هەر کۆچبەرێک لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بچێتە خاکی بەریتانیاوە بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کۆچبەرانی پەسند کرد. بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هەر کۆچبەرێک لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا، بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی.
رۆژی چوارشەممە 26ی نیسانی 2023 پەرلەمانی بەریتانیا بە 289 دەنگی بەڵێ و 230 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کۆچبەرانی پەسند کرد.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، دەرکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و پڕۆژەیاسای کۆچی نایاسایی بەشێکن لە سیاسەتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆ وەستاندنی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا.
ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، تەنیا ئەمساڵ نزیکەی 3000 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا، پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا بگاتە 80 هەزار کەس.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەربارەی یاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، لە دوا ساتەکاندا دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی هەڵپەسارد.