بەهای تمەن دەستی بە دابەزین کردەوە
ناکۆکییەکانی واشنتۆن و تاران بەهای تمەن زیاتر دادەبەزێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوام بێت لە بەرزبونەوە.
ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە ئێران بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 54 هەزار و 500 تمەن و حکومەتی وڵاتەکەش بەهای یەک دۆلاری بە نزیکەی 42 هەزار تمەن راگەیاندوە.
سایتی (ئێقتیساد نیوز) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە کاتێکدایە 20 رۆژە ئەو جۆرە بەرزبونەوەیە روی نەداوە و پێدەچێت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێت.
لە چەند رۆژی رابردودا سوپای ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی لە دەریای عوممان راگەیاند کە هەڵگری نەوتی ئەمریکا بوە و دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد ئەمریکا پێنج رۆژ پێش ئەوەی سوپای ئێران دەست بەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەدا بگرێت، ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێراندا گرتوە کە لە وڵاتی کوەیتەوە رێکەوتوە.
بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکی و گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران زیاترین کاریگەریی لە دابەزینی بەهای دراوی تمەن هەیە و بڕیارە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە لایەن سوپاوە، سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران توندتر بکرێنەوە.