی سەلامەتی ڕوسیا بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا كراوەتە ئامانج، كەمتر لە 3%ی خۆراك بۆ وڵاتانی هەژار لە مامەڵەی دانەوێڵەدا رۆیشتوە، هەروەها زیاتر لە 70%ی بۆ وڵاتانی داهات بەرز بوە. وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەوەشی ئاشكراكردوە، گرێبەستی دانەوێڵە بایەخی مرۆیی خۆی نەبوە و هیچ پاساوێكیش بۆئەو مەبەستە نیە، بەردەوامبونی لە بارودۆخی پەككەوتنی ڕاستەوخۆدا مانای خۆی لەدەستداوە و هەر لەبەر ئەم هۆكارەش ڕوسیا گەرەنتییە ئەمنییەكان لە ڕێڕەوی دەریای ڕەش دەكشێنێتەوە، لە دەریای ڕەشیش دەستپێشخەری دانەوێڵە لە 18ی تەمموزدا كارەكانی ڕادەگرێت. هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بێ بەشداریکردنی رووسیا، لە هەناردەی دانەوێڵە بەردەوام بێت. پێشتریش راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمه‌ریکا، باسی له‌وه‌كردبوو، ماوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ كۆتایی دێت و رایگه‌یاند: "ناتوانم پێشبینی بكه‌م (سه‌رۆكی رووسیا) ڤلادیمیر پوتن چی ده‌كات. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ئاماژه‌ی جۆراوجۆری دا، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ رووسیا له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ بكشێته‌وه‌ یان درێژه‌ی پێبدات". نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر روسیا و ئۆكرانیا له‌ ئیسانبوڵ به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژۆكرد، كه‌ ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی خۆراك بكات.

هاوڵاتی لە دەستپێکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و چین لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕیار بوو، کە پەیوەندییەکان لە دەرەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان بەرزتر بکەنەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بلۆکی ٢٧ وڵاتی چینی ڕاگەیەندراوە و بە “ڕکابەرێکی ئابووری” و “سیستماتیکی” ناویانبردووە، پەیوەندییە نزیکەکانی پەکین لەگەڵ مۆسکۆ دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، زیاتر بووەتە جێی باس. بەپێی ئەو وتارەی لە پێگەی شەرق ئەڵئەوسەت بڵاوکراوەتەوە وانگ یـی،  وەزیری دەرەوەی چین دوێنێ، لە پەراوێزی کۆبوونەوە ناوچەییەکان لە جاکارتا بە بۆرێلی وتووە، کە پێویستە چین و یەکێتی ئەوروپا پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن و متمانەی زیاتر بەیەک ببەخشن، هاوکارییەکانیان بەردەوامی پێبدەن، ئەو بلۆکە نابێت پەیوەندییەکانیان ‘لاواز’ بکات. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بۆرێل، وانگ داوای لە هەردوولا کرد، کە خۆیان لە بەسیاسیکردنی پرسە ئابوورییەکان و بەکارهێنانی دەستەواژەی “مەترسی” بپارێزن و بە ناڕاستەوخۆ هەنگاو بۆ “جیابوونەوە” نەنێن. وانگ وتی: هیچ بەرژەوەندییەک لە ململانێکانی نێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا نییە. سەبارەت بە ئۆکرانیا، وانگ وتی: چین پشتیوانی لە ژێرخانێکی ئەمنی ئەوروپی هاوسەنگ و کاریگەر و دەکات، هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە پێشخستنی دانوستانەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و ڕۆڵێکی بنیاتنەر دەگێڕێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانەکە. بۆرێل لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕوانییەکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ڕۆڵی چین لە یارمەتیدانیاندا لە کۆتاییهێنان بە شەڕی دەستدرێژی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو و وانگ گفتوگۆیان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و دۆخی ئێستا لە گەرووی تایوان کردووە.   سەرچاوە: شەرقولئەوەست.

هاوڵاتی لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا ،نووکە پەنجەیەکی دەستی مرۆڤ لە نێو زەرفێکی نامەدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا نێردراوە.  داواکارانی گشتی فەڕەنسا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند لێکۆڵینەوەیەکیان دەستپێکردووە دوای دۆزینەوەی پەنجەیەکی بڕاو لە نامەیەکدا کە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی نووسراوە. گۆڤاری  ڤالێورس ئەکتێلس کە یەکەم  شوێن بوو هەواڵەکە بڵاوبکاتەوە ڕایگەیاند، نامەکە  لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لەلایەن ئەو ستافەی بۆ ئیمانیۆل ماکرۆن کاردەکەن دۆزراوەتەوە و پۆلیسی لێئاگادار کراوەتەوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند بڕوایان وایە نووکە پەنجەکە لە دەستی نێردەری نامەکە کرابێتەوە کە کەسێکی تووشبووی نەخۆشیی دەروونییە. میدیای فەرەنسی دەڵێت، کەسەکە دۆزراوەتەوە و چارەسەری پزیشکی پێدراوە.  رۆژانە هەزار تاوەکو هەزار و 500 نامە و نامەی ئەلیکترۆنی بۆ ئیمانوێل ماکرۆن دەنێردرێن؛ هەموویان لە لایەن تیمێکی 70 کەسییەوە لە شوێنێکی دوور لە کۆشکی ئیلیزێ دەپشکنرێن پێش ئەوەی بگەیێنرێنە دەستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.  ئەم رووداوە دوای کوژرانی نائیلی تەمەن 17 ساڵانی بە رەچەڵەک جەزائیری لە ناوچەی نانتێری پاریس دێت بە دەستی پۆلیس کە بووە هۆی ناڕەزایەتیی تووند دژی پۆلیس و بۆ ماوەی یەک هەفتە گرژی لێکەوتەوە.  

هاوڵاتی پۆلیسی دەریاوانی ئەندۆنزیا (باکامێلا) ، ئەمڕۆ رۆژی سێ شەممە  رایگەیاند، دەستیان بە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیدا گرتووە کە گومان دەکرێت بە نایاسایی نەوت بگوازێتەوە. ئاژانسی هەواڵی  روەیتەرز لەم بارەوە لە زمانی پۆلیسی دەریاوانی ئەندۆنزیاوە نووسیویەتی :" کەشتی ئارمان ١١٤، کە زیاتر لە ٢٧٢ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی پێ بووە، گومانی ئەوەی لە سەرە بە شێوەی نایاسایی نەوت بۆ وڵاتێکیتر دەگوازێتەوە". پۆلیسی دەریاوانی ئەندۆنزیا هەوەها دەڵیت، لە کاتێکدا دەست بە سەر کەشتی نەوتهەڵگری ئارمان ١١٤ دا گیراوە کە ویستوویەتی نەوتەکە بگوازێتەوە بۆ کەشتییەکیتر بە ناوی " ستینووز" کە ئاڵای کامێرۆنی لە سەر بووە.

هاوڵات ماوەی ١٥ رۆژە زیاتر لە ٣٠٠ کۆچبەر کە لەناو سێ کەشتیدا بوون و لە کەنارەکانی سەنیگالەوە بەرەو دوورگەکانی ئیسپانیا بەڕێکەوتوون لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێنن. ھێلێنا مالینۆ، وتەبێژی رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس بۆ ھاوکاریکرنی کۆچبەران، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ١٥ رۆژ لەمەوبەر سێ کەشتی کۆچبەران کە ٣٠٠ کۆچبەریان ھەڵگرتووە و لە کەنارەکانی سەنیگالەوە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا بەڕێکەوتوون، لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێن بوون. ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە کۆچبەرەکان لەناو  دوو بەلەمبوون کە  یەکێکیان نزیکەی 65 کەسی تێدابووە و ئەوی دیکەیان 50 بۆ 60 کەسی تێدابووە و کەشتی سێیەمیش  لە 27ی حوزەیراندا سێنیگالی بەجێهێشتووە کە نزیکەی 200 کەسی تێدابووە. هاوکات باسی لەوەشکردووە خێزانی کۆچبەرەکان هیچ هەواڵێکیان لێیانەوە نەبیستووە لەو کاتەوەی سەنگالیان بەجێهیشتووە. هەر سێ بەلەمەکە کافۆنتینیان بەجێهێشتوە لە باشوری سێنیگال، کە نزیکەی ۱۷۰۰ کیلۆمەتر (۱۰۵۷ میل) لە تێرنیفێرەوە دوورە، کە یەکێکە لە دوورگەکانی کاناری. دوورگەکانی کاناری لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بوونەتە شوێنی سەرەکی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیا دەدەن، ژمارەیەکی زۆر کەمتریش هەوڵدەدەن دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ  ئیسپانیا هاوکات وەرزی هاوین زۆرترین هەوڵی کۆچکردن هەیە بەناو زەریای ئەتڵەسیدا . بەپێی داتای رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس، ساڵی رابردوو لانیکەم  دوو ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەری نایاسایی لەکاتی ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشی پێچەوانەی هێزەکانیان دژ بە روسیا نەگەیشتوەتە بەئامانج ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لەلێدوانێکدا رایگەیاند، "هەمومان دەمانەوێت هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا خێراتر ڕوبدات، هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت مانای زیانە لەناو ئۆکرانیەکان، لەهەمانکاتیشدا ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین و لە شوێنی خۆمان گیرنەبوینە". وتیشی، "هەموان حەز دەکەن هێرشی پێچەوانە لە ماوەیەکی کورتتردا تەواو بێت، بەڵام کاتێک ئێمە ئەو هێرشانەمان دەستپێکردوە هەست بە هیچ فشارێکی هاوبەشەکانمان لە ڕۆژئاوا ناکەین بۆ پاڵپشتیکردنی زیاترمان". ئاماژەی بەوەکرد، هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانمان پاڵپشتی پێویستمان ناکەن و بە پێی پێویست فشار ناکەنە سەر ڕوسیا.

هێرشی چەکداریی دەکرێتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئێران و دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان، بنکەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەی ژمارە 16ی پۆلیسی ئێران لە شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و بنکەکە بۆ چەند کاتژمێرێک لە لایەن چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا. پۆلیسی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: چەکدارەکان دوای کۆنتڕۆلی ئەو بنکەیە لە لایەم هێزی ئەمنیی و سەربازییەوە گەمارۆ دراون و دوو هێرشبەر کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێوەبوە خۆیان تەقاندوەتەوە. ئاماژە بەوە کراوە دوای زیاتر سێ کاتژمێر پێکدادان پۆلیسک کوژراوە و پۆلیسێکی دیکە بریندار بوە و هاوکات لەگەڵ خۆ تەقاندنەوەی دوو هێرشبەر یەکێکی دیکە لە هێرشبەرەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.  

هاوڵاتی کۆمپانیای تەکنەلۆجیا مێتا کە خاوەنی ئینستاگرام، فەیسبووک و وەتسئەپە، پلاتفۆڕمی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سریدس "Threads" کە دەبێتە رکابەری تویتەر، خستەکار. ئەگەر دەتەوێت بزانی پلاتفۆڕمە نوێیەکەی مارک زوکەربێرگ چۆنە، چاو دابخە و تویتەر بهێنە پێش چاوی خۆت، بەڵام بە تایبەتمەندیی کەمترەوە بۆ ئێستا. خاڵێکی سەرنجڕاکێشیش هەیە، ئەوەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیادەکاتەوە و هۆکارێکی زوو بڵاوبوونەوەیەتی، تەنیا بە یەک کلیک دەتوانی هەژماری تایبەت بە خۆت دروست بکەیت.  رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا کە خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپیشە بەردەستبوونی سۆشیاڵ میدیایەکی نوێ بە ناوی سرێدز Threads راگەیاند کە بە دژبەر و رکابەری تویتەری ئیلۆن مەسک دادەنرێت؛ بەمەش رکابەرێتیی نێوان ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ هێندەی دی قووڵتر دەبێتەوە.  تۆڕی کۆمەڵایەتی Threads لە ماوەی چوار کاتژمێری یەکەمیدا، پێنج ملیۆن ئەندامی تێپەڕاند. بەپێی راگەیەندراوێک کە مێتا بڵاوی کردووەتەوە، باس لەوە کراوە کە "Threads" پاتفۆرمێکی نوێیە کە لەلایەن تیمی ئینستاگرامەوە دروستکراوە بۆ چات و بڵاوکردنەوەی نووسین. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی ئەکاونتی ئینستاگرامەکانیانەوە بچنە ناو پلاتفۆرمە نوێیەکەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، سنووری نووسین لەو پلاتفۆرمە 500 پیتە، هاوکات دەتوانرێت لینک، وێنە و ڤیدیۆی پێنج خولەکیش بڵاو بکرێتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە "Threads" بۆ سیستەمی iOS و ئەندرۆید لە زیاتر لە 100 وڵاتدا بەردەستە و دەتوانرێت لە App Store و Google Play Store دابەزێنرێت و لە ماوەی چوار کاتژمێری یەکەمیدا، پێنج ملیۆن ئەندامی تێپەڕ کرد. سرێدز، بە گەورەترین رکابەری تویتەر دادەنرێت؛ پێشتر رکابەری زۆری بۆ پەیدا بووە، بەڵام تویتەر هەر لە ریزی یەکەمی کاتاگۆرییەکەیدا ماوەتەوە.  دروشمی سەرەکیی Threads بریتییە لە “Say More” واتە "زیاتر بڵێ" و دەتوانیت لە یەک سرێد دا 500 پیت بنووسیت، لەکاتێکدا لە تویتێکدا تەنیا مافی نووسینی 280 پیتت هەیە بۆ ئەوانەی هەژمارەکانیان پشتڕاستنەکراوەتەوە.