ئەمریکا رەتیدەکاتەوە پلانیان بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ سوودان هەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە پلانیان بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ سوودان هەبێت و دەڵێت، داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتوومی پایتەخت 'کاتییە'.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا،جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ،ئەمریکا لە پلانیدا نییە سوپا بنێرێت بۆ سۆدان و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتوومی پایتەختی سوودان 'کاتییە' و وەکو خۆی دەڵێت، هەر کاتێک دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە ئاسایی بووەوە، دەرگای باڵیۆزخانەیەکان دەکەنەوە و درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

وتیشی، "لەوانەیە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوودان لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر پەرەبسێنن"

ئەو ڕاوێژکارە ،سەلامەتی هاووڵاتییانی مەدەنی  و بیانی لە سوودان دەخاتە ئەستووی 'هێزە شەڕکەرەکانی' ئەو وڵاتە و بە پێویستی دەزانێت هەردوو لایەن کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.

هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی 'هێنانەدەرەوەی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان' لە سوودان رایگەیاند، ئامرازی چاودێریکردنیان لەو وڵاتە بڵاوەپێکردووە بەمەبەستی پالپشتیکردنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان لە گەڕاندنەوەیان لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ زێدی خۆیان .

 باسی لەوەشکرد، "پێمانوایە رێگەکە بە کراوەیی لە بەردەم ئەمەریکییەکان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوورتسوودان بەجێبهێڵن".

هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە، شەڕە نێوخۆییەکەی سوودان پێی نایە رۆژی دەیەمەوە وسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو جەنگە بۆ رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، دەگەڕێتەوە و بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تا ئێستا جەنگی نێوخۆیی سوودان، 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 55 کەسی دیکەش بریندارن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا نۆ منداڵ بەهۆی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار