ئەمریکا حەوت ملیارد دۆلاری ئێران ئازاد دەکات

ئێران بە مەرج پارە بلۆککراوەکانی لە کۆریای باشور بەکاردەهێنێت

ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاڵای کۆریای باشور

2 ساڵ لەمەوپێش



واشنتۆن بە مەرج پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور ئازاد دەکات و تاران رایدەگەیەنێت ئەو پارانە دەگوازرێنەوە.

دەنگی ئەمریکا (VOA)  بڵاوی کردەوە واشنتۆن بڕیاری داوە ئێران بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی پەیوەندیی بە بوارە مرۆییەکانەوە هەیە سود لە حەوت ملیارد دۆلارەکەی لە کۆریای باشور وەرگرێت.

مەرجەکانی ئەمریکا بریتین لەوەی کە ئەو پارانە نابێت راستەوخۆ رەوانەی ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێن و دەبێت بۆ مەبەستی کڕینی خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکی و مرۆییەکانی دانیشتوانیی ئێران بەکاربهێنرێن.

لە لایەکی دیکەوە پێگەی (نورنیوز) سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە ژمارەیەک بانکی کۆریای باشور ئازاد دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ چەند ئەژمارێکی دیکەی بانکی لە دەرەوەی کۆریای باشور.

بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدا دوو مانگ پێش ئێستا سایتی (ئەلعەربیە)ی سعودیە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات.

پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە .

وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە داراییەکانی ئێران لە جیهاندا بلۆک کراوە کە زیاتر لە 30 ملیارد دۆلاری لە عێراق و کۆریای باشور و چین بلۆک کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار