ئێران هاوڵاتییەکی بەلجیکی بە چوار تۆمەتی هاوکاریی ئەمریکا و سیخوڕیی بۆ وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامی و سپیکردنەوە پارە و قاچاخچێتی سزای 40 ساڵ زیندانیی و 500 هەزار دۆلار قەرەبو و لێدانی  74  قامچی بەسەردا سەپاندا. میدیای ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ ڤێندێ کاستیل، هاوڵاتییی بەلجیکا کە پیشەی کارمەندی فریاگوزاریی بوە لە وڵاتەکەی و لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیرکراوە لە لایەن دادگاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و تا 20 رۆژی دیکە مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە سزاکانی هەیە. پێشتر بەجیکا ئاشکرای کردبو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت ئەو هاوڵاتییە دەستگیرکراوی بەلجیکا وەک بارمتە بەکاربهێنێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی کە بە تۆمەتی دانانی بۆمب و تەقینەوە لە کۆبونەوەیەکی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق. کاستیل کە تەمەنی 41 ساڵە زستانی ساڵی رابردو لە ئێرانەوە دەستگیر کرا لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتییە بەلجیکییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک خۆبەخش هاوکاریی وڵاتەکەی کردوە لە بومەلەرزە و روداوە سروشتییەکاندا.

هاوڵاتی بەرپرسانی ئاگادار لە مەشقپێدان وپێدانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بە ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو بە زوترین کات دەست ئەکەن بە مەشقکردن بە سەربازانی ئۆکرانیا. مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر سیستەمی پاتریۆت لە ناوچەی فۆرت سیل لە ئۆکلاهۆما دەبێت، ئەم مەیدانە یەکێکە لەو چوار بنکە بنەڕەتیەی سوپای ئەمریکا کە ڕاهێنان و مەشقی سیستەمی موشەکی تێدا ئەنجام ئەدات. لەبارەی ماوە و کاتی ڕاهینانەکەوە لۆرا کوپەر، جێگیری وەزیری بەرگری بۆ ڕووسیا وئۆکرانیا وئۆراسیا ڕایگەیاند، ماوەی مەشقپێکردنی سەربازە ئۆکرانیەکان لەسەر ئەو سیستەمە ئاڵۆزەی پاتریۆت نزیکەی چەند مانگێک دەخاێنێت. بۆ سیستەمی پاتریۆت، ئەمریکا یەک پاتری بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە کە ئامێری بەرهەمهێنانی کارەبا وکۆمپیوتەر وسیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندی و یەک لانچەری لەگەڵدایە. هەروەها پاتریەکە دەتوانێت لەلایەن ٩٠ سەربازەوە بەکاربێت وکاری لەسەر بکرێت. رووسیا دوابەدوای پێدانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بە ئۆکرانیا و ڕاهێنانی سەربازانی ئۆکرانی لەلایەن ئەمریکاوە ڕایگەیاند، ئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان هەڕەشەیەکی دیکەن لەسەر پەرەسەندی جەنگەکە. ئەمریکا دوای سەردانەکەی ڤۆلۆدمێر زێلنسکی بۆ واشنتن و کۆبونەوەی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی کانوونی دوەمدا بڕیاریدا سیستەمی موشەکی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا.

هاوڵاتی وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند ئەتۆم قەڵغان و دڵنیاییدەری سەرەكی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەروەریمانە. سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری روسیا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری روسیا بە ئاماژەدان بەوەی كە یەكێك لە لەپێشترینەكانیان بۆ 2023 پێشخستنی توانای جەنگی سوپای روسیایە. شۆیگو رایگەیاندوە: بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپراسیۆنەكانی سوپاكەمان دەكەین لە ئۆكرانیاو سوریا، ئەم هەڵسەنگاندنانە بۆ بەرنامەی مەشق و راهێنانی كارمەندانمان و ئامادەكارییەكان بۆ دابیكردنی پێداویستیە سەربازییەكان بەكار دەهێنین. وەزیری بەرگریی روسیا بە ئاماژەدان بەوەی كە بەردەوامی دەدەن بە سیانی ئەتۆمی كە خۆی دەبینێتەوە لە فڕۆكەی ستراتیجیی، موشەكی بالیستیی كیشوەربڕ رایگەیاند: ئەتۆم قەڵغان و دڵنیاییدەری سەرەكی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەروەریمانە، توانای هێزە ئاسمانییەكانی روسیا بە فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانیشەوە زیاد دەكەین.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ چین كرد كه‌ ئه‌گه‌ر هاوكاری ئه‌منی ڕووسیا بكات، یان یارمه‌تی ڕووسیا بدات بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ سزاكان، ئه‌وا "تێچووه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت".  وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نێد پرایس دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی: ئێمه‌ به‌ سه‌رنجه‌وه‌ به‌دوای ئه‌و بڕیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێین كه‌ چین له‌ وه‌ڵامی هه‌ر داواكارییه‌كی ڕووسیا بۆ هاوكاری ئه‌منی ده‌یگرێته‌به‌ر. وتییشی، واشنتۆن "به‌ ڕوونی جه‌ختی له‌سه‌ر" ده‌سه‌ڵاتدارانی چین كردووه‌ته‌وه‌، له‌نێویاندا له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌ بالی له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردوودا، كه‌ "تێچووی" دروست ده‌بێت ئه‌گه‌ر "چین بڕیار بدات به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ سزاكانی ئه‌مریكا به‌ به‌رده‌وامی یان دابینكردنی یارمه‌تیی ڕووسیا یارمه‌تی بدات". هاوكاری ئه‌منی" كه‌ له‌ كاتی ململانێكان له‌ ئۆكرانیا به‌كارده‌هێنرا. له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا چین هیچ هاوكارییه‌كی سه‌ربازی به‌ ڕووسیا ده‌دات یان نا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی واشنتۆن وتی كه‌ ناتوانێت "هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی نوێ بكات" له‌و باره‌وه‌، ئەوەشی وت، واشنتۆن هه‌نگاو ده‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ ده‌ستنیشان بكرێن. ئه‌مریكا پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه‌ چاودێریی نه‌كردووه‌ له‌ پێدانی هیچ هاوكارییه‌كی سه‌ربازی بۆ ڕووسیا له‌لایه‌ن چینه‌وه‌

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆریست و ستەمکارە کاتی ئەوەیەی لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانان بەرەیەکی فراوان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگیرێتەبەر. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە لە کاتی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لۆبیی وڵاتەکەی  رایگەیاند؛ چاوەڕێی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی پرسی بەرەنگاربونەوەی ئێران تاوتوێ بکەن. نەتانیاهۆ وتوی: زیاتر لەهەمو کات ئەمریکا و ئیسرائیل کۆکن لەسەر روبەڕوبونەوەی ئێران لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا چونکە بە هەوڵی ژنان و پیاوانی بوێری ئێران جیهان بۆی دەرکەوت کۆماری ئیسلامی تیرۆریست و ستەمکارە. لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە تا ئێستا وەزیری بەرگریی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایانگەیاندوە کاری سەرەکیی حکومەتی نوێی ئیسرائیل بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنگەرە چەکدارەکانیەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.        

داواکارى گشتیی ئێران پۆلیسى وڵاتەکە رادەسپێرێت بە توندترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ژنانە بکەن کە لە شوێنە گشتییەکان و لەناو شاردا سەرپۆش لادەبەن و پابەندی باڵاپۆشیی نابن. ئاژانسى هەواڵى مێهر نیوز بڵاوى کردەوە؛ عەبدولسەمەد خورم ئابادى، جێگرى داواکارى گشتى ئێران بۆ کاروبارى چاودێرى دادگاکان  پۆلیسى راسپاردەوە بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە سزاى ئەو کەسانە بدەن کە بێ سەرپۆش  وگونجاوبونی جلەوبەرگەکانیان لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون. ئەو بەرپرسەی ئێران وتویەتی؛ بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە لادانى سەرپۆش تاوانى ئاشکرایە و لە حاڵەتى رودانیشیدا بەپێى یاساى ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن و بە توندى مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بە پێی یاساکانی سەرپۆش لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کەسێک لە لایەن پۆلیسەوە بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێت سزای مادیی و زیندان و دورخستنەوە دەیگرێتەوە و هاندانیشی بۆ لابردنی سەرپۆشی کەسانی دیکە سزاکانی قورستر دەبێت و لە کاری حکومیی دور دەخرێتەوە. بڕیارەکەی داواکاری گشتیی ئێران لە کاتێکدایە پێشتر ژینا ئەمینی بەهۆی مامەڵەی توندی پۆلیس بە بیانوی سەرپۆش و نەگونجابونی گیانی لەدەستدا و ئەوەش گەورەترین ناڕەزایەتیی میژوی ئەو وڵاتەی لێکەوتوەتەوە.

هاوڵاتی لە نووسینگە تایبەتەکەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کۆمەڵێک "بەڵگەنامەی نهێنی"ی دەوڵەت دۆزرانەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کاتەی کە جۆ بایدن جێگری سەرۆک بووە. راوێژکارێکی جۆ بایدن بەناوی ریچارد ساوبەر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نووسینگەکەی پێشووی جۆ بایدن-دا "ژمارەیەکی کەم بەڵگەنامەی نهێنی" هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ کاتێک جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە. ریچارد ساوبەر باسی لەوەش کرد کە بەڵگەنامەکان لە دووی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا و لە دۆڵابێکی کلیلدراودا دۆزراونەتەوە و راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانیش، پەیوەندی بە پارێزەرە تایبەتەکانی جۆ بایدن، کۆشکی سپی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی دەوڵەت کردووە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە کردووە. - پێشتر جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ-ی بە هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی تۆمەتبار کردبوو لە لایەکی دیکەشەوە سەرکردەکانی پارتی کۆماریی کاردانەوەیان لەهەمبەر دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە نووسینگەکەی جۆ بایدن نیشان دا لە کاتێکدا پێشتر جۆ بایدن رەخنەی لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرتبوو کە لە خانووەکەی فلۆریدایدا بەڵگەنامەی نهێنی دۆزرابووەوە. جێگەیباسە،کاتێک لە هەشتی ئابدا، کارمەندانی "'FBI" لە ماڵەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنییان دۆزییەوە، جۆ بایدن رەخنەی لە ترەمپ گرت و رایگەیاند: "چۆن دەکرێت کەسێک بەو ئەندازەیە لە ئاست بەرپرسیارییەتییەکان خەمسارد بێت".

بانکی نیشتیمانیی سویسرا لە ساڵی رابردودا گەورەترین زیان تۆمار دەکات کە لە یەک سەدە و نیوی ئەو ولاتە هاوشێوەی نەبوە . بە پێی راپۆرتی سەرەتایی ساڵی 2022  کە بانکی نیشتیمانیی وڵاتی سویسرا بڵاوی کردوەتەوە کە لە ساڵی رابردودا بانکەکە 143 ملیار دۆلار  زیانی بەرکەوتوە و ئەوەش بە گەورەترین زیانی 155 ساڵی رابردوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت. راپۆرتەکە هۆکاری ئەو زیانە گەورەیەی گەڕاندوەتەوە بۆ دابەزینی بەهای پشکەکان و دابەزینی بەهای دراوی فرانکی سویسری بەرامبەر دراوەکانی دیکەی جیهان. بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەوە، حکومەتی سویسرا خۆی بەدورگرتوە لە وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک لە بانکی نیشتیمانیی وڵاتەکەی  لە کاتێکدا لە ساڵی رابردودا شەش ملیارد و 500 ملیۆن دۆلاری لە بانکەکە وەرگرتبو.  

هاوڵاتی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریخست، چینی پارێزەری ئۆزۆن بە خێرایی چاک ئەبێتەوە،ئەمەش  لەماوەی ٤٣ ساڵدا ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەسەر ئاستی ناوچەی جەمسەری باشور درووستبووە بەتەواوی چاک دەکاتەوە. ڕاپۆرتەکە ڕۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکی لە شاری دینڤەر خرایە ڕوو وباسی لێوەکرا، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەی ئۆزۆن وردە وردە بەردەوامە، هەروەها  تا ساڵی ٢٠٤٠ ئاستی چڕی ئۆزۆن ناگەڕیتەوە ئەو دۆخەی کە پێش ساڵی ١٩٨٠ هەیبوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ چاکبونەوەی چینی ئۆزۆن لەئاستی جەمسەری باکورد کاتێکی زیاتری پێویستە وتاساڵی ٢٠٤٥ دەخاێنێت. هاوکات پۆل نیومان، سەرۆکی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکە ودۆخی ئۆزۆن ڕایگەیاند، ئێمە گۆڕانکاریەکان  وچاکبونەوەی کونەکانی ئۆزۆن دەبینین، هەروەها چینەکانی وەک ستراتۆسفیر کەدەکەونە سەروو چینی ئۆزۆنەوە ئەوانیش گۆڕانکاریان تێدا دەرکەوتووە. لەبارەی ئەو کونە گەورەیەی چینی ئۆزۆن لەسەر ئاستی جەمسەری باشور، ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە چاکبونەوەی ئەو کونەی ئۆزۆن تا ساڵی ٢٠٦٦ دەخاینێت.   ئەم هەڵسەنگاندنەی دۆخی ئۆزۆن و ئاستی بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەکەی هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەمساڵ وڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەریخست کە پڕۆسەی چاکبونەوەی ئۆزۆن پێشکەوتنی بەخۆوە دیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی ٣٥ ساڵە وڵاتانی جیهان ڕێکەوتنیکیان ئەنجامداوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەهێنان وکردنە دەرەوەی گازە ژەهراویەکان بۆناو چینی بەرگەهەوا. چینی ئۆزۆن بەرزیەکەی لە ناو بەرگەهەوادا ٣٠کیلۆمەترە، ئەو چینەی بەرگەهەوا زەوی لەتیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێت، ئەو تیشکانە مەترسی تەندرووستی لەسەر مرۆڤ درووست ئەکەن لەوانەس شێرپەنجەی پێست.    

هاوڵاتی پاکستان لە کۆبونەوەکەی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جنێف ڕایگەیاند، خیرخوازان وڕێکخراوە داراییەکان بەڵینیان داوە کە ٨ ملیار دۆلار هاوکاری وەک قەرەبوو بۆ  زیانی لافاوەکەی ساڵی ڕابردووی پاکستان تەرخان بکەن. رۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جنێف، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان وئەنتۆنی گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی پاکستان کرد کە بەهۆی لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانی لیکەوتەوە، پاکستان داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ دابینکردنی نیوەی تێچووی قەرەبووی زیانەکان کە کۆی گشتی ١٦ ملیار دۆلارە. لە کۆبونەوەکەدا ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و مرۆییەکان، بەڵێنی دابینکردنی ٨ ملیار دۆلاریان بەپاکستان دا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو لافاو و زریانیکی بەهێز وڵاتی پاکستانی گرتەوە ونزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا، هەروەها نیو ملیۆن کەسیش کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریەوە.

هاوڵاتی سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتەنبێرگ دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە سوید ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ چونکە ئەوەی پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی ڕەزامەندی تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەنجام داوە. ئەمڕۆ دوشەممە، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە سوید بچێتە پاڵ ناتۆ چونکە ئەوەی پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی ڕەزامەندی تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەنجام داوە. ستۆلتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی ئەفتۆنبلادتی سویدی گوت: "پێموایە  کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بە پرۆسەی پەسەندکردنی سوید بهێنرێت". لە مانگی ئایاردا سوید و وڵاتانی دراوسێی فینلاند سیاسەتی دوورودرێژی سەربازییان لە بێلایەنی سەربازیدا کۆتایپێهێناوداوایانکرد بچنە پاڵ ناتۆ لە دوای داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا. ئەم هەنگاوە پێویستی بە ڕەزامەندیی یەکدەنگی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەیە کە یەکێک لەوان تورکیایە  هاوکات تورکیا فشاریخستۆتە سەر ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی کە بە تیرۆرست ناویان دەبات . مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند سوید لە نیوەی ڕێگەشنییە بۆ مسۆگەرکردنی پاڵپشتی عەنقەرە ، ئەم قسانەی دوای ئەوە هات کە دادگایەکی سویدی دژی ڕادەستکردنەوەی ڕۆژنامەنووسێک بڕیاریدا کە لەلایەن تورکیاوە داواکرابوو بە تۆمەتی پەیوەندی بە کودەتایەکی شکستخواردووی ساڵی 2016ەوە. لە کۆتایدا سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند ،" من دڵنیام سوید دەبێتە ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڵام ناتوانم کاتێکی دیاریکراو بڵێم و پڕۆسەی بوون بە ئەندامبوون پڕۆسەیەکی دورو درێژە و چەند ساڵ دەخایەنێت". جێگەیباسە، پەرلەمانتارانی 28 وڵاتی ناتۆ پێشتر ئەندامێتی سوید و فینلاندیان پەسەندکردووە تورکیا و هەنگاریا تاکە ئەندامن کە تا ئێستا ڕەزامەندیان نەداوە.

هاوڵاتی لە هێرشێکی مووشەکیی سوپای رووسیادا بۆسەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ سەربە قەزای کوپیانسکی لە ناوچەی خارکێڤ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کەسێک گیانی لەدەست دا و حەوتی دیکەیش برینداربوون. کیریلۆ تیمۆشینکۆ جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی رووسیا هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ و مووشەکەکان لە بازاڕی ناحیەکە کەوتوونەتە خوارەوە. وتیشی، لە هێرشەکەدا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لەسەر کارەکانیان. هاوکات،سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی ناوچەی خارکێڤ (پارێزگار)، ئۆلیگ سینیگوبۆڤ لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە لەنێو بریندارەکاندا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان هەیە. نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیاش  باسی لەوە کرد کە پێشبینی دەکەن هێرشەکە لە رێگەی سیستمی مووشەکیی S-300ەوە ئەنجام درابێت.  

هاوڵاتی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا و وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاشکرایانکرد لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازادکران. لەوبارەیەوە سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، ئاندرێ یەرماک لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند ٥٠ سەربازی ئۆکراینی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئازادکراون. یەرماک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دوایین دیل گۆڕینەوە نابێت و گوتی: “ئەرکمان، گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییەکانمانە و ئەمە جێبەجێ دەکەین”. هاوکات بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ٥٠ سەربازی رووسی لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی ئازادکراون. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەش روونکراوەتەوە کە سەربازەکان بە فڕۆکەی وەزارەتەکە گەیەندراونەتە مۆسکۆی پایتەخت و چارەسەری پزیشکی و دەروونییان پێشکەش کراوە. جێگای ئاماژەیە دوایین گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرابوو.

هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی ماڵپه‌ڕی جیۆی فه‌ره‌نسی، باس لەوە كراوه‌، شێرپه‌نجه‌ی خوێن، شێرپه‌نجه‌ی لیكه‌ڕژێنی ده‌ره‌قی، نه‌خۆشی باركنسۆن و چه‌ندین جۆری دیكه‌ی نه‌خۆشی خراونه‌ته‌ پاڵ ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا. له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی ئۆكرانیا له‌ 24ـی شوباتی 2022ـه‌وه‌، له‌باره‌ی ته‌ندروستی پوتنه‌وه‌، پڕوپاگه‌نده‌ی زۆر بڵاوده‌بنه‌وه‌، له‌ به‌هاری ساڵی رابرودوش هەواڵێک لەبارەی خراپی تەندروستی پۆتن بڵاوکرایەوە بەڵام دواتر  لاڤرۆڤی  وه‌زیری دەرەوە ڕەتیکردوە له‌باره‌ی جێگره‌وه‌ی سه‌رۆكی رووسیا، ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، به‌ پێی هه‌مواری ده‌ستووری رووسیا له‌ ساڵی 2020، خوله‌كانی سه‌رۆكایه‌تی پوتن سفربوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ستوور رێگه‌ی به‌ پوتن داوه‌ تا ساڵی 2036 بمێنێتەوە ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ فه‌ره‌نسییه‌ ئاماژە بەوە کردوە، ئه‌گه‌ر پوتن له‌ ده‌سه‌ڵات كشایه‌و، نەما بەپێی مادەی چواره‌می مادده‌ی 92ـی ده‌ستووری رووسیا، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌توانێت ڕاستەوخۆ بچێته‌ شوێنی ، ئه‌گه‌ر پۆتن بیه‌وێت كه‌سێك له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی دابنێت و جێی متمانه‌ی ئه‌و بێت، ڕاستەوخۆ ناوی نیكۆڵای باترۆشیڤ سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا دێته‌ یادی رووسه‌كان، جگە له‌ وه‌زیری به‌رگری سێرگی شویگۆ باشترین بژارده‌ی پوتنه‌، ئه‌و ماڵپه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌ پێیوایه‌، نیكۆلای باترۆشیڤ ده‌سته‌ڕاستی ڤلادیمیر پوتنه‌

هاوڵاتی