هاوڵاتی کۆشکی سپی ڕۆژی دوشەممە، فەرمانی بە دەزگا فیدراڵییەکان کرد، کە لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەسەر مۆبایل و ئامێرەکانیان قەدەغە بکەن، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کە کۆمپانیای "بایت دانس"ی   چینی  خاوه‌ندارێتی دەکات. ئه‌م یاسایه‌ لەلایەن جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچووه‌، شالاندا یۆنگ بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی، نووسراوێکی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی كردووه‌. هۆکاری قەدەغەکردنی ئەوئاپڵیکەیشنە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا پێیوایە بۆ سیخوڕی بەکاردێت لە لایەن چینەوە هەربۆیە بە پێی بڕیارێی حکومەتەکەی بایدن "بەهۆی مەترسییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە، بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، کە کۆمپانیای "بایت دانس"ی   چینی  خاوه‌ندارێتی دەکات".بڕیاری قەدەغە کردنی دراوە . سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی فەرمانی بە سەرجەم وەزارەت و دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا کردووە، كه‌ لە ماوەی 30 رۆژدا بڕیاری قەدەغەکردنەی تیكتۆك جێبەجێ بکەن،  ئه‌مه‌ش لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا، بە یاسایەک کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەرچووە و قەدەغە کراوە، بۆ دابەزاندنی بەرنامەکە لەسەر هەر ئامێرێک یان مۆبایلێک کە سەر بە حکومەت بێت. ئەم بڕیارەی ئەمەریکا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بڕیارێکی هاوشێوەی حکومەتی کەنەدا دەرچووە، بەپێی ئەو بڕیارە دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکەی لەسەر هەریەکێک لە مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی قەدەغە کردووە، چونکە "ئاستێکی قبوڵنەکراوی مەترسییەکانی لەسەر تایبەتمەندی و ئاسایشی تێدایە". ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپاش ئەو ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ی لەسەر ئامێرەکانی قەدەغە کرد.

هاوڵاتی ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رایگەیاند، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە شی جین پینگ، سەرۆکی چین سوپای وڵاتەکەی راسپاردوە، تا ساڵی ٢٠٢٧ لە ئامادەکارییدا بن بۆ داگیرکردنی تایوان. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەسەر ئه‌وه‌كرده‌وه،‌ پێویسته‌ ئەمریکا خواستی شی جین پینگ، سەرۆکی چین بۆ داگیرکردنی تایوان "زۆر بە جددی" وەربگرێت. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی سی بی ئێس وتی، ئێمە دەزانین کە سەرۆکی چین ڕێنمایی سوپای ڕزگاریخوازی وڵاتەکەی کردووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ داگیرکردنی تایوان تا ساڵی ٢٠٢٧، دەشڵێت ئەمە بەو واتایە نییە کە بڕیاریداوە لە ساڵی ٢٠٢٧ یان هەر ساڵێکی دیکە دەست بە لەشکرکێشییەکە بکات. بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رونیكردوه‌ته‌وه‌، پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بۆ ئۆکرانیا لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی ڕوسیا، دەتوانێت ببێتە ڕێگریی بۆ بەرپرسانی چین بۆ لە ئێستادا، بەڵام مەترسییەکانی ئەگەری هێرشکردنە سەر تایوان لەوە زیاتر دەبێت.

  هاوڵاتی کەنەدا ١٤٣ کەسی دیکەی ئێرانی بۆ لیستی  سزاکانی زیادکردووە بەهۆی "پێشێلکارییەکانی بەرپرسانی ئێران  دژ بە مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران". میلانیا جۆلی،  وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند،  موڵکی ئەم کەسانە بلۆک کراوە و ڕێگەی پێنادرێت گەشت بکەن بۆ کەنەدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو کەنەدا سزای بەسەر زیاتر لە ٣ کاربەدەست و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند هەر پەیوەست بە پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاری سەر خۆپیشاندەران، لەوانەش موحسین قومی ئەندامی دەستەی چاودێری ڕۆژنامەوانی وکەسایەتی باڵای ڕژێم، هەروەها جێگیری وەزیری وەرزش ولاوان.   لەناو ئەو کەسانەدا کە  خراونەتە لیستی سزاکانەوە لەلایەن کەنەداوە هەریەک لە ئیسماعیل زاری کۆشا، حاکمی کوردستان و مورتەزا میراغەی، فەرماندەی بەسیج هەیە. هاوکات لەماوەی ڕابردووشدا کەنەدا سزای بەسەر چەندین بەرپرسی ئێرانیدا سەپاندووە کە لەناویاندا ئەندامانی باڵای دەسەڵاتی دادوەری، بەرپرسانی زیندان و پۆلیس و ئاسایش هەن، هەروەها سەرکردە سیاسییەکان، وەک یاریدەدەری باڵای ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران و کەسایەتییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت.    

هاوڵاتی گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ سزا نوێکانی یەکێتیی ئەوروپای بۆسەر رووسیا بە "بێمانا" لەقەڵەم دا. دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە لەبارەی پاکێجی دەیەمی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆسەر رووسیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا، تاتیانا مۆسکالکۆڤا کە گرنگی بە گۆڕینەوەی دیلەکان دەدات ناوی خراوەتە لیستی سزاکانەوە، گوتی: "بێگومان تەواوی ئەمانە بێمانان. دیار نییە ناوی کێ دەخەنە لیستەکەوە، ئەوانەی هیچ پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە دەخرێنە لیستەکەوە. خستنە لیستی سزاکان نابێتە هۆی هەراسانکردنی ئەو کەسانە". گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ لە بارەی پلانی چین-یشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکراینا بە رێگاچارەی ئاشتییانە، گوتی: "هەر جۆرە دەستپێشخەرییەک کە ببێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگای ئاشتییانە شایستەی گرنگی پێدانە". دمیتری پێسکۆڤ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی لایەنەکان هەڵسەنگاندن بۆ پلانەکە بکرێت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەمەیش کاتێکی باشی دەوێت.

هاوڵاتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی لە کارەکەی دەرکرد کە یارمەتی سەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی سوپای ڕووسیای دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و هیچ هۆکارێکی بۆ ئەو بڕیارەی نەدا. لە مەرسومێکی یەک دێڕیدا، زیلینسکی دەرکردنی ئێدوارد مۆسکۆلیۆڤی وەک فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە لە سەرپەرشتیاری هێزەکانی ئۆکرانیایە لە ناوچەی دۆنباس. هێزەکانی ڕوسیا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچەیە بەردەوامن و هەوڵدەدەن  دەدەن دەستبگرن بەسەر ئەو دوو هەرێمەی ڕۆژهەڵات کە دۆنباس پێکدێنن و زیلینسکیش لەم چەند هەفتەیەی دواییدا باری سەربازی لە ڕۆژهەڵات بە سەختی و بە ئازار وەسفکرد. هاوکات لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی مەرسومی ژمارە ١١٣|٢٠٢٣ فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای وڵاتەکە مۆسکالیڤ دوورخراوەتەوە. لە مەرسومەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە کێ لەبری مۆسکالیڤ دادەنرێت. ئەمەشلە کاتێکدایە لەپۆستێکی فەیسبووک ستافی گشتی هێزەچەکدارەکانی ئۆکرانیا گوتی سوپای ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە چەند هێرشێکی ناسەرکەوتوویان لەناوچەی باخموت ئەنجامداوە

هاوڵاتی پسپۆڕێکی جیۆلۆجی لە تورکیا رایگەیاند، ئەگەری روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە تورکیا هەیە و بەو هۆیەوە نزیکەی ١٣ هەزار باڵەخانە دەرووخێن. پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان پسپۆڕی بومەلەرزە و جیۆلۆجی لە تویتێکدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ئەستەنوبڵ ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار باڵەخانە هەیە. لە کاتی بومەلەرزەدا ٣٠٪ رێگەکان دادەخرێن. ١٣ هەزار باڵەخانە لە یەکەم ساتەکانی بومەلەرزەدا دەرووخێن، بەهۆی ئەوەی بەباشی دروست نەکراون. ٢٠٠ هەزار باڵەخانە زیانیان بەردەکەوێت. ٤٦٠ هەزار بۆری ئاوی خواردنەوە دەتەقن.  پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان باسی لەوە کرد کە لە هەموو جیهان بومەلەرزە ٥.٦ پلەکان زیانیان نابێت، بەڵام لە تورکیا بومەلەرزەکان لە ٥.٥ پلە تێپەڕ بکەن، زیانیان لێدەکەوێتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە لە تورکیا ئاستی گەندەڵی بەرزە. چەند رۆژ لەمەوبەریش، پرۆفیسۆر دۆغان کالافات بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆلینەوەی بومەلەرزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، ئەگەری زۆر هەیە لە هێڵی ئەنادۆلۆی باکوریش بومەلەرزەیەکی گەورە رووبدات، بەڵام سەرچاوەکەی دەریای مەڕمەڕە دەبێت هێڵی بومەلەرزە لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا تێدەپەڕێت و مەترسیەکەش زۆرە. کالافات ئاماژەی بەوەکردبوو، " شوێنی بومەلەرزەکە دیارە، بەڵام کاتەکەی بە تەواوی ناتوانرێت دیاری بکرێت. تەنیا دەتوانین بڵێین، تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ کە حەوت ساڵی دیکە دەکات، نزیکەی ٦٥٪ ئەگەری زۆرە بومەلەرزەیەکی زیاتر لە گوڕێ ٧ پلەی ریختەر لە دەوروبەری ئەستەنبوڵ رووبدات. دوایین بومەلەرزەی بەهێز لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەستەنبوڵ روویدا کە بەو هۆیەوە نزیکەی ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.   https://twitter.com/ovgunaercan/status/1630051198022680577?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1630051198022680577%7Ctwgr%5Ea2b751993dfe522656f328b9cbbeef90027a93d0%7Ctwcon%5Es1_&ref_url=https%3A%2F%2Fartigercek.com%2Fguncel%2Fahmet-ercan-istanbul-depremini-anlatti-13-bin-yapi-hemen-cokecek-240624h

دەزگای CIA:چین خۆی بۆ داگیركردنی تایوان ئامادە دەکات   بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگیریەکانی دەزگای هەوڵگری ئەمریكاCIA،سەرۆكی چین سوپای وڵاتەكەی راسپاردوە، كە خۆیان بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027 ئامادە بكەن. ویلیام بێرنزی، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی CBS ڕایگەیاند: پێویستە ئەمریكا خواستی شی جینپینگ، سەرۆكی چین بۆ دەستبەسەرداگرتنی تایوان زۆر بە جددی وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر ململانێی سەربازیش دەرئەنجامی حەتمی نەبێت، باس لەوەش دەکات: ئێمە دەزانین كە سەرۆك شی ڕێنمایی سوپای ڕزگاریخوازی وڵاتەكەی كردوە كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە بڕیاریدا لە ساڵی 2027 یان هەر ساڵێكی دیكە دەست بە لەشكركێشییەكە بكات ئەو ئەوەشی وتوە،پێموایە لانیكەم سەرۆكی چین و سەركردایەتی سەربازییەكەی ئێستا گومانیان هەیە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو لەشكركێشییە.

هاوڵاتی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا دەڵێت" هیچ کوردێک " لەناو ئەو یەختەی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیادا ژێر ئاوکەت نییە و دەشڵێت ئەوانەی نوقمبوون زۆربەیان ئێرانی پاکستانی و ئەفغانین. شەهرام حەمە، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەوکەسانەی لەناو ئەو یەختەدا بوون کە ژێر ئاو کەوتووە  هیچ کوردێکی تێدا نیە، هەروەها وتیشی تەرمی ٤٠ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە زۆربەیان منداڵن، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ١٠ کەس بێ سەروشوێنن و  ٥٠ کەسیش ڕزگارکراون. ئەمە لەکاتێکدایە،  ئەمڕۆ بەیانی یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی کرۆتۆنا بە ١٣٠ پەنابەرەوە ژێر ئاو کەوت، لەوبارەیەوەش ئەنتۆنیۆ سیراسۆ، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی کوترۆی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە منداڵ وژنیش لەناو یەختەکەدا بوون، میدیاکانی ئیتاڵیاش باسیان لەوەکرد هاوڵاتی عێراقیش  لەگەڵ سوری و ئەفغانی پاکستانی لەناو ئەو یەختەدا بوون. هەر لەبارەی نوقمبوونی ئەو یەختە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەش داوە، یەختەکە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا ڕۆیشتووە و ئەو ڕوداوەش بەهۆکاری خراپی کەشوو هەواوە بووە. هەر لەبارەی گەڕان وپشکنین بەدوای ئەو کەسانەدا کە لە یەختەکەدا بوون، پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت، گەڕان وپشکنین بەدوای ئەوکەسانەدا بەردەوامە کە لەناو یەختەکەدا بوون.    

هاوڵاتی ئێران دوێنێ  ژنێکی بە ڕەگەز ئیسپانی ئزادکرد کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە لەسەرووبەندی ناڕەزاییەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا دەستگیری کردبوو. ئەمڕۆهۆسێ مانوێل، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا  ئەمڕۆ لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕایگەیاند"  ئەو ژنە دوێنێ ئازادکراوە، بەڵام نەمانویست ئەوە بە ئاشکرا  ڕابگەێنێن پێش ئەوەی فڕۆکەکەی لە ئێران دەربچێت" ئەو ژنە ناوی ئانا بانەیرایە و تەمەنی ٢٥ ساڵە، ئەوەس بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەرانا کە هەواڵەکەی پشت راستکردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژنە هیچ زانیاریەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و ناسنامەکەی بڵاونەکراوەتەوە لەلایەن ئێرانەوە، لەکاتێکدا لەماوەی خۆپیشاندەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا دەستگیرکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە جگە لەو ژنە ئیسپانیە کە دوێنێ ئازادکراوە، چەندین کەسانی بیانی دیکە لە ئێراندا دەستگیرکراون ولەزینداندان، هەر لەبارەی هاوڵاتیەکی دیکەی ئیسپانیەوە کە هاوشێوەی " ئانا بانەیرا" دەستگیرکراوە، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە میانی وتارەکەی لەبارەی ئازادکردنی ئاناوە ڕایگەیاند، دڵخۆشیمان کاتێک تەواو دەبێت کاتێک سانتیاگۆ سانتێز" ئەو هاوڵاتیە ئیسپانیەی دیکە کە لەزیندانەکانی ئێراندایە" ئازادبکرێت، وتیشی " واز لەوهەوڵەکانی ناهێنێت بۆ ئازادکردنی"  

هاوڵاتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە کە سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر وڵاتەکەی. لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، پێشهاتەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە رووسیا هێرشەکانی بۆسەر کوپیانسک، لیمان، باخموت، ئاڤدیڤکا و شاهتێرسک چڕکردووەتەوە و سەربازانی ئۆکراینا ٧١ هێرشی رووسەکانیان تێکشکاندووە. لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان بە بەردەوامی لە ئاسمانەوە پشکنین دەکەن و هاتووە ''سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە. لەڕێگەی سیستمەکانی مووشەکهاوێژەوە ٥٧ جار بۆردومانی کردووە. هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە و برینداربوون''. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٢ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی چەکەکانی سەربە سوپای رووسیای لێن، هەروەها سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رووسیایان خستووەتە خوارەوە، یەکەکانی تۆپهاوێژیش دوو ناوچەی کۆبوونەوەی یەکەکانی رووسیا و شوێنی راداریان لەناوبردووە.

هاوڵاتی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كه‌ناراوه‌کانی ناوچەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا، به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران نقوم بوو و بەهۆیەوە لانیكه‌م 40 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئەوروپا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ ئه‌وروپا به‌ یاسای مافی په‌نابه‌رێتیدا بچێته‌وه‌. بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێک لە کەنارە ئاوییەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و تاوەکو ئێستا لانیکەم 40 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم تەرمی 28 کەسیان دۆزراونەتەوە و تەرمی 12 کەسەکەی دیکە نەدۆزراوەتەوە؛ 40 کەسی دیکەش رزگارکراون دوای ئەم ڕوداوە ئۆسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئەوروپا، داوای پێداچوونه‌وه‌ یبه‌ مافی په‌نابه‌رێتی کرد. یاسا نوێیەکانی ئیتاڵیا کەشتیی هاوکاریی کۆچبەران ناچار دەکەن لە یەک کاتدا تەنیا یەک هەوڵی رزگارکردنی کۆچبەران بدەن. ئەوەش لەلایەن رەخنەگرانی حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیاوە وەکو هۆکارێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لێکدەدرێتەوە. بەرپرسانی ئیتاڵیا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "زۆر سەرنشینی هەڵگرتبوو و بەهۆی شەپۆلە تووندەکانەوە بووەتە دوو پارچەوە". هاوکات میدیاکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، لەسەر یەختەکە 150 بۆ 250 کۆچبەر هەبوون و تا ئێستا نزیکەی 40 کەسیان رزگارکراون. ئەم "تراژیدیایە" لەکاتێکدایە کە حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیا تاوەکو دێت رێکارەکان لەسەر کۆچبەران تووندتر دەکات.  بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 16 هەزار و 601 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا و لانیکەم 195 کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.  لە ساڵی 2022شدا، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 159 هەزار و 410 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا و هەزار 953 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.     

ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی 2ی 2023 بڵاویکردەوە له ‌نزیك كه‌ناره‌وه‌كانی شاری كرۆتۆن له‌ ناوچه‌ی كالابریا له‌ باشووری ئیتاڵیا به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران نقووم بووه‌. باس لەوە کراوە، لانیكه‌م 30 كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. میدیایی ئیتاڵیاش بڵاویان کردەوە، لەسەر یەختەکە 150 بۆ 250 کۆچبەر هەبوون و تا ئێستا نزیکەی 40 کەسیان رزگارکراون. هاوكات ئاژانسی  "ئەنسا"ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ژمارەی گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و كۆچه‌به‌رانه‌ی له ‌یەختەکە نقوم بوون دەگاتە ‌30 كه‌س، ئاماژەی بەوەشدا، کە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان به‌دوای كۆچبه‌ره‌كان هێشتا بەردەوامه‌، بەڵام شەپۆلە ئاوییه‌كان رێگرن لە کاری تیمەکانی فریاگوزاری. هاوکات، ئاژانسی هەواڵی "AGI"ـی ئیتاڵیش لە زاری ئەندامێکی تیمەکانی فریاگوزاریەوە رایگەیاند، شەپۆلە بەهێزەکانی دەریا یەختەکەیان کردووە بە دوو بەشەوە و لەنێو قوربانییەکانیشدا منداڵێكی ساوا هەیە.

هاوڵاتی کۆبوونەوەی دارایی گروپی 20  ڕۆژی شەممە نەیانتوانی  ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و هەنگاوەکانیان بۆ داڕشتنەوەی قەرزی گەلانی هەژار بەرەوپێش بەرن. کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی گروپی 20 (جی 20) کە لەلایەن هیندستانەوە میوانداری دەکرێت، پێدەچێت درەنگانی ڕۆژەکە بەبێ بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی پێبێت، چونکە هیچ کۆدەنگییەک نەبوو لەسەر چۆنیەتی ناوزەدکردنی شەڕی ئۆکرانیا. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە گروپی حەوت (G7) زلهێزە پیشەسازییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بەیاننامەیەی ئەو گروپە دەر دەکات دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو ڕووسیا ئیدانە بکات بەهۆی لەشکرکێشییەکەی ساڵێک لەمەوبەر بۆ سەر دراوسێکەی، بەڵام شاندەکانی ڕووسیا و چین دژی ئەو جۆرە دەستەواژەیە بوون. دوو لە نوێنەرانی چین ڕایانگەیاندووە، ڕووسیا و چین بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی جی 20 بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە سیاسییەکان دڵتەنگ بوون. هیندستان کە سەرۆکایەتی ئەمساڵی جی 20ی بەدەستەوەیە، هەڵوێستی تاڕادەیەکی زۆر بێلایەنی لە بەرامبەر شەڕەکەدا هێشتووەتەوە و ڕەتیکردووەتەوە ڕووسیا بە هۆکاری ئەو لەشکرکێشییە بزانێت، بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کڕینی نەوتی ڕووسیا بەرەوپێش بردووە. هیندستان و چین لەنێو ئەو وڵاتانە بوون کە ڕۆژی پێنجشەممە بەشداریان نەکرد کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داوای لە مۆسکۆ کرد هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و شەڕەکان ڕابگرێت. جی 20 لە ساڵی 1999 دامەزراوە دوای قەیرانی دارایی ئاسیا وەک کۆڕێک بۆ وەزیرانی دارایی و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی بۆ تاوتوێکردنی کێشە ئابووری و داراییە جیهانییەکان گروپی بیست (G20) 19 وڵات لەخۆدەگرێت (ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەرازیل، کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، کۆماری کۆریا، مەکسیک، ڕوسیا، سعودیە، ئەفریقای باشوور، ئەندامانی جی 20 نوێنەرایەتی نزیکەی 85٪ ی جی ئێم دی جیهانی دەکەن، زیاتر لە 75٪ ی بازرگانی جیهانی، وە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان.  

هاوڵاتی  یەکێتی ئەورووپا ژمارەیەک  سزای نوێی دژی رووسیا پەسەندکرد کە قەدەغەی بازرگانی، کۆنترۆڵکردنی هەناردەی ئەو تەکنەلۆجیا و بەرهەمانەی کە بۆ ئامانجی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێنرێن و سنووردارکردنی ئەوانەی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرنە رووسیا، لەخۆدەگرێت. لەمبارەیەوە حکوومەتی سوید کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەکات، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ئەوەی بڵاوکردەوە کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە ساڵیادی جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا، ١٠مین پاکێجی سەپاندنی سزایان بەسەر رووسیادا پەسەند کردووە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە پاکێجە نوێیەکە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە تەکنەلۆجییانەی بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێندرێن، بەشێوەیەکی توندتر سنووردار دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئەو کەس و دەزگایانەی پشتیوانی جەنگ دەکەن، پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدەنە رووسیا تا لە جەنگدا بەکاریبهێنێت. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هەرچەند کات بخایەنێت، یەکێتی ئەورووپا هەر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. هاوکات تا ئێستا تەواوی وردەکاریی و ناوەرۆکی سزاکان بڵاونەکراونەتەوە. لەو پاکێجەدا کە هەفتەی رابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپاوە ئامادە کرا، قەدەغە خراوەتە سەر هەناردەکردنی کۆمەڵێک بەرهەم کە گوژمەکەیان زیاترە لە ١١ ملیار یۆرۆ و ئەمەش رووسیا لە چەندین بەرهەمی گرنگی تەکنەلۆجی و پیشەسازیی بێبەش دەکات هەروەها چەندین ئامێری کارەبایی، پارچەی ماتۆڕ، پارچەی یەدەگی ماتۆڕی فڕۆکەی جەنگی و بارهەڵگر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و هێلیکۆپتەریش لەنێو ئەو بەرهەمانەدان کە لە چوارچێوەی پاکێجەکەدا هەناردەکردنیان سنووردار کراوە. جێگەیباسە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە سزاکانی سەر رووسیا، وڵاتانی سێیەمیش بگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا سزا دەخرێتە سەر چەند دەزگایەکی ئێرانیش. هەروەها چەندین کەسایەتی سیاسی و سەربازیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، دەخرێنە لیستی سزادراوەکانی یەکێتی ئەورووپا و قەدەغەی گەشتکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەو کەس و دەزگایانەیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، سامانەکانیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بلۆک دەکرێت. وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ماوەی سێ رۆژ بوو گفتوگۆیان لەسەر ئەم پاکێجە دەکرد کە پەسەندکردنی پێویستی بە کۆدەنگی هەبوو، و پەسەندیان کرد.

وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی دان نا بە "ئایینی ئیبراهیمی" و ئەوەش ناڕەزایی زانایانی ئیسلامی لێدەکەوێتە و بە پیلانی ئیسرائیل وەسفی دەکەن. لەم بارەیەوه، یه‌كێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان و چه‌ند رێكخراوێكى تر ڕایانگه‌یاند، ووڵاتى ئیمارات ئاینى ئیبراهیمى كردۆته‌ ئاینى ده‌وڵه‌ت و ده‌ڵێن، ئه‌م ئاینه‌ بت په‌رستى تێكه‌ڵه‌و له‌سه‌ر داواى ئیسرائیل ئه‌مه‌كراوه‌. له‌به‌یاننامه‌یه‌كى یه‌كێتى زانیایانى جیهانى مسوڵمانان و چه‌ند رێكخراوێكى تر هاتوه‌، بنچینەی بیرۆكەی ئاینی بەناو ئیبراهیمی بەرپا دەبێت لەسەر خاڵی هاوبەش لەنێوان باوەڕی ئیسلام و باوەڕەكانی تردا، ئەمەش بیرۆكەیەكی پووچ و ناڕەوایە، چونكە ئیسلام لەسەر بناغەی یەكتاپەرستیی و بە تاك و تەنها ناساندنی خوای گەورە، لەسەر پەرستشكردن تەنها بۆ خوای گەورە دامەزراوە، بەڵام باوەڕی هاوەڵگەریی چووەتە ناو ئاینە گۆڕدراو و لادەرەكانی تر، بتپەرستییان تێكەڵ بووە،  یەكتاپەرستیی و هاوەڵگەریش دوو شتی دژ بەیەكن و كۆنابنەوە لەیەك بیرۆكەدا. باس لەوەش کراوە، ئەوەى كە دەوترێ‌ گوایا ئیبراهیم سەلامی خوای لێبێت لەسەر یەك ئاینە كە كۆكەرەوەی ئیسلام و جولەكەو مەسیحییەتە، ئەوە گوتەیەكی ناڕەوایەو باوەڕێكی خراپە. هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌، لەڕاستیدا هەوڵدان بۆ پشتگیریی لە ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام بۆ ئاساییكردنەوەو چۆكدادان، لە ڕێگای ڕەواجدان بە ئاینێكی نوێ‌ كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی سیاسیی بكات، كارێكە لە شێوەو لە بابەت و لە ناوەڕۆك بە ئەسل و فەرعیەوە ڕەتدەكرێتەوە.