هاوڵاتی جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە میانی نۆیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان دژی چاکسازی لە خانەنشینی، 457 کەس لە خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاجیاکانی فڕەنسا دەستگیرکراون و 441 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسیش بەهۆی توندوتیژیەکانەوە برینداربون. جیراڵد دارمانان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە لە پاریس لە کاتی خۆپیشاندانی سەندیکاکاندا 903 جار ئاگر لە موڵکی گشتی و کۆنتێنەرەکانی خۆڵ و خاشاک کەوتوەتەوە.  وتیشی پۆلیس پارێزگاری لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس کردووە کە لەسەرتاسەری فەرەنسا بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە. وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، داواکاری خۆپیشاندەرانی رەتکردەوە بۆ دەستبەرداربوونی حکومەت لە سیستەمی نوێی خانەنشینی کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ھەفتەی رابردوو پەسەندیکرد. لە یاسای نوێی خانەنشینی فەرەنسادا، تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بەرزکراوەتەوە، ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناوە و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی رەتدەکەنەوە. بەپێی ئاژانسەکان، خۆپیشاندانەکە زیاتر لە 300 شار و بەبەشداری نزیکەی سێ ملیۆن و500 هەزار کەس بەردەوامی هەیە و سوریشن لەسەرئەوەی، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لەناڕەزایەتیەکان.

ئیلاهە تەوەکۆلیان، ئەو کچەی چوار رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەشهد لە ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا چاوی بە گوللـەی ساچمەی نابینا کرا دەڵێت: ناچارم بەهۆی هەوکردنی ئەو چاوەم و سەرم کە گوللـەی ساچمەی بەرکەوتوە و بوەتە هێمای ستەم و زۆرداریی و خەیانەت، بە نەشتەرگەریی هەستیار گوللـەکان دەربهێنن. ئیلاهە کە لە وڵاتی ئیتاڵیا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دەرهێنانی گوللـەی ساچمەی لە چاوی و ناوسەر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: ئەوانەی بێدەنگن لە ئاست ئەو ستەمەی لە لە رۆڵەکانیان دەکرێت خەیانەت دەکەن و منیش ئەمڕۆ ناچارم بە قبوڵکردنی مەترسیی گیانلەدەستانم هێمای سەتمکار و هێمای خەیانەتی لە سەرم و چاوم دەرهێنم. ئەو خانمە دەڵێت؛ من بۆیە زیندوم و ئامادەم بە ئەنجامدان ئەو نەشتەرگرییە چونکە دەمەوێت هێما و ئاماژەکانی خەیانەت و ستەمکاریی ئاشکرا بێت. بە وتەی پزیشکان دوای ئەوەی یەکێک لە چاوەکانی ئیلاهە بەهۆی گوللـەی ساچمەیی بریندارکراوە چەند نەشتەرگەرییەکی هەستیار کراوە و سەرەڕای ئەوەی چاوی نابینا بوە گوللـەکان بە تەواوەتیی دەرنەهاتون و بوەتە هۆی هەوکردنی و تەنانەت مەترسیی ئەوە هەیە کە هەوکردنەکە بۆ مێشک بگوازرێتەوە و بۆیە بڕیاردراوە لە چەند نەشتەرگرییەکی هەستیاردا ئەو گوللانە دەربهێنرین. بە پێی ئامارەکان لانیکەم 570 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکان، چاوێک یان هەر دوو چاویان لەدەستداوە و پزیشکان لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵ ئەدەن سەرەڕای نابینابون ئەو چاوانە دەرنەهێنن بەڵام دەرکەوتوە ئەو گوللـە ساچمەییانە بوەتە هۆی هەوکردن لە جەستەی زۆربەی بریندارەکاندا.  

ئەوروپا رایگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران هێرش کراوەتە سەر ناوەندێکی فێرکاریی و بینایەکی نیشتەجێبون لە شاری زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا. جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە تویتەر رایگەیاند؛ هێرشەکانی روسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامە و لە نوێترین روداویشدا ناوەندێکی فێرکاری و یەکەیەکی نیشتەجێبون لە شاری زاپۆریژیا لەو وڵاتە کراوەتە ئامانج. بۆڕێل وتویەتی: لە کاتێکدا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بۆ چارەسەریی کێشەی ئاشتیانەی ئۆکرانیا بە ناچاری پەنای بۆ سەرۆکی چین بردوە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە کە بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئێران جێبەجێ کراوە. پێشتر حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی وڵاتی نەمسا-ی راگەیاندبو کە ئۆکرانیا هیچ بەڵگەیەکی نییەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کۆماری ئیسلامی بەشداریی جەنگیی ئەو وڵاتەی کردوە و لێدوانی بەرپرسانی ئۆکرانیای سەبارەت بە بەشداریی وڵاتەکەی لەو جەنگەدا رەت کردەوە. لە لایەکی دیکە پێشتر ئیسرائیل ئاشکرای کردبو کە ئێران نزیکەی هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی سوپای روسیا کردوە کە دوای دەستکاریکردنی و بەهێزکردنی توانای تەقینەوەیان لە جەنگی دژی بە ئۆکرانیا بەکارهێنراون.  

هاوڵاتی خەرجی بەرگریی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١.١٧ تریلیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتی ساڵانە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ بڵاوکراوەتەوە، خەرجی بەرگریی ناتۆ کە لە ساڵی ٢٠٢١دا ١.٢٥ تریلیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١.١٧ تریلیۆن دۆلار. هەریەک لە یۆنان، ئەمریکا، لیتوانیا، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئیستۆنیا و لیتوانیا، لانیکەم لە سەدا دووی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ خەرجییەکانی بەرگریی تەرخان کردووە. یۆنان لە سەدا ٣.٥٤، ئەمریکا لە سەدا ٣.٤٦، لیتوانیا لە سەدا ٢.٤٧ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خەرجییەکانی بەرگریی خەرجکردووە، لە کاتێکدا تورکیا خەرجییەکانی لە سەدا ١.٣٧ بووە. ئەمریکا ڕیزبەندی یەکەمی بەدەستهێناوە لە ڕووی بەهای خەرجییەکانی بەرگریی لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا کە ٨٢١ ملیار دۆلار بووە، بەریتانیا بە ٦٧.٧ ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی دووەم و ئەڵمانیا بە ٦٠.٩ ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەم دێت. ئەمریکا بە تەنها لە سەدا ٧٠ی کۆی خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆی پێکهێناوە.

هاوڵاتی ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، "ئەگەر لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەستگیربکرێت، ئەمە یارمەتی دەدات بۆ بەدەستهێنانی (سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "ئەگەری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەکەلەپچەوە ببینین و ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ترەمپ بەدڵنیاییەوە هەڵدەبژێردرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا". ئەمە لە کاتێکدایە ،ئەمڕۆ شەممە، ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، لە پۆستێکدا باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن چاوەی لەوەیە هەندێ تۆمەت بە فەرمی ئاراستەی ترەمپ بکا، ئەگەر ئەوە بکرێت، ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتبارکرابێت.  ترەمپ لە پۆستەکەدا نووسیویەتی: "زانیاریی نایاسایی دزەپێکراو" لە نووسینگەی ئەلڤن براگ، داواکاری گشتی پێشانیدەدات کە "بەربژێری هەرە لەپێشی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە دەستگیردەکرێت." ئەگەر بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ درا، ئەوا تەنیا لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدان دەستگیر دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ترەمپ پێشتر گوتوویانە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە گوێرەی رێوشوێنە ئاساییەکان هەنگاودەنێت، بە واتەی ئەوەی کە رازی دەبێت خۆی بەدەست بنکەی پۆلیسی نیویۆرک یانیش نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتنەوە بدات.  لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژێک بەناوی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، "تا ئێستا لە هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی لەلایەن داواکاری گشتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ترەمپ ئاگادار نەکراونەتەوە". هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ترەمپ.

کۆشکی سپی رایگەیاند کە رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە و پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن. گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ئادرین واتسۆن دەربارەی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رایگەیاندووه: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە رووسیا ستەم و تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە. ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن باجی ئەم کارانەیان بدەن. داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کەسێکی سەربەخۆیە و بەگوێرەی بەڵگەکان بڕیار دەدات. دەمانەوێت ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە باجی کارەکانیان بدەن". دوێنێ هەینی، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و کۆمیسیاری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان، ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا، دەرکردووە.

ئەمریکا ئاشکرای دەکات دوای کشانەوەی لە ئەفغانسان، کۆماری ئیسلامی چەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی تاڵیبان کردوە و لە عێراقیش هێرشە ناڕاستەوخۆکانی دژی ئەمریکا زۆر کردوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی تایبەت بە تیرۆر لە ساڵی 2021 بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بە رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لە هێرشەکانی عێراق و هاندانی چەکدار و میلیشیاکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەو راپۆرتەدا هاتوە: دوای ئەوەی جۆ بایدن بوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جموجۆڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی زیادی کردوە و تەنانەت لە روی داراییەوە پشتیوانیی لە جوڵە تیرۆریستییەکانی ناو ئەفەریقا، ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکای باکور و باشور کردوە . ئاماژە بەوەکراوە و لەو ساڵەدا سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانیی لە هەشت گروپی تیرۆریستیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە کە سەرجەمیان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بون و هاوکات پشتیوانیی دارایی لە گروپە تیرۆریستییەکانی پێنج کیشوەری جیهان کردوە. بە پێی زانیارییەکانی واشنتۆن ؛هێز و میلیشیاکانی عێراق بە هاندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2021 زیاتر لە 100 هێرشیان بە بۆمب کردوەتە سەر هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەکە و هاوکات هەر ئەو هێزانە 40 هێرشی ناڕاستەوخۆیان دژی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە عێراق ئەنجام داوە. هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە زیادبونی رۆڵی سوپای پاسدارن لە سوریا و عێراق کراوە و ئەوەش خراوەتە رو کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی دارایی و مەشقی سەربازیی زیاترین رۆڵی لە هاندانی گروپە چەکدارییە تیرۆریستییەکان دژی ئەمریکا هەبوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانسان، کۆماری ئیسلامی چەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی رێکخراوی تاڵیبان کردوە و لە روی داراییەوە پشتیوانیی لەو رێکخراوە کردوە.  

هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە دەریای رەش لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی رووسیاوە، باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات. نێد پرایز، گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمەریکا بۆ گەیاندنی "ناڕەزایەتیی توند لە بەرامبەر ئەو رێگریکردنە نائەمنی و ناپیشەییە" راستوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسە باڵاکانی رووسیاوە کردووە. پرایز گوتی: "باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی ئەو یەکەیەمان دەکەین کە ئەو پەیامەی پێدەگەێنین" و رایگەیاند پرۆسەی بانگهێشتکردنەکە بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت. ئەم بانگێشتە دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتن. لەو بارەیەوە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند "ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن." دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبووە تا ئێستا.

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتوون. ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییە راشیگەیاند،  درۆنە ئەمەریکییەکە لە جۆری (MQ9) بوو، لەسەر دەریای رەش پێکییانداداوە. روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیی بە شێوەیەکی نا پیشەیی چاودێری درۆنە ئەمەریکییەکە دەکەن، بە هۆیەوە ئەو رووداوە درووست دەبێت. ئەو گوتیشی ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن. دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبوو.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "شەڕی داگیرکاریەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین لەسەر تایوان، جیهانی خستۆتەبەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بۆیە هۆشداریدەدەین لەوەی دەیەیەکی پڕمەترسی چاوەڕوانی جیهان دەکات". بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز، ریشی سوناک سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە، "جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان بون بەهەڕەشەی جیهانی و لەئێستادا مەترسی راستەقینەن لەسەر ئاسایشی جیهان، سەرەڕای پەکخستن، جیهانیان بۆ چەند بەرەیەک دابەشکردوە". لەبەڵگەنامەیەکی 63 پەڕەییدا، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاشکرایکردوە، "جیهان لەبەردەم گەورەترین دەیەی مەترسیداردایە لەسەر ئاستی سەلامەتی و هەڕەشەکان، جیهان بەرەو ئاقارێک هەنگاو دەنێت کە گرفتەکانی کۆنتڕۆڵ نەکراو بن، لەهەموشیان مەترسیدارتر جەنگی ئەتۆمیە". لەبەڵگەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رونیکردۆتەوە کە چۆن ژینگەی ئەمنی و ئاسایش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە لەماوەی دو ساڵی رابردودا، هەروەها ئەو هەڕەشە و ئاڵنگاریانەی هاتونەتەبەردەم رۆژئاوا و جیهان و ئۆکرانیا رونکردۆتەوە. هەر لەو بەڵگەنامەیەدا ریشی سوناک دەڵێت، "شەڕی روسیا، داگیرکاری نایاساییە بۆسەر ئۆکرانیا و جۆرێکە لەشەڕی چەکسازی و بۆتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی خواردن و وزە لەسەر ئاستی بریتانیا و ئەوروپا و جیهان دروستببێت و ببنە کێشەی جیهانی، بەهەمانشێوە هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان ئەم قەیرانانە زیاتر قوڵدەکەنەوە، لەم پێناوەدا بودجەیەکی سێ ملیار پاوەندی بۆ گەشەپێدانی سەربازی و چەکدارکردنی وڵاتەکەی پێشنیازکردوە". ئەم بەڵگەنامەیە لەچوارچێوەی بودجەی حکومەتدایە کە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاڕاستەی کابینەکەی کردوە کە پێشنیازیکردوە، بودجەی بەرگری 2.5% زیادبکرێت، بەڵام بڕی زیادکردنە و ماوەکەی دیارینەکردوە.  

هاوڵاتی بەرپرسانی سوپای بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا لەهەڵمەتەکەیاندا بۆ گرتنی شاری باخمووت لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا  پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێرشەکەیان قورس دەبێت بۆ بەردەوام بوون بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەدەست دەدەن بۆ گرتنی ناوچەکە و زیانەکان زۆر زیاتر دەبن. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو شەڕەی لە ئۆکرانیا بەتایبەت ناوچەی باخموت بەردەوامە لە تویتەرڕایگەیاند، یەکەکانی گروپی واگنە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کرێملیندایە، زۆربەی ڕۆژهەڵاتی بەخموتیان گرتووە، ئێستا ڕووبارێک کە بە ناوەندی شارەکەدا دەڕوات، هێڵی پێشەوەی بەخموتی دیاریکردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئاڵانگارییەکی قورس " دەبێت بۆ هێزەکانی واگنەر بەرەوپێشبچن، چونکە ئۆکرانیا پردە سەرەکییەکانی بەسەر ڕووبارەکەدا لەناوبردووە. پارێزگای دۆنتسک، یەکێک لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بە بەشێک لە سوریای ڕاگەیاند و لە لە مانگی ئابدا سوپای ڕووسیا کەمپەینی کۆنترۆڵکردنەوەی باخمووتی دەستپێکردووە  و هەردوولاش تووشی زیانێکی گیانی زۆر بوون لە ململانێکانیاندا لەسەر ئەم ناوچەیە. هاوکات لە سەرانسەری ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە کارەکانی چاککردنەوە بەردەوام بوو، دوای هێرشێکی بەرفراوانی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژ پێشتر کە شەش کەسی کوشت و سەدان هەزار کەسیش بێ ئامێرەکانی گەرماکەرەوە و بێ کارەبا مانەوە.

هاوڵاتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی ١١ی ئاداری ٢٠٢٣دا، کە ١٢ ساڵ بەسەر جەنگی ناوخۆی سووریادا تێدەپەڕێت، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیدا گوتێرێس باسی لەوە کرد خەڵکی سووریا لە شەشی شوباتدا بەهۆی بوومەلەرزەوە رووبەڕووی تراژیدیایەکی نوێ بوونەتەوە و ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە دەستپێکی جەنگەی ئەو ولاتەوە رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کرد کە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری مرۆیی بەبێ بەربەست گرنگی زۆری هەیە و، رایگەیاند: ''دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت." دەشڵێت، "پێم وایە دەبێت لایەنە سوورییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا بەیەکەوە بە پابەند بوون بە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوی بەرجەستە بنێن و بۆ زەمینەسازی ئاشتییەکی بەردەوام''.

هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان  وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن،  سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی  لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت  ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی  دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت  ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات،  کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت،  ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.  

هاوڵاتی کۆمپانیای مێتا دەڵێت  لە بەرنامەیدایە ئەپێکی هاوشێوەی تویتەر دابمەزرێنێت، ئەمەش لە هەوڵەکانیدا بۆ جێگرتنەوەی تویتەر کە بووەتە سەکۆی پەیامە گرنگەکانی جیهان. وتەبێژی کۆمپانیای مێتا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێمە پێمان وایە دەرفەتێک هەیە بۆ فەزای جیاواز کە دروستکەران و کەسایەتییە گشتیەکان بتوانن لە کاتی خۆیدا نوێکارییەکان سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانیان بەیەکەوە باس بکەن. ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە کۆمپانیای مێتا بەنیازە دروستی بکات ودایبمەزرینیت لە سەر بنەمای چوارچێوەیەکی هاوشێوەی " Mastodon" کە خزمەتگوزارییەک وئەپێکی هاوشێوەی تویتەرە کە وا لەساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە، هاوکات تاوەکو ئێستا دیارنیە کە کەی بەردەست ئەبێت وڕادەگەێنرێت. ئەم بەرنامەیی کۆمپانیای مێتا لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای تویتەر کە لە ئێستادا ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە وئەمەش وەک دەرفەتێکە کە کۆمپانیای مێتا وەک دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت. تۆماس هایس، سەرۆک و ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گریت هیڵ کاپیتال کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لەبارەی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکەی کۆماپانیای مێتاوە وتی،" کۆماپانیای فەیسبوک میژووەکەی ئەوە نیشان دەدات کە زۆرباشن لەبەدەستهێنانی داهێنەردا یاخود گەشەپێدەردا، وتیشی ئەم هەنگاوە تەنها وەک هەنگاویکی بەرگریە"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەیسبوک کێشە لەگەڵ کەمی بەشداربووی گەنجدا هەیە. هاوکات شرۆڤەکارانی بواری دیجیتاڵیش دەڵێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی  ٢٠ ٣٠دا گەشەی کۆمپانیای مێتا لە مێتاڤێرسدا زیاد بکات، هاوکات لە سەرەتای مامەڵەکانی ڕۆژی هەینیدا پشکەکانی مێتا بە ڕێژەیەکی کەم بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە١٨١.٧ دۆلار،  ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥١ زیادیان کردووە.  

سەرۆکی ئەمریکا دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە و رایگەیاند جموجۆڵەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو سوپایە مەترسی و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکە. رۆژی هەینی کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن ، سەرۆکی وڵاتەکە لە نامەیەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران(کۆنگرێس) دۆخی نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کردوەتەوە و فەرمانەکە لە 15ی ئەم مانگەوە نوێ دەبێتەوە. بایدن رایگەیاندوە؛ جموجۆڵ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدان و بەرفراوانکردنی موشەک و چەکی نائاسایی، دروستکردنی تۆڕی چەکداریی تیرۆریستی و هەوڵە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هاوشێوە جێگرەوەکانی تا ئێستاش هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆیە فەرمانی دۆخی نائاسایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. فەرمانی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ژمارە (12957) لە ساڵی 1995 راگەیەنراوە و لەو ساڵەوە بۆ ماوەی 28 ساڵە بە بەردەوامیی نوێ کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1995 ئەو فەرمانە لە لایەن بیل کلیۆنتۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرا و دوای شەش مانگ لە فەرمانەکە، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاند.