مانگرتنی کرێکاران لە ئەڵمانیا، هێڵەکانی شەمەندەفەری پەکخست
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە خراپی بارودۆخی ژیانیان و کەمی کرێی هەفتانەیان، کرێکارانی هێڵی ئاسنین لە سەرانسەری ئەڵمانیا مانگرتنیان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر راگەیاند و بەوەش خزمەتگوزاری گواستنەوەی شەمەندەفەر پەکیکەوت.
مانگرتنەکە کە لەلایەن کۆمەڵەی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیاوە ڕێکخرابوو، کاتژمێر 3:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەڵمانیا تاوەکو کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی کۆتاییهات، بەڵام پێشبینیدەکرێت کاریگەری لەسەر خزمەتگوزاری شەمەندەفەر لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە هەبێت.
سەندیکای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، نزیکەی 22 هەزار و 500 کارمەندی کۆمپانیایەک لە "دۆیچە بان" بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر خزمەتگوزاری کۆمپانیای دەوڵەتی و 49 کۆمپانیای تری هێڵی ئاسنین هەبوە.
سەندیکاکە کە بە ناوی 230 هەزار کارمەندەوە دانوستان دەکات، هەوڵدەدات موچە بە ڕێژەی 12% یان لانی کەم 650 یۆرۆ (715 دۆلار) بۆ موچەی مانگانە زیاد بکات، هەروەها کۆمپانیای دۆیچە بان پێشنیاری زیادکردنی 5%ی و پارەدانی یەکجارەکی کردوە کە دەکاتە دوو هەزار و 500 یۆرۆ.
مانگرتنی کرێکارانی هێڵی ئاسن هاوکات بو لەگەڵ مانگرتن لە چوار فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا، دۆسڵدۆرف، هامبۆرگ، کۆڵن بۆن و شتوتگارت و دوای ئەوە دێت کە نزیکەی 700 گەشتی هەڵکشان بەهۆی مانگرتنی سێ فڕۆکەخانەی یەکەمی ئەڵمانی ڕۆژی پێنجشەممە هەڵوەشایەوە.